ژيان

سلێمانی.. دایکێک لە چاوەڕوانی رزگاربوونی کوڕە گیرخواردووەکەی سەر سنووری بیلاڕووس

لە سلێمانی دایکێک بە گریانەوە لە چاوەڕوانی کوڕێکی دایە کە مانێگ لە مەوپێش رێگەی گەیشتن بە ئەورووپای گرتە بەر و ئێستا لەسەر سنووری بیلاڕووس وەک هەموو کۆچبەرانی دیکە گیریان خواردووە. ئەو لە چاوەڕوانی رزگاربوونی کوڕەکەیدا، داوای یارمەتی بۆ دەکات.

Rewa Mahmood Hasan  | 11.11.2021 - نوێکردنەوە : 13.11.2021
سلێمانی.. دایکێک لە چاوەڕوانی رزگاربوونی کوڕە گیرخواردووەکەی سەر سنووری بیلاڕووس

As Sulaymaniyah

سلێمانی - AA رەوا حاجی

لە سلێمانی دایکێک بە گریانەوە لە چاوەڕوانی کوڕێکی دایە کە مانێگ لە مەوپێش رێگەی گەیشتن بە ئەورووپای گرتە بەر و ئێستا لەسەر سنووری بیلاڕووس وەک هەموو کۆچبەرانی دیکە گیریان خواردووە. ئەو لە چاوەڕوانی رزگاربوونی کوڕەکەیدا، داوای یارمەتی بۆ دەکات.

خەدیجە عەلی، ماوەی مانگێک لە کورەکەی بێخەبەر بووە و تەلەفۆنێکی کوڕەکەی لە چارەنووسەکەی خۆشحاڵی کردووە و بەو شێوەیە زانیوێتی کە کوڕەکەی لەسەر سنووری بیلارووس گیری خواردووە.

ئەو بە گریانەوە چیرۆکی رۆیشتنی کوڕەکەی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دەگێڕێتەوە.

ماوەی دووهەفتەیە لێشاوێکی کۆچبەران لەسەر سنووری بیلاڕووس و پۆڵەندا گیریان خواردووە و بەئومێدی پەڕینەوە بۆ وڵاتانی ئەورووپای رۆژئاوا لەسەر سنوورەکان جێگیر بوون، لەئێستادا پۆلیسی سەرسنووری پۆڵەندا رێگرییان لێدەکەن بچنە نێو خاکەکەیانەوە، هاوکات بە پشتێنەی ئەمنی پۆلیسی بیلاڕووس چواردەوریان گیراوە و رێگرییان لێدەکرێت لەوەی کە جارێکی تر بگەڕێنەوە شاری مینسک پایتەختی بیلاڕووس.

لەنێو ئەو شەپۆلە کۆچبەرییەدا کە نزیکەی چوار هەزار و ٥٠٠ کەس دەبن و بەپێی گوتەی شایەتحاڵەکانی نێو ئەو کۆچبەرانە ژن، منداڵ، کەسانی پەککەوتە و کەمئەندامیش هەن و لە دۆخێکی تەندروستیی خراپدا دەژین.

نەبیل مەدری مەجید ٣٣ ساڵ یەکێکە لەو گەنجانەی لەبەر بێکاری و دەستنەکەوتنی کار سەرەڕای ئەوەی کە هەڵگری بڕوانامەی ماستەرە لە پەیوندییە نێودەوڵەتییدا کە لە زانکۆیەکی رووسیا بەدەستی هێناوە، بەڵام ماوەی دوو ساڵە بێکار دەمێنێتەوە و بەوهۆیەوە ناچارە ملی رێگەی هەندەران بگرێتە بەر.

بەپێی گوتەی برای نەبیل بێت، ئەوان ئێستا لە دۆخێکی ناهەمواردا لەسەر سنووری پۆڵەندا لە خاکی بیلاڕووس دەژین و پلەکانی گەرما بۆ ژێر سفری سەدی دابەزیون و بە ئاستەم خواردن و ئاویان دەست دەکەوێت.

ژیانی نەبیل لە زاری دایکییەوە

دایکی نەبیل بەناوی خەدیجە عەلی عەبدول کە لەدایکبووی ١٩٥٥ەو لەگەڵ ئەوەی باری تەندروستی تەواو نەبوو، بەڵام رازی بوو بەوەی کە قسە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو بکات بەدەم هەنسکی گریانەوە.

دایە خەدیجە ئاماژەی بەوەدا کە کوڕەکەی سەرەڕای ئەوەی پلەی ماستەری هەبووە لە خوێندندا، بەڵام تەنانەت نەیتوانیوە یەک کار بدۆزێتەوە بۆ خۆی کە بە بڕوانامەکەی کار بکات و دەڵێت، "ئەو سێ ساڵ لەرووسیا بوو، تاوەکو بڕوانامەی ماستەرەکەی بەدەست هێناو دواتر هاتەوە بۆ هەرێمی کوردستانی عێڕاق، کاری دەستنەکەوت، بۆیە چوویە هەولێرچایخانەیەکی دانا، هەرکاتێک دەهاتەوە بۆ سلێمانی گلەی ئەوەی دەکرد، کەئەو پارەیەی دەستی دەکەوێت لەکارەکەی تەنیا بەشی ئەوە دەکات بیداتە کرێی کارەبای مۆلیدە، پارەی شاگرد و سەری مانگ هیچم بۆ نامێنێتەوە، منیش لێم پرسی ئەی چارە چییە، ئەویش وتی ئەڕۆم ملی رێ دەگرمە بەر، ئەگەر مام خۆشەژیم، ئەگەر نەشمام وەکو ئەو خەڵکە، نەمتوانی رێگری لێبکەم، چونکە گەنجێکی وەها نە پارەیەکی هەبوو پێی بژی، نە موچەیەک، ئەو رێیەی گرتە بەر".

دایە خەدیجە باس لەوە دەکات کە ئەو رۆژەی نەبیلی کوڕی رۆیشتووە، نەیتوانیوە خواحافیزی لێبکات و گووتوویەتی با دایکم بێتاقەت نەبێت و دەڵێت، "ئەو رۆژەی رۆیشت ماڵئاوایی لێنەکردم بۆیی بێتاقەتی نەبم، بەس هەموومان بێتاقەت دەبین، براکانی، خوشکەکانی. هەموومان، من توانای قسە کردنم نیە ئێستا لەبەر ئێوە هاتمە ئێرە".

- پەیامی دایە خەدیجە بۆ حکوومەتی هەرێم و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی

دایە خەدیجە لە داوا لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەکات کە بە گشتی یارمەتی ئەو خەڵکە بدەن کە لەسەر سنووری بیلارووس و پۆڵەندا لێیقەوماوە و دەڵێت،'' ئەو خەڵکەی کەرۆیشتن حکوومەتی هەرێم هیچی بۆ کردن، باشە بەزەییان بە دایکی ئەم هەموو گەنجەدا نایەت؟ ئەی ئێستا بەزەییان بەمندا نایەتەوە هەموو شەوێک لەخەفەتا خەوم لێناکەوێت، لەترسی ئەوەی کوڕەکەم دەردەچێت یان دەمرێت و رەق دەبێتەوە؟ ئەوە رێی مردنە، کەی رێگەی ژیانە، وەک یانەسیب وایە، یان دەرەچیت یان دەمریت بۆت دەردەچێت. هەزاران کەس خنکان لەو رێیە، هەزاران کەس رۆیی لەو رێیە، کێ حەز دەکات لە دایک و ماڵو منداڵی دوور بێت، ئەوەتا ئەم تاقە کوڕەم لەسەر ماڵ بوو لە ٢٠١٥ رۆیشتە تورکیا بۆئەوەی بچێتە ئەوروپا، لەبەر من گەڕایەوە گووتی دایکم نەخۆشە نابێت بەجێی بهێڵم، ژیانیشی لێرە فەوتا بەدیار منەوە، داوا لەکۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەم ئەم کوڕ و منداڵ و خەڵکە ئاگایان لێیان بێت. کێ حەز دەکات لە خاک و نیشتیمانی خۆی دوور بێت ئەگەر ناچار نەبێت.''

نەبیل کە ئێستا بۆ چوارەم رۆژە لە نێو لێشاوی کۆچبەرانی سەر سنووری بیلارووس و پۆڵەندا گیریان خواردووە لەرێگەی خێزانەکەیەوە پەیامێکی گرتەیی ڤیدیۆیی رەوانەی ئاژانسی ئانادۆڵو کردووەو باس لە دۆخی خۆیان دەکات لەسەر سنوور و ئاماژە بەوە دەکات کە ئەوان بارودۆخیان زۆر خراپەو ئەگەر نەچن بەهانایانەوە زۆر منداڵ و ژن لەسەرما رەق دەبنەوەو نان و ئاوویان پێنەماوەو چواردەوریان بە پۆلیسی بیلارووس و پۆڵەندی گیراوە.


- براکەم ماستەری لە رووسیا هێنا، بەڵام چایخانەی دانا بۆ ئەوەی بژێوی ژیانمان دابین بکات

بەشدار مەدری مەجید کە براگەورەی نەبیل-ە و لەگەڵ خوشکێک و دایکە پیرەکەیدا لە شارۆچکەی سەیدسادق سەر بە پارێزگای هەڵەبجە ژیان بەسەر دەبەن، بەم شێوەیە باس لە ژیانی براکەی دەکات و دەڵێت ''ئێمە خێزانێک بووین دەرامەتمان مامناوەند بوو، بەڵام دوای ئەوەی باوکم کۆچی دوایی کرد گوزەرانمان تێکچوو، ئێمە ناچاربووین دەست بدەینە کارکردن، هاوکات دەشمان خوێند، براکەم خوێندنی تەواو کرد لە زانکۆی سلێمانی بەشی زانستە سیاسییەکان، بەڵام دوای ئەوەی ماوەیەکی زۆر لە ماڵ مایەوە بێئیش بوو هیچ جۆرە کارێک نەبوو بیکات، بۆیە بەناچاری چوویە هەولێر لەوێ چایخانەی دانا، بەڵام کە ئەو پیشەیەشی بەکاری نەهات و هیچ جۆرە قازانجێکی نەبوو، دواتر داوای پارەی لەمن کرد کە بچێت لە رووسیا بخوێنێت".

بەگوتەی بەشدار، نەبیل بە پارەی قەرز ماستەرەکەی لە یەکێک لە زانکۆکانی رووسیا تەواو کردووە لەسەر ئەرکی خۆی، بەبێ ئەوەی حکوومەت هیچ هاوکارییەکی بکات و لەدرێژەدا دەڵێت "هەرچۆنێک بێت توانیمان من و ئەو ئیشێک دروست بکەین و ئەو حەزی کرد بڕوا بخوێنێت لە ٢٠١٥دا بریاری دا بچێتە رووسیا بۆ ئەوەی ماستەرەکەی تەواو بکات، دوای سێ ساڵ لە خوێندنی ماستەر کە هاتەوە بۆ هەرێمی کوردستان هیچ جۆرە کارێک نەبوو بیکات، سەردانی زۆر خەڵکی کرد بۆ ئەوەی کار بەو بڕوانامەیە بکات کە بەدەستی هێناوە بەئومێدی ئەوەی سوودێکی بۆ کۆمەڵگا هەبێت، یان دامەزرێت لە هەردەرگایەکی دەدا، کەس کارێکی بۆ نەکرد و ئەمەش کاریگەری لەسەر دانابوو بۆیە هیچ ئومێدێکی بەم وڵاتە نەمابوو".

ئەو براگەورەیەی نەبیل کە خۆیشی لە ساڵی ٢٠١٧دا ملی رێگای قاچاخ دەگرێتەبەر و هەوڵ دەدات لەڕێگەی تورکیاوە بچێتە ئەورووپا، بەڵام دواتر دایکی پەشیمانی دەکاتەوە و بە ناچاری دێتەوە هەرێمی کوردستان تاوەکو دایکی بەتەنیا نەبێت، بەم شێوەیە باس لە سەرگوزشتەی بڕیاری رۆیشتنی نەبیل دەکات و دەڵێت ''دوای بێئومێدبوونی لەوەی کە ناتوانێت لەم وڵاتەدا خزمەت بکات، بۆیە ناچار رۆژێک هاتە ماڵ و پێی گوتم چیتر ناتوانم لەم وڵاتە دانیشم و ملی رێگای ئەورووپا دەگرمە بەر وەک ئەو خەڵکە، ئەگەر رزگارمان بوو دەرچووین، ئەوا خۆشبەخت دەبین و ئەگەریش مردم، ئەوا هیچ دەسەڵات نییە و لەم ژیانە خۆشترە لێرە بەسەری دەبەین".

- نەبیلی برام بەبێ ماڵئاوایی لە دایکم رۆیشت بۆ ئەوەی دڵی خەمبار نەکات

بەشدار باس لەو رۆژە دەکات کە نەبیل-ی برای دەڕوات و بەدەم فرمێسکەوە ئاماژەی بەوەدا کە دڵی نەهاتووە ماڵئاوایی لە دایکی بکات، چونکە حەزی نەکردووە دڵتەنگی بکات و گوتی: ''ئەو رۆژەی کە رۆیشتن، ٢٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١ بوو، سەعات ١٦:٣٠ لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی-یەوە لەگەڵ ١٢ کەسی تر لە خزمی خۆمان بەڕێکەوتن بۆ دوبەی، دوای مانەوەی چەند رۆژێک لەو وڵاتە، دواتر بەرەو بیلاڕووس بەڕێکەوتن و چواری تشرینی دووەم گەیشتنە شاری مینسک پایتەختی بیلاڕووس کە رۆیشت باوەشی پیاکردم و خۆی دزییەوە لەوەی ماڵئاوایی لەدایکم بکات، تاوەکو ئەویش دڵتەنگ نەکات بەخۆیەوە".

بەشدار دەڵێت کە قاچاخچییەکان بەڵێنەکانی خۆیان نەبردۆتە سەر لە گەیاندنی ئەمان بە سنوورەکانی پۆڵەندا و گوتی: "چوار رۆژ لە مینسک مابوونەوە، بەڵام قاچاخچییەکە خۆی لێ ون کردبوون، بۆیە ئەمان بەناچاریی لەگەڵ لێشاوەکەدا خۆیان دەگەیەننە سەر سنووری پۆڵەندا و لەوێ گیر دەخۆن و ناچاربوون لەو سەرمایەدا لە دارستانەکانی ناوچەکەدا بمێننەوە".

ئەو برا گەورەیەی نەبیل باس لەوە دەکات کە ناوبەناو پەیوەندی بەیەکەوە دەکەن لەڕێگەی فایلی دەنگییەوە کە لەگەڵ هاوەڵەکانی نەبیلدا لەڕێگەی تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووکەوە بۆیەکتری دەنێرن و دەڵێت "وەک ئەوەی پێمان دەڵێن، دۆخی تەندروستییان زۆر خراپە و سەرماوسۆڵەیەکی زۆر بەهێز هەیە، منداڵ، ژن، پیر و کەمئەندام گیریان خواردووە و زۆربەیان نەخۆش کەوتوون، ئاویان لێبڕاوە و کەس نییە نانیان بداتێ جگە لەو پسکیتانەی پێیانە و منداڵەکانی پێ دەژێنن، ئەوە بۆ ماوەی سێ رۆژە لەو دۆخەدا دەژین".

- پۆلیسی پۆڵەندا رێگری دەکات لە گەیشتنی هاوکاریی پزیشکیی و خۆراک بە کۆچبەرانی سەر سنوور

بەشدار مەدری مەجید لە زاری براکەیەوە باس لە دۆخی ناوچە دارستانییەکەی سەر سنووری بیلاڕووس دەکات و دەڵێت "ناتوانین بە ڤیدیۆ قسە بکەین لەگەڵ یەکتر، چونکە سیم کارتی ئینتەرنێت گرانە، بەگوتەی ئەوان شوێنێکی سەر سنوورییە کە ئاڵای هەریەک لە نەتەوە یەکگرتووەکان، بیلاڕووس و پۆڵەندای لێیە و بەنزینخانەیەکیان لە نزیکەوەیە و چواردەوریان گیراوە، نەدەتوانن بچنە وڵاتی پۆڵەنداوە نەدەتوانن بگەڕێنەوە بۆ مینسک لە وڵاتی بیلاڕووس ئەوان بە سەرما رانەهاتوون، چونکە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە چوونە ئەو شوێنە ساردە، ئێستا باس لەوە دەکەن کە تەندروستییان زۆر تێکچووە. بەگوتەی ئەوان ئافرەت هەیە لەوێ منداڵی بووە بەبێ ئەوەی هیچ پزیشک و پسپۆرێکی تایبەتی لێبێت. زۆرێک لە منداڵەکان نەخۆش کەوتوون، بەم سەرمایە ئاو نییە بیخۆنەوە. توانای جووڵەیان کەم بۆتەوە و بۆ نان خواردنیش پسکیتیان پێیە کە ئەویش بەرەو کەم بوونەوە دەچێت".

بەشدار لە درێژەی قسەکانیدا کە لە زاری برا و کەسانی نێو دارستانە سنوورییەکەی پۆڵەندا و بیلاڕووسەوە باس لەوە دەکات کە مامەڵەی پۆلیسی پۆڵەندی لەگەڵ کۆچبەرەکاندا تابڵێی خراپە و گوتی: ''ئەوان باس لەوە دەکەن کە سەرباز و پۆلیسی پۆڵەندا لەسەر سنوورەکان لەودیو تەلبەندەوە وەستاون، هەر بزانن کەسێک هەوڵی دەرچوون دەدات ئەیگرن و هەڵی دەدەنە نێو سنووری بیلاڕووسەوە دوای ئەوەی لێیان دەدەن، دواتر ئەو کەسانە دەچنەوە نێو لێشاوی کۆچبەران کە لەسەر سنوور لە چاوەڕوانیدان".

-''من لە ٢٠١٥ەوە بە دایکم دەڵێم کە ئێمەش جێگەمان ئێرە نییە بابڕۆین''

بەشدار ئاماژە بەوە دەکات کە تا ئێستا هیچ لایەنێکی نێودەوڵەتیی نەچوون بەهانای ئەو کۆچبەرانەوە کە گیریان خواردووە و دەڵێت ''بەگوتەی براکەم بێت دوێنێ گرووپێکی بیلاڕووسی هاتوون خۆراکیان بۆ کۆچبەرەکان هێناوە، لەکاتێکدا رێگری دەکرێت لە چوونی تیمی پزیشکیی، دوێنێ پەیامنێر و کارمەندانی دەزگا خێرخوازییەکان لە دکتۆرێکم بیست کە ئەویش کۆچبەرە و لەنێو لێشاوەکەدایە، باسی لەوە کرد کە رۆژی رابردوو دەستەیەک پزیشک و خۆبەخشی رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی هاتوونەتە سەر سنوور بەمەبەستی یارمەتیدانی کۆچبەران، بەڵام لەلایەن پۆلیسی پۆڵەنداوە رێگرییان لێکراوە کە هیچ جۆرە هاوکارییەکی کۆچبەرەکان بکەن".

ئەو برایەی نەبیل باس لەوە دەکات کە بەهۆی نەبوونی بژێوی ژیان و ناسەقامگیریی ئەمنیی و ئابوورییەوە خەڵکانێکی زۆر لە شارە جیاجیاکانەوە هەرێمی کوردستان بەجێدەهێڵن و بەرەو ئەورووپا کۆچ دەکەن و گوتی: "من لە ٢٠١٥ەوە بە دایکم دەڵێم کە ئێمەش جێگەمان ئێرە نییە (هەرێمی کوردستان) چونکە تا ٢٠٠٨ باوکم لە ژیاندابوو ژیانمان مامناوەند بوو، خراپ نەبوو باروگوزەرانمان، بەڵام دوای لەدەستدانی باوکم، ژیانمان قورس بوو، دەبوو هەم کار بکەین، هاوکات بشخوێنین لە ٢٠١٥دا من بۆخۆم کۆلێژی زانستی جەستەیی وەرزشیم لە زانکۆی سلێمانی تەواو کردووە، بەڵام دوای دەرچوونم، ناتوانم بە بڕوانامەکەم کارێکم دەست بکەوێت، ئەوە بۆ حەوت ساڵە دانەمەزراوم، تەنیا کاری سەربەخۆم کردووە، تەنانەت نەم توانیوە لە رێی ئەوەی دەستم دەکەوێت، ژیانی خێزانیش پێکبهێنم، ئەبێ پێنج ساڵی تر تاوەکو دەبمە ٤٠ ساڵ چاوەڕێ بکەم بۆ ئەوەی ژیانێکی تایبەت بە خۆم پێکبهێنم، بۆیە پەنا دەبەمە بەر وڵاتێکی تر، ئەمە جگە لەوەی کە لەم هەرێمەی ئێمە کە سەر بەعێراقە تا ئێستا سەقامگیریی ئەمنیی و ئاسایش و سیاسیی بوونی نییە کە ئەمەش کاری کردۆتە سەر یەک بەیەکی تاکەکانی کۆمەڵگا و هەست بە ئامان ناکەن".


نەبیل لەرێی ئاژانسی ئانادۆڵەوە پەیامێک بڵاو دەکاتەوە

نەبیل مەدری مەجید لە تۆمارێکی دەنگیدا کە وەک پەیام بۆ ئاژانسی ئانادۆڵوی ناردووە، دەڵێت "ئێستا من لەناو لێشاوەکەم، لەسەر سنووری پۆڵەنداین، هەردوولامان بە سەربازی پۆڵەندی و بیلارووس-ی گیراوە، هاتووینەتە ئێرە ژیانمان باش نیە، دووکەڵ تەواو قورگ و لوت و هەموو گیانی داگیر کردووین، خەڵک توشی نەخۆشی بووە، دەرمانی لێبراوە، خەڵک پێداویستی منداڵان و خواردن و شیریان لێبڕاوە، سەرمایەکی زۆر رووی کردۆتە ناوچەکە، دەبێت نزا بکەین کە بەفر و باران روو نەکاتە ناوچەکە، چونکە تەنیا ئەو جلانەمان پێیە کە لەبەرماندایە، ئەگەر تەڕبێت، ئیتر لەناودەچین. داوا دەکەم هەموو لایەک خەمیان هەبێت، لەکوردستان هاتم بەدوای ژیانێکی باشتردا دەگەڕێم، من بە شەهادەی ماستەرەکەمەوە نەمتوانی هیچ شوێنێک بۆ ئەو وڵاتە پڕ بکەمەوە ، من لەو تاڵی و نەهامەتیە رامکردووە، هەرکەسێک دەبینی لێرە چیرۆکێکی تاڵ و تراژیدی خۆی هەیە، لەدەست ئەو دەسەڵاتە ستەمکارە بەزۆر سەپێنەرە رایکردووەو ناچارە وڵات بەجێبهێڵێت".

وەک دەردەکەوێت نەبیل سەری شکاوەو لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە هۆکاری سەر شکانەکەی، برای نەبیل ئاماژە بەوە دەکات کە لە یەکەم رۆژی لێشاوەکەدا پۆلیسی پۆڵەندی گازی فرمێسکڕێژیان کردووە بەسەر منداڵەکاندا و نەبیلیش بە زمانی رووسی و ئینگلیزی بەرپەرچی پۆلیسە پۆڵەندییەکانی داوەتەوە بۆ ئەوەی دەستبەرداری ئەشکەنجەدانی منداڵەکان ببن و رێگری بکات لە رشتنی گازی فرمێسکڕێژ بەسەر منداڵەکاندا، بەڵام لە وەڵامدا بە داری پۆلیسی نەبیلیان بریندار کردووە.


11.11.2021

سلێمانی.. دایکێک لە چاوەڕوانی رزگاربوونی کوڕە گیرخواردووەکەی سەر سنووری بیلاڕووس

لە سلێمانی دایکێک بە گریانەوە لە چاوەڕوانی کوڕێکی دایە کە مانێگ لە مەوپێش رێگەی گەیشتن بە ئەورووپای گرتە بەر و ئێستا لەسەر سنووری بیلاڕووس وەک هەموو کۆچبەرانی دیکە گیریان خواردووە. ئەو لە چاوەڕوانی رزگاربوونی کوڕەکەیدا، داوای یارمەتی بۆ دەکات.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın