دهۆک.. وەرزی دروێنەکردنی برنج لە قەزای بەردەڕەش دەستی پێ کرد
- جووتیار، رزگار ئەسعەد کەتۆ : "برنجمان توانای رکابەرییکردنی لەگەڵ برنجە بەناوبانگەکانی دونیا هەیە و بەهۆی ئەوەی هیچ ئاسانکاریی و هاوکارییەکمان بۆ ناکرێت، ناتوانین برنج هەناردە بکەین".

Arbil
هەولێر - AA
لە سنووری قەزای بەردەڕەش سەربە پارێزگای دھۆک، وەرزی دروێنەکردنی برنج دەستی پێ کردووە و لەم ناوچەیەدا چەند جۆرێک برنج دەچێندرێت و کاتی دروێنەکردنی ھەر جۆرێکیان جیاوازە و لەئێستاشدا، جۆری تەحالف کە خواستی زۆری لەسەرە، دروێنە دەکرێت.
لە ناوچەکانی سنووری قەزای بەردەڕەش وەک سەرجەم ناوچەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان لە سەرەتای مانگی ئایارەوە دەست دەکرێت بە چاندنی برنجی عەمبەر و پرۆسەکە تا کۆتایی مانگی ئایار بەردەوام دەبێت، هەروەها لە ١٥ی حوزەیرانەوە دەست دەکرێت بە چاندنی جۆری شەش مانگی، جۆری سێیەمی برنجیش ھەیە کە پێی دەڵێن برنجی تەحالف و ئەم جۆرەیش لە ١٥ی ئایار تا یەکی تەمووز دەچێنرێت.
لەئێستادا وەرزی دروێنەکردنی برنج دەستی پێ کردووە و خاوەنی یەکێک لە زەوییەکانی گوندی دلێجان کەتۆ سەربە قەزای بەردەڕەش کە خەریکی دروێنەکردنی برنجی تەحالف بوو، ئاماژەی بەوە کرد کە جگە لە ماندووبوونییان بە کارەکەوە، ئەمساڵ نرخی پەینی کیمیایی بووەتە دوو بەرامبەر و گلەیی لە نرخی کارەبای بیرەکانیش دەکات، هاوکات کێشەی وشکەساڵیی بە بەشێکی دیکەی ئەو گرفتانە دەزانێت کە رووبەڕووی جووتیاران دەبێتەوە.
ئامێری دەڕاسە بۆ دروێنەکردن بەکاردێت، زۆرجاریش بەهۆی ئەوەی زەوییەکە قوڕ و لیتەیە کێشە بۆ کاری دەڕاسە دروست دەبێت، بەڵام ئەمساڵ جۆرێکی دیکە دەڕاسە هاتووەتە هەرێمی کوردستان کە لە بری تایەکان، زنجیری بۆ دروستکراوە و ئەمەش وا دەکات زەوییەکە هەرچۆنێک بێت، ئەم ئامێرە بە ئاسانی هاتوچۆ بکات و لەسەر یەکێک لە زەوییەکانی گوندی دلێجان کەتۆ، کۆمەڵێک کەس برنج دروێنە دەکەن و یەکێک لەوان مامۆستای زمانی ئینگلیزییە لە گوندەکە کە هاوشان لە پاڵ کاری مامۆستایەتی، کاری دروێنەی برنجەکەش دەکات و ئاماژە بەوە دەکات کە ئێستا بەهۆی بوونی چەند ئامێرێکی پێشکەوتوو، کاری دروێنەکردن بۆ جووتیاران ئاسانتر بووە و لەمبارەیەوە مامۆستا عیماد عەبدولعەزیز بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئێمە ساڵانە لەدوای وەرزی بەهار دەست بە چاندنی برنج دەکەین و لەم وەرزەشدا دەست بە دروێنەکردنی برنجەکە دەکەین، هەرچەندە ئێستا ئامێری پێشکەوتوو هاتووە و ئەمەش هاوکارییەکە بۆ جووتیاران و کارەکان ئاسانتر دەکات. لە مانگی ئایار بۆ مانگی ئەیلوول دەست دەکەین بە چاندن و دواتر کە برنجەکە گەشە دەکات، دەبێت گژ و گیاکەی لێ پاک بکەینەوە، جاران بە دەست بژار دەکرا، بەڵام ئێستا بە دەرمان چارەسەری دەکەین، دواتر وەرزی پێگەیشتنی برنجەکە دێت".
عیماد عەبدولعەزیز لەبارەی جۆرەکانی برنجی لە دەڤەرەکەیان، گوتی: "لەم ناوچەیە برنجی کوردی خۆماڵی، سێ مانگی، شەش مانگی، تەحالف و عەمبەر هەیە، بەڵام وەکو خۆشترین تام، ئەوا شەش مانگیی یەکێکە لە برنجە هەرە بەتامەکان، بێگومان بە گشتی زەوییەکە چەند تەخت بێت ئەوەندە باشترە، چونکە ئەم برنجە دەبێت ئاوی لەسەر بێت".
دوای چاندن و پێگەیشتن و دروێنەکردنی برنج، قۆناغێکی دیکە دەست پێ دەکات ئەویش سپییکردنەوەی برنجەکەیە بەرلەوەی بیبەن بۆ ئاش، ئەوەیش لە رێگای ئامێری هەباشە دەکرێت.
ئامێری هەباشە، ئامێرێکی وەک ئاش وایە، لەسەرەوە برنجەکەی لە رێگای سەتڵەوە دەکەیتە ناو دەمی و برنجێکی سپێ دەخاتەخوارەوە و لەم وەرزەدا بەردەوام ئامێرەکە چەند کرێکارێکی بەدەوروەیە و برنجە دروێنەکراوەکە سپی دەکەنەوە بۆ ئەوەی دواتر بیبەن بۆ ئاش.
سدقی محەمەد کە خاوەنی یەکێک لە مەکینەکانی هەباشەیە، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئامێری هەباشە برنجەکە سپی دەکات و دواتر دەیبەنە ئاش و ئامادە دەکرێت بۆ خواردن، لەم کاتەدا ٢٠ رۆژ تا مانگێک ئێمە کارمان دەبێت، ئەمساڵ پێگەیشتنی برنج کەمێک درەنگ کەوت دەنا لە سەرەتای مانگی تشرینی یەکەم تا مانگی تشرینی دووەم وەرزی دروێنەکردنە و ئێمە نزیکەی مانگێک کاردەکەین و خەڵک برنجەکە دەهێنێت بۆ سپیکردنەوە".
هاوکات خاوەنی یەکێک لە زەوییەکانی گوندی دلێجان کەتۆ، ئاماژە بە وشکەساڵیی و کاریگەری لەسەر بەرهەمهێنانی برنج دەکات و دەڵێت بەهۆی کەمئاوییەوە بەرهەمهێنانی برنج کەمترە لە پارساڵ و لەمبارەیەوە رزگار ئەسعەد کەتۆ بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەمساڵ بەهۆی کەمی بارانەوە وشکەساڵیی بوو، بەم هۆیەوە ئاو دادەکەوێت و جووتیار زەرەری پێ دەکەوێت، قەبارەی برنج ئەمساڵ کەمترە لە پار، چونکە برنج بە ئاو گەشە دەکات و ئەمەش وایکردووە بەرهەمی برنج کەمتر بێت".
رزگار ئەسعەد کەتۆ گوتیشی: "ئەگەر حکوومەت پاڵپشتی جووتیاران بکات، ئەوا دۆخی جووتیاران زۆر باشتر دەبێت و دەتوانین برنجەکە هەناردەی دەرەوە بکەین، چونکە پارساڵ تۆنی پەینی کیمیایی بە ٣٥٠ هەزار دینار بوو، بەڵام ئەمساڵ بووەتە ٧٠٠ هەزار لەکاتێکدا دۆلار تەنیا سەدا ٣٠ زیاد بووە، هەروەها نرخی کارەباش بۆ بیرەکان زۆر گرانە و دەرمانەکانیش نرخیان بەرزە، ئەمانە هەمووی وایکردووە کە بەرهەمهێنانی برنج کەمتربێت و جووتیاران سوودی زۆریان پێ نەگات".
لەبارەی ئەگەری هەناردەکردن و خواستی هاووڵاتییان لەسەر برنج، رزگار ئەسعەد کەتۆ دەڵێت "برنجمان توانای رکابەریی لەگەڵ برنجە بەناوبانگەکانی دونیا هەیە، خەڵک دێت نموونەی برنجمان دەبات و دواتر ئەگەر بیەوێت بۆی هەناردە بکەین. بەهۆی ئەوەی هیچ ئاسانکاریی و هاوکارییەکمان بۆ ناکرێت، بۆیە ناتوانین برنج هەناردە بکەین، ئەگەرنا بە دڵنیایییەوە لە دەرەوە خواستێکی زۆر لەسەر برنجی کوردی هەیە".
دوای قۆناغی چاندن، پێگەیشتن، دروێنەکردن و سپیکردنەوە، ئینجا قۆناغی لێکردن لە ئاش دەست پێ دەکات، ئاشی برنج جیاوازە لە ئاشی گەنم، ئەمەیان لەسەرەوە برنج لە عەمباری ئاشەکە دەکەیت و دواتر برنجەکە دەڕژێتە سەر شوێنێک کە تەنیشتەکانی تەخەدار و ناوەڕاستیشی وەک بێژینگ وایە کە سێ جۆر برنج جیادەکاتەوە و لە کۆتاییدا برنجە پوختەکە دەردەچێت.
لە شوێنی یەکەمی رژانی برنجەکە، کەرتە برنج جیادەبێتەوە کە بۆ دۆڵمە و کفتە بەکاردێت و لە شوێنی دووەمیش جۆرێکی تێکەڵاو لە کەرت و برنجی پوخت جیادەبێتەوە بۆ ئەوەی جارێکی دیکە لە ئاش بدرێتەوە، جۆری سێیەمیش کە کەوتووەتە کۆتایی بێژنگەکە برنجێکی پوخت دەردەچێت و ئەمیان بۆ خواردن و فرۆشتن دەبێت، ھەروەھا لە بەشی تەنیشتی ئاشەکەش، ئاردی برنجەکە دەردەچێت و بۆ ھەر ١٩ کیلۆگرام کە دەکاتە دوو ربە، بڕی ھەزار دینار وەردەگرێت.