ژيان, عێراق

دە ساڵە لە چاوەڕوانی دۆزینەوەی منداڵە تەمەن دوو ساڵانەکەی دایە

کاتژمێر ٨:٣٠ خولەکی یەکەم رۆژی جەژنی قوربانی ساڵی ٢٠١١، ئایە جەلیل-ی تەمەن دوو ساڵ و شەش مانگ لەبەر دەرگای خۆیان ون دەبێت و پاش تێپەڕبوونی دە ساڵ بەسەر ونبوونیدا ھیچ سۆراخێکی نییە.

Ozhin Ramadhan Salih   | 20.07.2021
دە ساڵە لە چاوەڕوانی دۆزینەوەی منداڵە تەمەن دوو ساڵانەکەی دایە

Kerkuk

کەرکووک – AA

ئەمڕۆ دە جەژنی قوربان بەسەر ونبوونی ئایە جەلیل تێپەڕدەبێت و کەسوکارەکەی بەگریان و خەمباری دووری ئایەی کچە گەورەیان جەژنێکی پڕ خەمیان بەڕێ کرد.

دە ساڵ بەسەر ونبوونی ئایە جەلیل تێپەڕدەبێت کە خێزانەکەی دانیشتووی قەزای خورماتوو سەر بە پارێزگای کەرکووکن و لەیادی ونبوونی کچەکەیشیاندا خەمباری و بێ تاقەتی باڵی بەسەر تەواوی ئەندامانی خێزانەکەیدا کێشاوە.

دایک و باوکی ئایە جلوبەرگ و یارییەکانی ئایەی کچیان ھێناوە و بەسەریدا دەگرین و دەڵێن ئەوەی لەپاش خۆی وەک یادگاری لەم ماڵەدا ماوەتەوە ئەم یاری و جلوبەرگانەیە.

کەوسەر جەوھەر دایکی ئایە دەڵێت: "ھەموو جلوبەرگ و یارییەکانی ئایەم ھەڵگرتووە کە گەڕایەوە پێی دەدەمەوە".

دایکی ئایە بەچاوی پڕ فرمێسکەوە چیرۆکی ونبوونی ئایە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گێڕایەوە و گوتی: "دەساڵ بەرلە ئێستا و لەکاتژمێر ھەشت و نیوی بەیانی یەکەم رۆژی جەژنی ساڵی ٢٠١١ جلی جەژنمان لەبەر ئایە کرد و رازاندمانەوە و لەگەڵ ھاوڕێی و ھاوتەمەنەکانی لەپێش دەرگای ماڵی خۆمان یاری دەکرد و لەناکاو دیار نەماو ونبوو. یەکسەر پەیوەندیمان بەباوکییەوە کرد و دەستمان بەگەڕان بەدوایدا کرد و دە ساڵە ئێمە بەدوایدا دەگەڕێین و ھیچ ئەنجامێکیشی نییە و ھیچ کەس سۆراخی ئایە نازانێ".

دایکی ئایە گوتیشی: "ونبوونی ئایە لەیەکەم رۆژی جەژنی قوربانبوو بۆیە لەگەڵ ھاتنی جەژنی قوربان من بێ تاقەت و دڵتەنگەبم و ئەو ساتەم دەکەوێتە بیر کە بەجلوبەرگی جەژنەوە ئایەیان لەپێش ماڵی خۆمان برد و تائەم ساتەیش تامەزرۆی بینینێکی ئایەگیانم و لەھیچ شوێنێک نییە. بەھۆی بێ تاقەتیمەوە نەمتوانی و دڵم نەھات جلوبەرگی جەژن بۆ منداڵەکانی ترمان بکەم لەکاتێکدا ئایە دور لەئێمە جەژن دەکات".

کەوسەر دەڵێت، "ھەموو بەیانییەکی جەژنی قوربان جلوبەرگ و یارییەکان ئایە دەردەھێنم و لەباوەشیان دەکەم، ماچیان دەکەم و بەسەریدا دەگریم چونکە ئەو کەرەستە و یاری و جلوبەرگیانە تاکە یادگاری ئایەن و ھەموویان دەپارێزم تاکوو ئایە دێتەوە و پێی دەدەمەوە".

ئەم رۆژە ئەندامانی خێزانەکە بەگریان و خەمباری بەڕێ دەکەن و ھەمووان لەچاوەڕوانی گەڕانەوەی ئایەن بەڵام تا ئەم ساتە ئایە ھیچ سۆراخێکی نیە.

باوکی ئایە خاوەنی سێ خێزانە و بەئامانجی بوونی منداڵێک سێ جار ھاوسەرگیری کردووە و لەسێھەم خێزانیشیدا ئایە لەدایک دەبێت، بەڵام لەدووساڵ و شەش مانگی تەمەنیدا ئایە بەر ئەو چارەنووسە نادیارە کەوتووە.

جەلیل وەلی باوکی ئایە کە دەساڵی تەمەنی بۆ گەڕان بەدوای کچەکەیدا تەرخان کردووە دڵە پڕ حەسرەتەکەی بۆ ئاژانسی ئانادوڵو دەکاتەوە و دەڵێت: "ئەوکاتەی من سەرقاڵی سەردانی ماڵی خزم و دراوسێکان بووم، پەیوەندییان پێوە کردم و پێیان گوتم کە ئایە ونبووە، منیش بەپەلە گەڕامەوە و دەستمکرد بەگەڕان بەدوای ئایەدا و ئەوە ئێستا دە جەژن بەسەر ونبوونی تێپەڕ دەبێت و من ھەر دەگەڕێم و ھەر ئایەم نەدۆزیوەتەوە".

باوکی ئایە گوتیشی: "لەپێش دەرگای ماڵی خۆمان ئایەیان لێمان سەند و نەیانھێشت جەژنمان لەگەڵ بکات و ھەموو جەژنێکیشیان لێ کردین بەپرسە و گریان و برین و مەگەر گەڕانەوەی ئایە ئەو برینەی دڵمان ساڕێژ بکات".

جەلیل وەلی بە گلەییەوە باس لەوەش دەکات کە بەرپرسانی پۆلیس و ئاسایش لە دۆزینەوەی سۆرخی ئایە سەرکەوتوو نەبوون و دەڵێت، "لە یەکەم ساتەوە هێزە ئەمنییەکان ئاگادار کراونەتەوە بەڵام بە داخەوە ئەوانیش نەیانتوانیوە سەرەداوێکی ئایەمان بۆ بدۆزنەوە".

حەسرەتی ئەم خێزانە نەبوونی ھیچ دەنگۆیەکە لەسەر ئایەی کچیان و سەرجەم شارەکانی عێراق و بەشێک لەوڵاتانی دراوسێی عێراقیان بۆ گەڕان بەدوای ئایەدا کردوە بەڵام تا ئەم ساتە ھیچ دەنگۆیەک لەسەر ژیانی نییە.

ماڵپەری ئاژانسی ئانادۆڵۆ، بەشێک لەم هەواڵە ئابۆنانەی کە بڵاوکراوەتەوە لە لیستی هەواڵەکانی ئاژانسی ئانادۆڵۆ، کورت و پوخت دەکرێت ئینجا بڵاودەکرێتەوە، بۆ ئابۆنەوە کردن تکایە پەیوەندی بکەن.
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın