ژيان, عێراق

سمۆرەیەک دەبێتە هاوەڵی نزیکی هەورامییەکان

هاوەڵی سمۆرەیەک لە هەورامان، ساسان دڵشاد: "لەگەڵ باوکم چووین بۆ باخەکە بۆ شارۆ لە ئاوێسەر، لەوێ بینیمان شتێک کە سەرەتا وامان دەزانی بەچکەی مشکە، کەوتووە لە زەویەکەدا، هەڵمگرتەوە و بردمە ماڵەوە، برینداربوو. لە ماڵەوە بۆمان دەرکەوت بەچکەی سمۆرەیە".

Rewa Mahmood Hasan  | 14.12.2022 - نوێکردنەوە : 05.04.2023
سمۆرەیەک دەبێتە هاوەڵی نزیکی هەورامییەکان

As Sulaymaniyah

سلێمانی - AA رەوا مەحمود

سمۆرە لە کولتووری ناوچەی هەوراماندا بە دوژمن ناوی دەرکردووە، چونکە خواردنی لەسەر تاکە بەرهەمی ناوچەی هەورامانە کە ئەویش گوێزە، سمۆرە بۆ ئەوەی وەرزی زستان خۆی بژێنێت، وەک هەر گیاندارێکی تری کێوی لە وەرزەکانی دیکەدا، سەرقاڵی کۆکردنەوەی بەرهەمی خۆراکییەتی، تاوەکو لە وەرزی زستانی سەخت، بێ بەرهەم و خۆراکدا پێی بژی.

چیرۆکی ئەم جارە تەواو جیاوازە لە هەورامان، ئێستا منداڵێکی هەورامی سمۆرەی کردۆتە دۆستی مرۆڤ و پێکەوە وەک ئەندامێکی خێزانەکە دەژین.

"سمە" ناوی ئەو سمۆرە سێ ساڵەیە لە رەگەزی مێ کە لە ماڵێکی دووری سەر سنوور لەگەڵ هاوەڵەکەیدا، بەناوی ساسان-ەوە دەژی لە گوندی تەوێڵە سەربە ناحیەی بیارە.

وەک ساسان باسی لێوەدەکات سێ ساڵ لەمەوبەر لەگەڵ باوکیدا دەچن بۆ شارۆ (رنینی گوێز دوای تەکاندنی) لەنێو باخە گوێزەکەیان لە ناوچەی ئاوێسەر کە خاڵی سفری سنوورییە لەگەڵ ئێران، لەوێدا ساسان دیقەتی بەچکە گیاندارێک دەدات کە لەنێو گەڵای وەریوی گوێزەکاندا ون بووبوو.

ساسان بەم شێوەیە باسی چیرۆکی دۆزینەوەی "سمە" دەکات بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو و دەڵێت،''لەگەڵ باوکم چووین بۆ باخەکە بۆ شارۆ لە ئاوێسەر، لەوێ بینیمان شتێک کە سەرەتا وامان دەزانی بەچکەی مشکە، کەوتووە لە زەویەکەدا، هەڵمگرتەوە و بردمە ماڵەوە، برینداربوو. لە ماڵەوە بۆمان دەرکەوت بەچکەی سمۆرەیە''.

ساسان دڵشاد کە تەمەنی ١٤ ساڵە و ئێستا خوێندکاری قۆناغی هەشتی بنەڕەتییە لە گوندێ تەوێڵە سەربە ناحیەی بیارە لە پارێزگای هەڵەبجە دەژی.

ئەو رۆژانە یاری لەگەڵ سمۆرەکەیدا دەکات و زۆربەی کاتەکانی لەگەڵ "سمە"دا بەسەر دەبات، بەشێوەیەک کە لەنێو هەموو شار و گوندەکاندا دەنگی داوەتەوە، ئەویش دوای ئەوەی کە چەند گرتە ڤیدیۆییەک لە تۆڕی کۆمەڵایەتی بڵاو بوویەوە، کاتێک سمۆرەیەک لە دەنگی خاوەنەکەی تێدەگات و بەقسەی دەکات بەشێوەیەک کە لە زۆربەی قسەکانی ساسان تێدەگات کە بەشێوەزاری هەورامی سەربە دیالێکتی گۆرانی ئاخاوتن دەکات، بەجۆرێک کاتێک پێی دەڵێت 'خۆت بخەرە سەر لای راست بۆ ئەوەی لەشت بخورێنم'، "سمە" بەقسەی دەکات و خۆی دەکات لای راست و چاوەڕوان دەکات بەشی لای راستی بۆ بخورێنێت.

ساسان بەم شێوەیە باس لە سەرەتاکانی راهێنانی "سمە" دەکات بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو و گوتی: ''لەسەرەتادا بوو کە هێنابوومە ماڵەوە و کەمێک گەورەتر بوو، رۆژێکیان گرتبووم بەدەستمەوە و پێم گوت سمە دەستت بێنە باماچی بکەم، سەیردەکەم دەستی هێنا، پاشان بۆم دەرکەوت دەتوانم راهێنانی تری پێ بکەم و رۆژ بەڕۆژ شتی تازەم فێردەکرد و ئێستا بۆ زۆر شت لێم تێدەگات و بەقسەم دەکات".

"سمە" بەجۆرێک مامەڵە دەکات کە ساسان وەک تاکە هاوەڵی دەبینێت و جگە لەو بەقسەی کەس ناکات و بگرە هەندێک جار بۆ ئەوەی ساسان بپارێزێت، هێرش دەباتە سەر کەسانی نەناس، وەک ئەوەی بەسەر پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵودا هات و چەندین جار هەوڵی هێرشکردنە سەر و گازلێگرتنی کامێرا و پەیامنێری دەدا و تەنیا بەگوتەی ساسان هێور دەبوویەوە و دەستبەرداری گازلێگرتن دەبوویەوە.

ساسان دەڵێت ''زۆر جار سمە کە کەسێکی نەناس دەبینێت لەگەڵمدا، هەوڵ دەدات خۆی هەڵبداتە باوەشی و گازی لێبگرێت و هێرشی بۆ بەرێت، چونکە وادەزانێت زیان بەمن دەگەیەنێت، بۆیە بەڕای خۆی بەم شێوەیە هەوڵی پاراستنی من دەدات، بەڵام هەرکاتێک پێی دەڵێم هێوربەرەوە، راستەوخۆ بێدەنگ دەبێت و دادەنیشێت".

ساسان ئاماژە بەوە دەکات "سمە" بە گوێز، بادەم، فستەق و چەند گیایەک راهاتووە و تەنیا ئەوانە دەخوات و بەم شێوەیە باس لە تووڕەبوون و زویربوونی سمۆرەکەی دەکات ''کاتێک کە پێی دەڵێم خۆشم ناوێیت لێم زویر دەبێت و هەوڵ دەدات لەلام دووربکەوێتەوە، بەڵام کاتێک پێی دەڵێم گاڵتەت لەگەڵ دەکەم و ماچێکی دەکەم دێتەوە نێو باوەشم و دەست دەکاتەوە بەیاریکردن لەگەڵم، بەشێوەیەک کە وەک ئەندامێکی خێزانەکەمانی لێهاتووە".

ساسان هەروەها باس لەوە دەکات کە سمۆرە ساڵی جارێک دەزێ ئەویش لە وەرزی پاییزدا و گوتی: ''سمە مێیەیە، نێرەیەکم بۆ هێناوە بۆ ئەوەی بێزار نەبێت، بەڵام نێرەکەیان لەگەڵم هاوەڵ نییە، ئەمساڵ ئاوس بوو، بەڵام بەهۆی دەنگێکەوە ترسا و بەچکەکانی لەبارچوو، بەمردوویی فڕێی دان، بۆیە تا ساڵێکی تر نازێتەوە".

ئێستا "سمە" نەک تەنیا بۆتە جێی سەرنجی ساسان و خێزانەکەی، بەڵکو هەموو هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان و خەڵکی گوندی تەوێڵە حەزبە دیدەنی "سمە" دەکەن و زۆر جار منداڵانی هاوەڵی ساسان خوازیارن لەکاتی هاتنە دەرەوەی لە ماڵ، "سمە"ش بۆساتێک بێتە دەرەوە و یارییان لەگەڵ بکات، بەڵام ئەو زیاتر حەزی بە سروشتە و ناوبەناو دەچێتە نێو دارگوێزەکان و بەدوای خۆراکدا دەگەڕێت و دواتر دەچێتەوە بۆ ماڵەوە لەگەڵ ساسان-ی هاوەڵیدا گاڵتەوگەپ و شەڕەکانیان بەردەوامی پێ دەدات.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın