لە پێشوازی مانگی رەمەزاندا
- لەگەڵ نزیکبوونەوەی مانگی رەمەزان، موسوڵمانان خۆیان ئامادە دەکەن بۆ ئەوەی لەو مانگەدا بەرۆژووبن و دەستکراوەبن بەرامبەر بە یارمەتیدانی خەڵکی هەژار و ئەو مانگە دەکەنە هۆکارێک بۆ ئاشتبوونەوە و لێبووردەیی.
هەولێر
سەرۆکی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستان، ئاماژە بەوە دەکات کە مانگی رەمەزان کەڕنەڤاڵێکە لە نوێکردنەوەی بەڵێن و پەیمان لەگەڵ خوای گەورە و پێی وایە لەم مانگەدا خێر و سەدەقە زۆر دەبێت لەلایەن موسوڵمانانەوە.
سەرۆکی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستان، عەبدوڵڵا وەیسی لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "مانگی رەمەزان وەکو کەڕنەڤاڵێک لە نوێنکردنەوەی بەڵێن و پەیمان لەگەڵ خوای گەورە نیشان دەدرێت، لەگەڵ ئەوەشدا بابەتی خێر و چاکە و سەدەقە لەم مانگەدا باشتر نیشان دەدرێت، هەموو ئەوانەش بریتین لەوەی کە مانگی رەمەزان وێڕای ئەوەی کە ئەرکێکی ئایینییە، لەهەمانکاتدا نوێبوونەوەی ناخی مرۆڤە بۆ ئەوەی ئەو پەیوەندییەی لەگەڵ خوای گەورە بەهێزتر بکات کە پێش مانگی رەمەزان هەیبووە".
سەرۆکی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستان ئاماژە بەوەش دەکات کە مانگی رەمەزان جگە لە لایەنە ئایینییەکە، ئەوا لەرووی تەندروستیشەوە گرنگی تایبەتی خۆی هەیە و هۆکارێکیشە بۆ ئاشتەوایی و لێبوردەیی.
سەرۆکی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستان، عەبدوڵڵا وەیسی گوتیشی: "مانگی رەمەزان وێڕای ئەوەی بریتییە لە جێبەجێکردنی یەکێک لە روکنەکانی ئایینی پیرۆزی ئیسلام، لە رووی تەندروستیشەوە سوود بە مرۆڤ دەگەیەنێت، هەروەها لە بواری ئاشتەوایی کۆمەڵایەتیش سوودی زۆرە و ئەو کەسەی بەرۆژوو دەبێت هەست دەکات کە یەک مانگ نەخواردن و نەخواردنەوە چۆنە و خەڵکێک هەیە بە درێژایی ساڵ ئەوە حاڵیەتی و ئەمەش وا دەکات کە خێر و چاکە و سەدەقە زۆربێت".
سەرۆکی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستان، حیکمەتەکانی مانگی رەمەزانی لە چەند خاڵێکدا کۆکردەوە کە بریتیی بوون لە بەهێزبوونی تەندروستی، پتەوتر کردنی پەیوەندییەکان و بەهێزترکردنی گیانی لێبووردەیی و پێکەوەژیان و لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: "بەرۆژووبوون لە رووی تەندروستییەوە نوێبوونەوە بەخۆیەوە دەبینێت و لە رووی کۆمەڵایەتیشەوە پەیوەندییەکان پتەوتر دەکات و گیانی لێبووردەیی و پێکەوەژیان بەهێزتر دەکات و ئەمەش جۆرێکە لەو حیکمەتانەی کە خوای گەورە پێمان دەبەخشێت".
سەبارەت بە پاساوەکانی بەرۆژوونەبوون و فەتوای لێژنەی باڵا لە یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستان، عەبدوڵڵا وەیسی گوتی: "وەک ساڵانی پێشوو، ئێمە جەخت لەسەر چەند رێنماییەک دەکەینەوە بۆ ئەوانەی پاساوێکی شەرعییان هەبێت یان دکتۆرێکی پسپۆڕ رێگا بدات کە بەرۆژوونەبن یان نەخۆشییەکی درێژخایەنییان هەبێت یان ئەو کرێکارانەی کە رۆژانە کار دەکەن و ماندوودەبن ئەوا دەتوانن بەرۆژوونەبن و دواتر رۆژووەکان بگرنەوە، ئەو کەسەش کە نەخۆشییەکانی درێژخایەن بێت و نەتوانێت رۆژووەکان بگرێتەوە ئەوا دەبێت فدیە بدات".
مەلا عەبدولڵا وەیسی گوتیشی: "ئەو پێشمەرگانەی لەبەرەکانی جەنگ دژی تیرۆریستان دەجەنگن، ئەوا دەتوانن بەرۆژوونەبن، بەڵام دەبێت دواتر رۆژووەکان بگرنەوە".
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
