ژيان, عێراق

فڕۆکەیەکی ئەمریکایی هاوکاریی گەیاندە پەنابەران لە هەرێمی کوردستان

موسا ئەحمەد: "پێداویستییەکان زستانەن وەک پێڵاو و جلوبەرگ و هەندێک پێداویستی دیکەی ناو خێوەتەکان، هەوڵ دەدەین لە کوێ پێویست بێت لەوێ هاوکارییان بکەین، بێگومان ئەولەویەت بۆ ئەوانەیە کە لە کەمپی بەردەرەش و گەویلان نیشتەجێبوون".

Heman Hussein Yaseen   | 11.11.2019
فڕۆکەیەکی ئەمریکایی هاوکاریی گەیاندە پەنابەران لە هەرێمی کوردستان

Arbil

هەولێر - AA

فڕۆکەیەکی تایبەتی رێکخراوی سەمیرتان پێرس لە ئەمریکاوە ژمارەیەک هاوکاری و کۆمەکی گەیاندە هەولێر و بڕیارە لەلایەن دەزگای خێرخوازی بارزانی بەسەر ئەو پەنابەرانە دابەش بکرێت کە لە سووریاوە هاتوونەتە هەرێمی کوردستان و سەرۆکی دەزگای خێرخوازی بارزانی موسا ئەحمەد رایدەگەیەنێت کە پێشینە بۆ ئەو پەنابەرانەیە کە تازە هاتوونەیە کەمپەکانی هەرێمی کوردستان.

فڕۆکەکە کاتژمێر ١ گەیشتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و کۆمەک و هاوکارییەکان رادەستی دەزگای خێرخوازی بارزانی کرا و سەرۆکی دەزگای خێرخوازی بارزانی موسا ئەحمەد لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەو هاوکارییانە کاروانی یەکەم نابێت و بەردەوام دەبێت، پێداویستییەکان زستانەن وەک پێڵاو و جلوبەرگ و هەندێک پێداویستی دیکەی ناو خێوەتەکان، هەوڵ دەدەین لە کوێ پێویست بێت لەوێ هاوکارییان بکەین، بێگومان ئەولەویەت بۆ ئەوانەیە کە لە کەمپی بەردەرەش و گەویلان نیشتەجێبوون".

موسا ئەحمەد گوتیشی: "هەوڵ دەدەین لە کاتێکی نزیکدا دابەشی بکەین، هەروەک سەرۆکوەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش لەمیانی سەردانەکەیدا بۆ کەمپی بەردەڕەش، دووپاتیکردەوە کە وەرزی زستانە و پێویستە زیاتر ئاوڕ لە ئاوارە و پەنابەران بدرێتەوە، هەوڵیش دەدەین کە رێکخراوەکان و خەڵکی خۆمان زیاتر هاوکاری ئاوارە و پەنابەرانەکان بکەن".

رۆژی شەممەی رابردوو، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی سەردانی کەمپی بەردەڕەشی لە سنووری پارێزگای دهۆک کرد و لە نزیکەوە لە رەوشی پەنابەرانی کۆڵییەوە و رایگەیاند کە هەرچی لە توانای حکوومەتی هەرێمدا هەبێت بۆیان دەکەن.

بەهۆی بارودۆخی ئەم دواییەی سووریا ژمارەیەک پەنابەر هاتوونەتە هەرێمی کوردستان و لە کەمپەکانی بەردەڕەش و گەویلان نیشتەجێن.

ماڵپەری ئاژانسی ئانادۆڵۆ، بەشێک لەم هەواڵە ئابۆنانەی کە بڵاوکراوەتەوە لە لیستی هەواڵەکانی ئاژانسی ئانادۆڵۆ، کورت و پوخت دەکرێت ئینجا بڵاودەکرێتەوە، بۆ ئابۆنەوە کردن تکایە پەیوەندی بکەن.
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın