لە سەردەمی کۆرۆناشدا دیاربەکرییەکان واز لە قەتایف و کەبابی جگەر ناهێنن
- بە هۆی سنووردارکردنی هاتوچۆ لە دیاربەکر دانیشتوانی شارەکە رۆژانی کۆتایی هەفتە لە ماڵەکانیاندا دەمێننەوە و کەبابی جگەر و قەتایف هەڵدەبژێرن بۆسەر سفرەکانیان.

Diyarbakir
دیاربەکر - AA
بەهۆی سنووردارکردنی هاتوچۆ لە دیاربەکر کە لە چوارچێوەی رێوشوێنەکانی دژبە پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ گیراوەتەبەر دانیشتوانی شارەکە رۆژانی کۆتایی هەفتە لە ماڵەکانیاندا دەمێننەوە و کەبابی جگەر و قەتایف هەڵدەبژێرن بۆسەر سفرەکانیان.
شارەکە کە خاوەنی کولتووری چێشتخانەیەکی دەوڵەمەندە لە خواردن و شیرینی کە یەک لە یەکتری بەتامترن، لەو رۆژانەشی هاتوچۆ تیایاندا سنووردار کراوە، هاووڵاتییان واز ناهێنن لە شیرینی قەتایف و کەبابی جگەری شارەکەیان.
هاووڵاتییان بە تەلەفۆن داوای قەتایف و کەبابی جگەر دەکەن و لە رێگەی دیلیڤەرییەوە بەدەستان دەگات.
سەرۆکی دەستەی ئیدارەی شیرینخانەی هاجیبابا، یڵماز ئەلالدی لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو راگەیاند کە لەبەر رێوشوێنەکانی دژبە کۆرۆنا کە بەهۆی پەتای کۆرۆناوە گیراونەتەبەر لە رێگەی دیلیڤەرییەوە بەردەوامن لەسەر خزمەتکردنی هاووڵاتییان.
یڵماز ئەلالدی باسی لەوە کرد کە داخوازیەکان بەزۆری لەسەر قەتایف و پاقلاوەی ساردە و گوتی: ''کاتێک باس لە دیاربەکر دەکرێت، یەکەم شت یان جگەر یان شیرینی دێت بە خەیاڵدا. سوپاس بۆ خوا تیمە چالاکەکەمان هەرکاتێک داواکاری دێت زۆر بەخێرایی هەوڵی گەیشتن دەدەن بە ناونیشانەکان. تەنانەت لە سەردەمێکی لەم شێوەیەشدا، فرۆشی رۆژانەمان نزیکەی یەک تۆن و ٣٠٠ کیلۆگرامە. سوپاس بۆ خوا کارەکەمان کەمی نەکردووە. هەوڵدەدەین کارەکەمان بەشێوەیەکی شیاو ئەنجام بدەین''.
ناوبراو ئاماژەی بەوەیشکرد کە لە رێگەی پاسەوە بەرهەمەکانیان رەوانەی هەموو شوێنێکی تورکیا دەکەن.
وەستای کەبابی جگەر، یەحیا ئاکیوز باسی لەوە کرد کە بەهۆی پەتاکەوە ناتوانن لە شوێن کارەکانیاندا پێشوازی لە کڕیارەکانیان بکەن، بەڵام لە رێگەی دلیڤەرییەوە خواردن رەوانەی دوکان، هۆتێل و ماڵەکان دەکەن.
یەحیا ئاکیوز ئاماژەی بەوەکرد کە جۆرێتی خۆراک لە چێشتخانەی دیاربەکردا زۆرە و زۆرترین داخوازی لەسەر کەبابی جگەرە و گوتی: ''رۆژانە کەباب بە جگەری نوێی بەرخ دروست دەکەین، لەبەرئەوە زۆر بەتامە''.
گوتیشی: ''کڕیارەکانمان لە ماڵەکانیانەوە داوای خواردن دەکەن. پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ کاریگەری لەسەر فرۆشمان دروست نەکردووە. رۆژانە نزیکەی ٣٠٠ کیلۆگرام جگەر بەکاردەبەین. بەیانیان کاتژمێر نۆ دوکان دەکەینەوە و دەست دەکرێت بە تەلەفۆنکردن بۆمان. داواکاری دێت. هەتا ئێوارە کاتژمێر نۆ بەو شێوەیەیە. سەرەڕای پەتاکە دیاربەکرییەکان واز لە جگەر ناهێنن''.
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن