
As Sulaymaniyah
سلێمانی - AA
پارێزگای هەڵەبجە کە بەدووری ٨٣ کم دەکەوێتە باشووری ڕۆژھەڵاتی شاری سلێمانییەوە، ڕووبەرەکەی ١٥٩٩کیلۆمەتری چوارگۆشەیە، لە باکووری ڕۆژھەڵات و باشوورەوە، بە چیاکانی ھەورامان و شنروێ و باڵامبۆ دەورەدراوە. بەدرێژایی ٧٥ کیلۆمەتر ھاوسنوورە لەگەڵ ئێراندا.
لەم شارەدا هەر لەکۆنەوە ژن ڕۆڵێکی تەواو کاریگەری هەبووە لەجومگە هەستیارەکانی دەسەڵاتدا، عادیلە خانم نموونەی یەکێکە لەو ژنانەی کە لە ساڵانی ١٨٩٥-١٩٢٤ لە ناوچەی هەڵەبجە و دەوروبەری دەسەڵاتێکی تەواو فراوانی هەبووە. ئینگلیزەکان پێیان وتووە شاژنی بێتاجی شارەزوور.
خاتوو عادیلە خانم (١٨٥٩-١٩٢٤) ئافرەتی دەسەڵاتدار و کارگێری ھۆزی جاف و ھاوسەری عوسمان پاشای جاف و کچی عەبدولقادر بەگی ساحێبقڕان و دایکی ئەحمەد موختار بەگی جاف و تاھیر بەگی جاف دوو شاعیری ناودار بووە.
عادیلە خانم لەدوای ١٩٠٥ کە هاوسەرەکەی عوسمان پاشا کۆچی دوایی دەکات، ھەموو کاروباری ھۆزی جاف بەڕێوە دەبات و ناوبانگی لە ھەموو ناوچەی شارەزوور و ھەورامان و شوێنەکانی دیکەی هەرێمی کوردستانی عێراق بڵاو دەبێتەوە و ڕێزێکی زۆری لە ناو خێڵەکانی شارە کوردنشینەکانی ئێراندا دەبێ و فەرمانەکانی جێبەجێ دەکرێت. ئەو بەندیخانەی تایبەتی دروست کردبوو بۆ بەند کردنی ئەو تاوانبارانەی کە فەرمانی بەسەردا دەدان.
عادیلە خانم زۆر حەزی بە ئاوەدانی و پێشخستنی زانست و خوێندەواری کردووە. قوتابخانە و بازاڕێک و چەندین باڵەخانەی گەورەی لە ھەڵەبجە بنیات ناوە و هەڵەبجەی لە گوندێکی بچووکەوە کرد بە شارێکی ئاوەدان و گەلێک باخ و سەیرانگای جوان و دڵگیری تێدا دروست کرد.
لە ئێستاداو لەسەر هەمان رێچکە، پارێزگای هەڵەبجە بۆتە جێی نیشاندانی دەسەڵاتی ژنان بەجۆرێک هەریەک لە پێگە گرنگەکانی پارێزگاکە لە قائیمقام، سەرۆکی شارەوانی، سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجە ئافرەتن.
-عادیلە خانمی نوێی هەڵەبجە 'نوخشە ناسح'
کاتێک خۆت دەکەیت بەنێو بینای قائیمقامیەتی قەزای هەڵەبجەدا، هەیمەنەیی ئافرەتێک دەبینی باڵی کێشاوە بەسەر کارمەندەکاندا، شێوازی سڵاوی پرۆتۆکۆڵی لە کارمەندانی پۆلیس، رایی کردنی کارەکانی رۆژانەی خەڵکی شارەکە، توندی لە هەڵوێستدا، نەرمی لە مامەڵەدا، خەسڵەتی قائیمقامی هەڵەبجە نوخشە ناسح ئەحمەدە.
قائیمقامی هەڵەبەجە نوخشە ناسح ئەحمەد یەکێکە لەو ژنانەی جێدەستیان لە شارەکەدا دیارە، پێشتر ٧ ساڵ بەڕێوەبەری ناحیەی بیارەبوو، بۆ ماوەی ١١ ساڵ لە بەرێوەبەرێتی ئاسایشی گشتیدابووە و دواجار پلەی ئەفسەری وەرگرتووە لەو بەڕێوەبەرێتیە.
ئاژانسی ئانادۆڵو چوویە ناو وردەکاری ژیانی نوخشە ناسح تاکو نهێنی سەرکەوتنەکانی ژنێک بزانێت لە پلە جیاجیاکانی دەسەڵاتدا.
کاتێک دەچیتە ژوورەکەی لە قائیمقامیەت، وێنەیەکی کێشراوی تێکەڵەی عادیلەخانم و نوخشە ناسح سەرنجت رادەکێشێت، ئایا کاراکتەری عادیلە خانم خۆی لە نوخشەدا بەرجەستە کردۆتەوە؟
لەژوورەکەی سەرقاڵی رایی کردنی کارە رۆتینییەکانی هاووڵاتیانی شارەکەیە کە دێنە لای. ئەو بەدەم سەرقاڵییەوە هەوڵی دا ئەوە نیشان بدات کە بەڵێ ئافرەانیش هاوشانی پیاوان دەتوانن دەستبدەنە کارە سەختەکان و رۆڵی سەرەکیان هەبێت لە کایەکانی دەسەڵاتدا.
- بۆچی ژن لەهەڵەبجە خاوەن پێگەی ئیدارین؟
نوخشە ناسح هۆکاری سەرەکی رۆڵی ئافرەت لە ئێستادا لەنێو کایەکانی دەسەڵات لە هەڵەبجە دەگەڕێنێتەوە بۆ دوو فاکتەر و دەڵێت: ''
١.ژنانی هەڵەبجە لەکۆنەوە جێی متمانەبوون، لەشوێنی بڕیارداندابوون، نموونەی سەرەکیش بۆ ئەمە عادیلە خانم بووە کە سەد ساڵ پێش ئێستا حاکمی سیاسی بووە لە شاری هەڵەبجە کە ئەو کاتە قەزا بووە. هاوکات حاکمی ئیداریش بووە. چەندین دانیشتنی هەبووە لەگەڵ ئینگلیزەکاندا کە ئەمە بۆ ئەو سەردەمە و سەد ساڵ لەمەوبەر، مێژووییەکە وا لە ئێمە دەکات کە بزانین پێشینەیەکی لەوچەشنەمان هەیە، تاکو ئێمەش ئێستا وەک ژنانی هەڵەبجە بتوانین بێینە پێشەوە.
٢.یەکێکی تر لەو فاکتەرانەی وای کردووە ئافرەت شانبەشانی پیاوان بتوانن لە نێو جومگەکانی دەسەڵاتدا کار بکەن، پیاوانی هەڵەبجەن کەقسەی ژنیان بە هەند وەرگرتووە، کاتی خۆی باووباپیرانمان بۆمان دەگێڕنەوە کە لە سەردەمی کۆندا ئەنجومەنی شورای شار هەبووە لەناوچەی هەورامان ژنی تێدابووە کە لەسەردەمانێکی زۆر زۆر کۆندا هەبووە، ئەمە تێمان دەگەیەنێت کە ژن هەمیشە پێگەی خۆی هەبووە لە سنووری پارێزگای هەڵەبجەو هەورامان و شارەزووردا".
هەروەک نوخشە ناسح ئاماژە بەوە دەکات کە ئەوە رۆڵی سەرکۆمار پێشووی عێراق مام جەلال و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بووە کە رۆڵێکی گەورەیان هەبووە لە بردنە پێشەوەی ژنان لە کایەی سیاسی و ئیدارییدا لە سنووری ئیدارەکەدا.
نوخشە ناسح پێی وایە هەرچەندە هەڵەبجە بە فۆرمێکی موحافیزکارانە ناسراوە و خەڵکەکەی توانیویانە کولتووری ئایینی ئیسلام بپارێزن، بەڵام ئەمە نەبۆتە هۆی ئەوەی رێگری بۆ ئافرەتان دروست بکرێت لەرووی تێکەڵیان بە کایەی سیاسیی و حوکمڕانی لە پارێزگاکەدا.
-ژیانی رۆژانەی نوخشە ناسح بەدەرلە کارەکەی
نوخشە ناسح هاوسەرگیری کردووە وهاوسەرکەی فەرمانبەرە. خاوەنی دوو منداڵە بەناوەکانی نما و نوا لە پۆلەکانی ١١ و ١٢. نوخشە دوای دەوامی لە قائیمقامیەت لەسەعات ٦ دەچێتە ماڵەوە و ئەو کاتەی کەماوێتی لەگەڵ خێزانەکەی بەسەری دەبات.
نوخشە نایشارێتەوە کە نەیتوانیوە وەک و دایکانی تر کات بۆ منداڵەکانی تەرخان بکات، بەڵام تا ئەو رادەیەی توانیبێتی هەوڵی داوە هاوسەنگی دروست بکات لەنێوان کارەکەی و ژیانی تایبەتی ماڵەوەیدا.
ئەوەی پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو بەدی کرد ئەوەیە کە نوخشە لەکاتی دروستکردنی خواردندا پەنجەیەکی خۆی زامدار کردبوو، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە جگە لە کارەکەی خۆی وەک قائیمقام سەرقاڵی لێنانی خواردن و کاری رۆتینی هەر ژنێکی تری ئاساییە، ئەمە لەکاتێکدایە کە نایشارێتەوە هاوسەرەکەی یارمەتی دەدات لە کاروباری خێزانی لەماڵەوە و دەڵێت:
''بێگومان لەماڵەوە ئەگەر بوار هەبێت، خواردن دروست دەکەم، ماڵ پاک دەکەمەوە، میوانداری دەکەم دەچمە میوانی، من سەرەڕای کارەکەم چۆن خزمەتی هاووڵاتیان دەکەم، لەماڵیشەوە ئەرکەکانی خۆم وەک دایکێک و هاوسەرێک جێبەجێ دەکەم ئەو کاتانەی هەمبێت لەگەڵیاندا دەبم. بەڵام بەهۆی ئەوەی کارەکەم قورسە، بێگومان کەمتەرخەمیم هەبووە لە رووی خزمەت کردنی ماڵەوە، هەوڵم داوە هاوسەنگی رابگرم، زۆر جار پێشبرکێ دەکەم لەگەڵ کاتدا، هەوڵدەدەم بتوانم لەو پێشبرکێیەدا هاوسەنگی رابگرم لەنێوان کارەکەم و ماڵەوەمدا''.
نوخشە ناسح تاکە سەرچاوەی ئەو سەرکەوتنەی لە ژیانی خێزانی و ئەرکەکەیدا وەک قائیمقام بۆ خۆشەویستی دەگێڕێتەوە و دەڵێت، ''من کارەکەی خۆمم خۆشدەوێت، بێگومان ماڵ و هاوسەر و منداڵەکانمم زۆر خۆش دەوێت، بۆیە هەوڵ دەدەیت لەخزمەتی هەردوو ئەرکەکەتدابیت و هاوسەنگی رادەگریت. بەڵام لەسەدا سەد ناتوانیت وەک پێویست ئەو هاوسەنگییە رابگریت. بەس هەوڵی بۆ دەدەیت".
ئاژانسی ئانادۆڵو بەدواداچونی کرد بۆ کارەکانی نوخشە ناسح کە پێشتر وەک بەرێوەبەری ناحیەی بیارە دەستبەکاربووە، بەڕێککەوت تیمی ئاژانسەکەمان لە ناوچەی بەڵخەی سەر بە هەورامان رووی کردە رێستۆرانتێک بۆ خواردنی نانی نیوڕۆ، لەوێ وەستا سامان خاوەنی چێشتخانەی سامان و هاوڵاتی ناوچەکەی دواند، وەستا سامان ئاماژەی بەوەدا کە بەدرێژایی چەندین ساڵ، ناحیەی بیارە کەسایەتی وەک نوخشە خانی بەخۆیەوە نەبینیوە و دەڵێت،" ئەو کەسێک بوو بەردەوام لە کێشەو کەموکورتیەکانمانی دەکۆڵیەوە، بەردەوام لەنێو گەنجاندابوو، تاکو بزانێت چی داواکاریەکیان هەیە."
(بەردەوام دەبێت)