
موسڵ
لە چەند رۆژی رابردوودا شەڕ و پێکادانەکانی نێوان چەکدارانی داعش و پێشمەرگەی کوردستان بەرەو زیادبوون چووە، ئەویش بە ھۆی ئەوەی داعش ھێرشەکانی خۆی بەسەر گوندەکانی کوردی شەبەک زیاد کردووە. بەجۆرێک تا ئێستا ١١ گوندی شەبەک لە لایەن چەکدارانی داعش دەست بەسەر کراون و دانیشتوانی شیعەی ئەو گوندانە بەرەو ھەرێمی کوردستان ھەڵ ھاتوون .
بە پێ زانیاریەکانی پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو لەو ناوچەیانە بە گشتی لە دەوروبەری موسل ٥٦ گوندی شەبەک ھەیە کە ١١ یان لە دەست داعشن و ٤٥ یانیش لە دەست پێشمەرگەن و لە نێو گوندەکان، شەبەکی شیعە و سوننە پێکەوە دەژین بەڵام لەو گوندانەی چەکدارانی داعش دەست بەسەریان کردوون تەنیا شەبەکی سوننە تیا ماون.
ئەو گوندانەی کە ئێستا لە ژێر دەستی داعشن:گوگجەلی،قەرەتەپە،توبرەق بجیک،تۆبرەق گەورە، جلیوخان، شەھرەزاد، لەک،قەرەشور،عومەرکان،توانجە،شمسیاک.
لە چەند رۆژی رابردوودا زیاتر لە ١٢٠ کەس لە شەبەکی شیعە رفرێنراون.
حوسێن محەممەد خەڵکی گۆگجەڵی و شەبەکی شیعەیە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەوە ماوەی ١٥ رۆژە ئێمە لە گوندی گوگجەڵی ھەڵ ھاتوون ئێمە بۆ توپزاوای سەر بە موسل ھاتووین لە ماڵی گوندیەکی لێرە دەژین ئێمە سەعات ١٢ی شەو بۆ کە ھەموو رێگای گوگجەڵی بەستران و ئێمە لە بیابانانەکانی موسلەوە بەرەو ئەو گوندە ھاتین.ھەروەھا داعش تەنیا شەبەکی شێعە دەکوژی و سوننەکان ئێستا لە گوندی خۆیان دەژین، و ئێمە داوا دەکەین کە گوندەکانی ئێمە بگەرێنەوە سەر ھەرێمی کوردستان."
ھاشم مەھدی کوردی شەبەک بەرپرسی لقی پارتی دیموکراتی کوردستان لە گوندی توپزاوای سەر بە موسل بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی:"ئێمە خۆمان بە کورد دەزانین ئێمە بە ھەموو گوندەکانمان بە زمانی ماچووی کوردی قسە دەکەین و داوا دەکەین کە بگەرێنەوە سەر ھەرێمی کوردستان و بە دڵخۆشی لە رێفراندوم بەشداری دەکەین"
ھەروەھا لە بارەی جیاوازی نێوان شەبەکی شیعە و سوننە گوتی"لەوانەیە داعش جیاوازی بکە لە نێوان شەبەکی شیعە و سوننە بەڵام ئێمە لە نێو خۆماندا بە ھەموو شتەک تێکەلین و ھێچ جیاوازیەک لە نێو ئێمە نییە بە جۆرێک لە گوندی ئێمە زیاتر لە ١٨٠ ماڵی شەبەکی شیعە ھەیە کە لە گوندەکانی دیکە کۆچیان کردووە و ئێستا لە گەڵ ئێمە دەژین."
کوردی شەبەک لە عێراق وھەرێمی کوردستان موسڵمانن، بەشێکیان سوننەی شافعین و بەشە زۆرەکەشیان شیعەن و خاوەن بیروباوەڕی تایبەتن.
زۆربەی شەبەک لەو ھۆزە کوردانە پێکھاتوون کە بە پەرتەوازەیی لە دەڤەری بەردەڕەشی نزیک ئاکرێ (ناوچەی گۆران نشین) و ھەولێر و کەرکووک و گەرمیاندا بڵاو بوونەتەوە. گرینگترینیان: زەنگەنە، باجەلان، رۆژبەیانی، داودە، لەک،ئۆمەربل و زراری. قسەکردنی ئەم ھۆزانە بە گشتی شێوەزارێکی گۆرانە و کاریگەری کرمانجی و عەرەبی وتورکی پێوەدیارە. بە حوکمی ھاوسێیەتیان لەگەڵ کوردی بادینان و ھۆزە عەرەب و تورکمانەکانی موسڵ.
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن