دھۆک.. ھەیفا محەمەد یەکەم ئافرەت کە ئۆتۆمبێلی بارھەڵگری لێخوڕیوە
- هەیفا محەمەد ئافرەتێکی تەمەن ٣٤ ساڵ، یەکەم ئافرەت بووە کە پێنج ساڵ لەمەوبەر، مۆلەتی گشتیی شوفێری وەرگرتووە و لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی دهۆک-ەوە خەڵات کراوە.

Dahuk
دهۆک - AA
لینکی فۆتۆەکان https://www.aa.com.tr/ks
لینکی ڤیدیۆ https://www.aa.com.tr/ks
یەکەم ئافرەت کە لە سنووری پارێزگای دھۆک مۆڵەتی گشتیی شوفێری بەدەست ھێناوە و ھەموو جۆرە ئۆتۆمبێلێک لێ دەخوڕێت و کاری چاککردنەوەی ئۆتۆمبێلیش بە باشی دەزانیت، ئێستا پیشەکەی کردووەتە ئەوەی کە ئافرەتان فێری شوفێری بکات و لە نووسینگەیەکی تایبەت بە فێرکردنی شوفێری زیاتر لە دوو ھەزار ئافرەتی فێری لێخوڕینی ئۆتۆمبێل کردووە.
ھەیفا محەمەد کە تەمەنی ٣٤ ساڵە و خەڵکی شاری دھۆک-ە، ئەو ئافرەتەیە کە لە سنووری پارێزگاکە یەکەم ئافرەت بووە کە بتوانێت مۆڵەتی گشتیی شوفێری بە دەست بھێنێت و ئێستا ھەموو جۆرە ئۆتۆمبێلێک لێ دەخوڕێت بە ئۆتۆمبێلی پیک ئاپ و بارھەڵگریشەوە.
ئافرەتە راھێنەری فێرکردنی شوفێری، ھەیفا محەمەد لە بارەی ئەزموونی کارەکەی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو قسەی کرد و گوتی: "زۆر حەزم لە لێخوڕینی ئۆتۆمبێل ھەبووە، بۆیە ھەر زوو دەستم بە لێخوڕینی ئۆتۆمبێل کرد و بەرلە پێنچ ساڵ من یەکەم ئافرەت بووم لە سنووری پارێزگای دھۆک کە بتوانێت مۆڵەتی گشتیی شوفێری بە دەست بھێنێت و بۆ ئەم ئامانجەیش خێزانەکەم زۆر ھاوکارم بوون".
ھەیفا محەمەد گوتیشی: "دوای ئەوەی کە مۆڵەتی گشتیی شوفێریم وەرگرت بیرم لەوە کردەووە کە ئافرەتانی سنووری پارێزگای دھۆک فێری لێخوڕینی ئۆتۆمبێل بکەم چونکە ئەو کات کەم ئافرەتی دھۆک ئۆتۆمبێلیان لێ دەخوڕی، بۆیە بەرلە پێنچ ساڵ لە نووسینگەیەکی تایبەت بە فێرکردنی شوفێری کە بەشی ئافرەتانی کردەووە لەوێ دەست بە کار بووم و لەو کاتەوە تا ئێستا بەردەوامم لەسەر کارەکەم و زیاتر لە دوو ھەزار ئافرەتی سنووری پارێزگای دھۆک-م فێری لێخوڕینی ئۆتۆمبێل کردووە".
ھەیفا محەمەد دەشڵێت "خێزاندارم و خاوەنی سێ منداڵم، هاوسەرەکەم زۆر یارمەتیم دەدات و ئەگەر ئەو نەبوایە نەمدەتوانی ئەو کارەی ئێستا بکەم".
ھەیفا محەمەد لە بارەی لێخوڕینی ئۆتۆمبێلی گەورە و بارھەڵگریشەوە گوتی: "لەبەر ئەوەی من راھێنەری شوفێریم و دەتوانم خەڵک فێری لێ خوڕینی ئۆتۆمبێل بکەم، بیرم لەوە کردەوە کە مادەم دەتوانم خەڵک فێر بکەم، دەبێت بتوانم ھەموو ئۆتۆمبێلێک لێ بخوڕم و حەزیشم ھەبوو کە ئۆتۆمبێلی گەورە لێ بخوڕم بۆیە بەشداری خولێک بووم بۆ لێخوڕینی ئۆتۆمبێلی بارھەڵگر بێ ئەوەی پێشتر ئەو ئەزموونەم ھەبێت، من یەکەم دەرچووم لەسەر خولەکە و ئێستا ھەموو جۆرە ئۆتۆمبێلێکی گەورە لێ دەخوڕم".
ئەو باسی لەوەیش کرد کە جگە لە لێخوڕینی ئۆتۆمبێلی بچووک و گەورە، توانایەکی باشیشی ھەیە لە چاککردنەوەی ئۆتۆمبێل و گوتی: "زۆر جار من خۆم ھەندێک کێشەی ئۆتۆمبێلەکەم یان ئەو ئۆتۆمبێلانەی کە لێیان دەخوڕم چارەسەر دەکەم".
ھەیفا محەمەد لە کۆتایی قسەکانییدا گوتی: "زۆر لە ئافرەتانی سنووری پارێزگای دھۆک تەنانەت کوردستانیش ئەو جورئەتە ناکەن کە ئۆتۆمبێل لێبخوڕن، من پێیان دەڵێم ئافرەتیش وەکو پیاو ھەموو توانایەکی ھەیە و ئەگەر ئیرادەیان ھەبێت نەک تەنها لێخوڕینی ئۆتۆمبێل بەڵکو دەتوانن ھەموو کارێک بکەن".
ھەیفا محەمەد یەکەم ئافرەت بووە لە سنووری پارێزگای دھۆک کە بتوانێت موڵەتی گشتیی شوفێری بە دەست بھێنێت و یەکەم ئافرەتیش بووە لە سنووری پارێزگاکە، کاری راھێنەری فێرکردنی ئۆتۆمبێل بکات، هەروەها یەکەم ئافرەتیش بووە لە سنووری پارێزگاکە ئۆتۆمبێلی بارھەڵگر لێخوڕبێت و لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی ھاتوچۆی پارێزگای دھۆک-یش رێزی لێ گیراوە و خەڵات کراوە.
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن