
As Sulaymaniyah
سلێمانی - AA
مام دەروێش لە گوندی قەرەوەیس سەربە ناحیەی قەرەھەنجیر لە پارێزگای کەرکووک، بووەتە چرایەکی ڕووناک بۆ منداڵانی گوندەکە و ماوەیەکی زۆرە منداڵان فێری بنەماکانی ئیسلام و خوێندنەوەی قورئانی پیرۆز دەکات و هاوکات بەردەوام دوعا بۆ موسڵمانانی غەززە دەکات بۆ ئەوەی لەدەست زوڵم و زۆرداریی ڕزگارییان بێت.
محەمەد عەبدوڵڵا حوسێن تەمەن ٧٨ ساڵ، ناسراو بە "مام دەروێش" بەشێکی زۆری تەمەنی خۆی تەرخانکردووە بۆ ئەوەی منداڵان فێری قورئانی پیرۆز بکات و ھەوڵدەدات بەردەوام بن لەسەر بەھاکانی برایەتی و خۆشەویستی.
مام دەروێش سەرەڕای سەختی ژیان، ھیچ کاتێک لە فێرکردنی منداڵانی گوندەکەی سارد نەبووەتەوە. چیڕۆکی ئەو لەگەڵ قورئاندا، دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی منداڵی خۆی، کاتێک لەلایەن مامۆستای گوندەکەیانەوە فێری بنەماکانی ئیسلام و خوێندنەوە قورئان دەبێت و دواتر خۆیشی دەبێتە مامۆستای منداڵانی گوندەکە.
مام دەروێش بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو باسی لە چۆنییەتی دەستپێکی فێرکردنی قورئان بە منداڵان کرد و، گوتی: "مامۆستای گوندەکەمان ناوی مامۆستا عەلی بوو، باوکی ئەیوب بوو، من پێمگوت مامۆستا فێری خوێندنی قورئانمان بکە، من خۆم قورئان دەزانم، ئەویش گوتی بڕۆ یەک دوو قوتابی پەیدا بکە، چووم دوو سێ قوتابیم پەیدا کرد و، مامۆستا عەلی وانەی بە من دەگوت و منیش بە قوتابییەکانم دەگوتەوە".
مام دەروێش بەردەوام بووە لەسەر فێربوونی خوێندنەوەی قورئان و وەک خۆی دەڵێت ژمارەی قوتابییەکانیان لەو سەردەمەدا ڕۆژ بە ڕۆژ زیادیان کردووە و، لە ماوەی ١٢ مانگدا قورئانی پیرۆزیان خەتم کردووە. لە دوای ئەوەیش بە بەردەوامی خۆی قورئانی فێری منداڵانی گوندەکەیان کردووە.
دوای ئەوەی شاڵاوەکانی ئەنفال بەسەر ناوچەکەیاندا دێت، دانیشتوانی گوندەکە بەشێکیان ئەنفال دەکرێن و بەشێکیان ئاوارە دەبن، بەڵام دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس و ئاوەدانکردنەوەی گوندەکەیان، مام دەروێش دەگەڕێتەوە و دووبارە دەست دەکاتەوە بە وانە گوتنەوە بە منداڵان..
لەو بارەیەوە مام دەروێش گوتی: "دوای ئاوەدانکردنەوەی گوند، دانیشتوانی گوندەکە گوتیان سوپاس بۆ خودا تۆ قورئان دەزانی، منداڵەکان دەنێرین بەڵکو فێری قورئان خوێندنیان بکەیت، سوپاس بۆ خودا کۆمەڵێک هاتن و زۆر بە خێرایی فێربوون".
مام دەروێش، لەگەڵ گزنگی بەیاندا لە ماڵ دەردەچێت و، مەڕوماڵاتەکەی دەبات بۆ دەشت و دەر و دەیانلەوەڕێنێت، پاشان دەگەڕێتەوە بۆ ماڵ و منداڵانی گوند لە دەوری کۆدەبنەوە و وانەی ئەو ڕۆژەیان پێدەڵێت.
ئێستا مام دەروێش وێرای فێرکردنی قورئان، منداڵەکان فێری نوێژ و بنەماکانی ئایینی ئیسلام دەکات، لەگەڵ ئەوەشدا ھەوڵدەدات بەردەوام برایەتی و خۆشەویستییان لە دڵدا بچێنێت و ھانیان بدات ڕێز لە یەکتر بگرن.
مام دەروێش وانەکانی قورئان لەسەر دوو سەکۆی کۆنکرێتی سادە دەڵێتەوە کە لەلایەن خێرخوازانەوە دروستکراون.
لەو بارەیەوە مام دەروێش گوتی: "چەند کەسێکی خێرخواز ھاتن و گوتیان شوێنەکەتان گونجاو نییە بۆ قورئان خوێندن، لەبەرئەوە دوو سەکۆیان بۆ دروست کردین".
مام دەروێش ڕۆژانە سەرلەبەیانیان، پێش ئەوەی دەست بە وانە گوتنەوە بە منداڵان بکات، ئەرکی شوانی مەڕوماڵاتیش بەڕێوەدەبات و ئاو بۆ درەختەکانی دەوروبەری گوندەکەیان دەبات و دەیانپارێزێت لە وشکبوون، چونکە باوەڕی وایە پاراستنی ژینگە و ئاوەدانی، کارێکی خێر و چاکەیە.
مام دەروێش وەک خۆی باسی دەکات هەردەم دڵی لای خوشک و برایانی غەززەیە و، بەردەوام دوعایان بۆ دەکات، تا ڕزگاریان ببێت لە دەست ستەمکاران.