دۆڵمە.. بەناوبانگترین خواردنی کولتووری شاری هەولێر
دۆڵمە لە شاری هەولێر مێژوویەکی کۆنی هەیە و لەئێستادا لە زۆرێک دانیشتن و کۆبوونەوەکان، دەبێتە خواردنێکی سەرەکی و ئارەزوومەندەکانی لەسەر سفرەیەک کۆدەکاتەوە.

Arbil
هەولێر - AA هێمن حوسێن
دۆڵمە خواردنێکی کۆنی کولتووری وڵاتانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاستە، بە تایبەتی لە عێراق، تورکیا، ئێران و وڵاتە عەرەبییەکان دروست دەکرێت و لە هەر وڵاتێک بە شێوازێکی تایبەت دروست دەکرێت و بەهۆی پێکهاتە و کەرەستە جیاوازەکانییەوە گوزارشت لە خواردنێکی کولتووریی ناوچەکان دەکات.
دۆڵمە لە شاری هەولێر مێژوویەکی کۆنی هەیە و لەئێستادا لە زۆرێک دانیشتن و کۆبوونەوەکان، دەبێتە خواردنێکی سەرەکی و ئارەزوومەندەکانی لەسەر سفرەیەک کۆدەکاتەوە.
خاتوو نەریمان شێخ محەمەد ماوەی دوو ساڵە شوێنێکی گەورەی کردووەتەوە بۆ دروستکردنی ئەو خواردنانەی کە خەڵک ئارەزوویەتی و رۆژانە لەگەڵ چەند ئافرەتێکی دیکە جۆرەکانی خواردن بۆ خەڵک دروست دەکەن، ئەو ئاماژە بەوە دەکات کە بەهۆی خواستی داواکارانەوە، دۆڵمە بووەتە خواردنێکی رۆژانە.
شوێنەکەی خاتوو نەریمان لە دوو نهۆم پێکهاتووە، نهۆمی خوارەوە هۆڵێکی گەورەیە کە تایبەتە بە چێشتخانە و هەموو کەلوپەل و پێداویستییەکانی خواردن و شیرینی دروستکردنی تیادایە و جگە لە خۆی و ئەو چەند ئافرەتەی کە کاری لەگەڵدا دەکەن، کەسی دیکە ناچێتە شوێنەکە و بەشێوەیەکی باش رەچاوکردنی مەرجە تەندروستییەکانی تیادا دیارە، لەناو هۆڵەکەدا ئەسانسۆرێکی بچووک هەیە بۆ گواستنەوەی ئەو مەنجەڵە گەورانەی کە پڕیەتی لە خواردن و لە نهۆمی سەرەوە کارمەندێکی دیکە مەنجەڵەکانی خواردن وەردەگرێت و دەیدات بەو کەسانەی کە بۆیان دروستکراوە.
خاتوو نەریمان شێخ محەمەد خاوەنی شوێنی نانا لە میانی دروستکردنی دۆڵمەدا، ئاماژەی بە پێکهاتە و شێوازی دروستکردنەکەی کرد و بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "یەکەمجار بە دروستکردنی کونافە و شیرنەمەنی دەستم بە کارەکەم کرد و سەرەتا لە ماڵەوە لە رێگای سۆشیالمیدیاوە، خەڵک دەیزانی کە شیرینی دروست دەکەم، دواتر ئەو شوێنەی ئێستام دانا، وێرای کارەکەی خۆم، هاوکات توانیوومە هەلی کار بۆ چەند ئافرەتێکی دیکەیش بڕەخسێنم و رۆژانە وەکو یەک تیم خزمەتگوزارییەکانمان پێشکەش دەکەین".
خاتوو نەریمان شێخ محەمەد ئاماژەی بەوەیش کرد کە رۆژانە داواکاری خواردنیان زۆرە لەوانە دۆڵمە، بریانی، مریشکی مەحشی، عروق، بوڕمە، کولیچە و جۆرەکانی دیکەی خواردن و جەختی لەوەشکردەوە کە بە پلەی یەکەم، خواست لەسەر دۆڵمە زۆرە بەجۆرێک بووەتە خواردنێکی رۆژانە.
ئەوەی کە دۆڵمەی هەولێر لەگەڵ شوێنەکانی دیکە جیادەکاتەوە ئەوەیە کە دۆڵمەی هەولێر جگە لەوەی رەنگی سوورە و چەندین سەوزەی وەک پیاز، تەماتە، کودی (کولەکە) باینجان، بیبەر، خەیار و سڵقی تیادایە، بەڵام شێوازی چاککردنی پیازەکە لە هیچ ناوچەیەکی دیکە بەکارنایەت بە جۆرێک لە هەولێر سەرەتا بە چەقۆیەکی تایبەت ژێرەوەی پیازەکە دەکۆڵن و دواتر هەموو چینەکانی ناوەوەی وەکو یەکتر دەردەهێنن و بۆ تێکردنی برنجی ناو دۆڵمەکە بەکاری دەهێنن، پیاز لە ناوچەکانی دیکە جیاوازە و لە شارەکانی دیکەی ناوەڕاست و خوارووی عێراق، لەڕێگای خستنە ناو ئاوی گەرمەوە چینەکانی پیازەکە لەیەکتر دەکەنەوە، هەروەها لە شارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستانیش، سەر و ژێری پیازەکە بە چەقۆ دەبڕن.
لەبارەی ئەو کەرەستانەی کە بۆ دروستکردنی دۆڵمە بەکاری دەهێنێت، خاتوو نەریمان شێخ محەمەد گوتی: "سەرەتا کودی و پیاز لە رۆن دا سوور دەکەینەوە، ئینجا تێکەڵ بە برنجەکەی دەکەین، دەبێت ئەوە بڵێین کە ئێمە لە دروستکردنی دۆڵمەدا، برنجی کوردی بەکاردەهێنین، دواتر سۆسی تەماتە و بینەری رەشی تێدەکەین، پاشان سرکەی هەناری تێدەکەین و ئینجا جوان تێکەڵی یەکتری دەکەین".
خاتوو نەریمان لەتەک کەرەستەکاندا، مەنجەڵێکی گەورەی لەسەر مێزێک داناوە و لەناوەوە بە چەند قاچکە سڵقێک دایپۆشتووە، دواتریش چەند پەراسویەکی لەپاڵ یەکتر داناوە، ئینجا ئەو کەرەستانەی کە برنجی دۆڵمەکەیان تێدەکات، بە ریز لەناو مەنجەڵەکە دایاندەنێت و بەدەم کارکردنەوە گوتی: "سەرەتا ژێرەوەی مەنجەڵەکە لە رووی ناوەوەی بە لاسکی سڵق دادەپۆشین، ئینجا چەند بەراسویەکی ئاژەڵ دادەنێین، پاشان دەست بە پێچانەوەی کەرەستەکان دەکەین، سەرەتا بیبەرەکە دادەنێین بەهۆی ئەوەی درەنگتر لە کەرەستەکانی دیکە دەکوڵێت، ئینجا بەپێی ریزبەندی کوڵانەکە، کودی، باینجان، خەیار و لە کۆتاییشدا پیازی لە سەرەوە دادەنێین".
دوای پێچەوانەی دۆڵمەکە، هەندێک سماقاوی تێدەکەن و دواتیش بۆ رێگرییکردن لە هەڵوەشانەوەی کەرەستەکانی ناو مەنجەڵەکە، بەردێکی تایبەتی پان لەسەر کەرەستەکان دادەنێن و ئاگرێکی کزی لە ژێرەوەی هەڵدەکەن و دوای نزیکەی یەک کاتژمێر پڕۆسەی کوڵانەکە تەواو دەبێت و ماوەی چەند خولەکێک سەری مەنجەڵەکە واڵا دەکەن بۆ ئەوەی هەوا لێی بدات و ئەمەش پەیوەندی بە کارلێکی کەرەستەکانەوە هەیە و تامی خۆشتر دەبێت.
بە گشتی دوای کوڵانی دۆڵمەکەش، لەسەر سێنییەکی گەورە روو دەکرێت و ئینجا خوازیارانی لەسەر سفرەیەک کۆدەبنەوە و لە رێگای کەوگیرەوە دۆڵمەکە دەخەنە قاپەکانی بەردەمیان.
هەرچەندە لە ساڵی ٢٠١٧دا دۆڵمە وەک خواردنێکی رەسەنی عوسمانییەکان لە یونیسکۆ تۆمار کرا، بەڵام وڵاتانی دیکەیش خواستی ئەو جۆرە خواردنەیان زۆرە و ئێستاش لە زۆرێک لە کۆڕ و کۆبوونەوەکان و بەتایبەتیش لە بۆنە و پشووەکان، دۆڵمە دەبێتە خوانی سەر سفرەکان.
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن