سەیرانگای گۆڵێ بە هەر چوار وەرزەکە گەشتیار رووی تێدەکەن
گۆڵێ گوندێکە، کەوتووەتە ناحیەی گەرمک لەقەزای پێنجوێن سەر بە پارێزگای سلێمانی، لە باکوور ھاوسنوورە لەگەڵ گوندی پاش بەرد و لە باشوور لەگەڵ گوندی بەھێ، گەرمک و لە ڕۆژھەڵات لەگەڵ گوندی بێماوای کۆن و لە ڕۆژاوا لەگەڵ گوندی قۆخی شاوڵێ.

As Sulaymaniyah
پێنجوێن - AA
گۆڵێ گوندێکە، کەوتووەتە ناحیەی گەرمک لەقەزای پێنجوێن سەر بە پارێزگای سلێمانی، لە باکوور ھاوسنوورە لەگەڵ گوندی پاش بەرد و لە باشوور لەگەڵ گوندی بەھێ، گەرمک و لە ڕۆژھەڵات لەگەڵ گوندی بێماوای کۆن و لە ڕۆژاوا لەگەڵ گوندی قۆخی شاوڵێ.
بە قەدپاڵی ئەو شاخەی گوندەوارەکانی لێ گیرساونەتەوە، سەیرانگایەک هەیە کە بە هەوڵی خەڵکی گوندەکە، کراوەتە ناوچەیەکی گەشتیاریی و هەر چوار وەرزی ساڵ لە ناوچەکانی تری هەرێم و ناوەڕاست و خوارووی عێراقەوە گەشتیار سەردانی دەکەن.
سنووری پێنجوێن لەگەڵ ئەوەی بە ناوچەیەکی سەختی کەشەوهەوا ناسراوەو پلەکانی گەرما لە وەرزی زستاندا دەگەنە ١٦ پلە خوار سفر، بەڵام گەشتیار لەم بەشەی ناوچەکە کە بە سەیرانگای گۆڵێ ناسراوە بەردەوام باوەشی کردۆتەوە بۆ گەشتیاران .
سەیرانگای گۆڵێ پێکهاتووە لە چەند سەرچاوەیەکی کانیاوی ئاو لەگەڵ چەمێکدا کە لە شاخەکانەوە دێنە خوار و بە دیمەنێکی سەوزایی دا دەرژێنە نێو گۆلێکەوەو سیحری جوانی ناوچەکە سەرجەم ئەو گەشتیارانە رادەکێشێت بۆ خۆی کە سەردانی دەکەن و ئەمەش وا دەکات بە یەکجار گەشت کردن بۆی، دڵیان ئاو نەخواتەوە.
لەهاویندا گەشتیاران مەلە لە چەمەکەدا دەکەن، بە زستانانیش دیمەنی بەستنی ئاوی کانیەکان، دروست بوونی چلورە بە قەدپاڵی شاخەکدا تابڵۆیەکی سحراوی دەکێشێت.
ئاریان عەلی حەمە ئەمین خوێندکاری پۆلی ١٢یەو خەڵکی پێنجوێنەو تەمەنی ٢٠ ساڵە، ئەو خوێندکارە کە حەز دەکات لە داهاتوودا کۆلێژی بازرگانی وەریبگرێت، باس لەوە دەکات کە بۆئەوەی پشوو وەربگرێت لەسەر خوێندن، ناوبەناو دەچێتە سەیرانگای گۆڵێ و دەڵێت: "خەڵک زۆر سەردانی سەیرانگای گۆڵێ دەکەن، بەڵام بە زستانان کەمتر خەڵک دەمێننەوە تێیدا، تەنیا بۆ چەند سەعاتێک دێن و دەڕۆن. بەڵام لە بەهاراندا خەڵک دەمێننەوەو کاتێکی خۆش بەسەر دەبەن. لەئێستادا کە وەرزی زستانە پلەکانی گەرمان دادەبەزيون بۆ ژێر سفر".
ئاریان باس لەوە دەکات کە شوێنەکانی نێو سەیرانگای گۆڵێ بەرفراوانە خەڵکی ناوچەکە خۆیان دروستیان کردووە و ئاماژە بەوە دەکات ئاوێکی گەڕاوەی لێیە کە تا ڕادەیەک بە زستانان گەرمە خەڵک دێن خۆیان دەخەنە نێو حەوزەکەوە کە لەچواردەوری کانیەکە دروست کراوەو بڕوایان وایە کە بۆ تەندروستی باشە.
فریاد ئەحمەد یەکێکی ترە لەو جوتیارە گەنجانەی ناوچەکە ئاماژە بەوە دەکات بۆ سێ مانگە نەیتوانیوە سەردانی گۆڵێ بکات، بەڵام هەرکاتێک بواری بۆ بڕەخسێت، خۆی دەگەیەنێتە چەمی گۆڵێ.
فریاد دەڵێت، "من هاوینان هەفتەی دوو بۆ سێ جار دێمە گۆڵێ، بەڵام بە زستانان کەمتر، گەشتیارێکی زۆر لە ناوچەکانی هەولێر، دهۆک، سلێمانی، بەغدا دێنە سەیرانگاکە و دەمێننەوە".
سەبارەت بە ئاوی گەرمی کانیەکە، فریاد ئاماژە بەوە دەکات کە خەڵک دێن بۆ ئەوەی خۆیان بخەنە نێو ئاوەکەو دەڵێت: "خەڵک لەوبڕوایەدایە ئاوەکەی شیفایە بۆی، خۆیانی تێدەخەن، هەندێکیان ئاوەکەی دەبەنەوەو لێی دەخۆن وەک شیفا.پلەی گەرمی ئاوەکە لە زستاندا دەگاتە ٢٠ پلە لەکاتێکدا کەشو هەوای ناوچەکە لە زستاندا دەگاتە ژێر سفر.''