منداڵانی مووسڵ کە شاری یاریی نییە لە شارەکەیاندا، لە یاریە گەڕۆکەکاندا خۆشی جەژن بەسەردەبەن
- منداڵانی ناوچەی مووسڵی کۆن، بەھۆی نەبوونی شاری یاریی، لە رۆژانی جەژندا بەو جۆلانە، چەرخ و فەلەک، ھەڵبەز و دابەز و خلیسکێنانەی لە شەقامی فاروق لە چۆڵایی نێو بینا رووخاوەکاندا دانراون، بە دڵی خۆیان یاری دەکەن و کاتێکی خۆش بەسەر دەبەن.

Mosul
مووسڵ - AA
منداڵان لە ناوچەی کۆن بەشی راستی شاری مووسڵ سەنتەری پارێزگای نەینەوا باکووری عێراق کە ساڵانێکە ناوچەکەیان بەھۆی شەڕی دژبە داعش وێرانبووە، لە رۆژانی جەژنی رەمەزاندا و بەھۆی نەبوونی شاری یاری لە ناوچەکەیان لە شەقامەکان یاری دەکەن.
ساڵانێکی زۆرە بەھۆی شەڕەکانی دژبە داعشەوە، ناوچەی کۆنی مووسڵ وێرانبووە و تا ئێستا ژیان تیایدا ئاسایی نەبووەتەوە.
ماوەی نۆ ساڵە، ژمارەیەک کەس یاریی جۆراجۆریان تایبەت منداڵان ھێناوەتەوە ناوچەی کۆنی مووسڵ لە شەقامە گشتییەکان و لە بەردەم فڕۆشگە بازرگانییەکان دایناون بەھۆی ئەوەی شاری یاری تایبەت بە منداڵان لە ناوچەکە دروستنەکراوە کە ئەوەیش وای منداڵانی ناچارکردووە لە شەقامەکان یاری بکەن.
خاوەن ژمارەیەک یاری بە منداڵان لە ناوچەی کۆنی مووسڵ، خەلیل ساڵح ساحب لەوبارەیەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو قسەی کرد و گوتی: "ماوەی ھەشت بۆ نۆ ساڵ دەبێت، ئەم یارییەمان لە شەقامە گشتییەکان و لەبەردەم فڕۆشگاکانی بازرگانیی داناوە، چونکە ھیچ شوێنێکمان بۆ دابین نەکراوە بۆ ئەوەی یارییەکانی لێ دابنێن ببێت بە شاری یاری تایبەت بە منداڵان".
گوتیشی: "لەم رۆژانەی جەژنی رەمەزاندا، منداڵان بۆ ئەوەی کاتێکی خۆش بەسەربەن و یاری بکەن ناچارن روو لە شوێنەکەی ئێمە بکەن".
ھەر لەوبارەیەوە ئیناس رائید، کە منداڵێکی تەمەن ١١ ساڵانە کە رووی لە شوێنی یاریکردنەکە کردووە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لە بەری چەپی مووسل شاری یاریی بۆ منداڵان دانراوە، بەڵام لەبەرئەوەی زۆر دوورە ناتوانم بچم. لە ناوچەکەی ئێمەدا ھیچ شوێنێکی لەو شێوەیەی لێ نییە، لەبەرئەوە لەگەڵ ھاوڕێیانمدا دێین لێرە کاتەکانمان بە خۆشیی بەسەردەبەین"
کەسێک بە ناو عەبدوڵڵا ئیبراھیم کە بە ئەسپێک لە شوێنی یارییەکەی ناوچەی مووسڵ بوو بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "منداڵان سواری ئەسپەکەم دەکەم، چونکەھەم منداڵانی پێ دڵخۆش دەکەم و ھەم بژێوی خۆشمی پێ دابین دەکەم".
گوتیشی: "١٠ ساڵە ئەم کارە دەکەم بە تایبەتیش لە جەژنەکاندا و ھەر منداڵێک بە ٥٠٠ دینار سواری ئەسپەکەم دەکەم، منداڵَێکی زۆریش کاتێک سواری ئەسپەکەم دەبن، زۆر دڵخۆش دەبن".
باوکی یەکێک لەو منداڵانەی کە منداڵێکی ھێنابوو بۆ شوێنی یارییەکە بە ناوی سەباح ئەحمەد بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو باسی لەوەکرد لەو ساڵانەی کە شاری مووسڵ لە لایەن داعشەوە داگیرکرابوو، ئازادی لە شارەکە نەبوو و منداڵانیش بێ بەشبوون لە خۆش و شادی و گوتی: "لەئێستادا رەوشی شاری مووسڵ زۆر جیاوازە لەگەڵ سەردەمی داعشدا، چونکە ئێستا ئازادی و ئارامی ھەیە، جگە لەوەیش لەسەردەمی داعشدا بەھۆی شەڕ و بۆردومانەکانەوە، منداڵان دەترسان لە ماڵەوە بچنە دەرەوە و یاری بکەن".
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن