Arbil
هەولێر - AA هێمن حوسێن
تەسبیح بریتییە لە کۆکردنەوەی چەند دەنکۆڵەیەکی ئەندازەیی لە ماددەی بەرد، دار و پلاستیک بە شێوەیەکی بازنەیی لە دەزووێکدا، ئەو تەسبیحە لە نەریتە جیاوازەکاندا بۆ مەبەستی جیاجیا بەکاردەهێندرێت و چەندین قەبارە و رەنگ و ماددەی هەیە.
لە کۆنەوە دروستکردنی تەسبیح بەشێوازێکی نەریتیی بووە و بۆ دروستکردنی یەک دانە تەسبیح چەند رۆژێک کاتی ویستووە، بەڵام ئێستا بەهۆی ئامێری تایبەتەوە، کارەکانی دروستکردنی تەسبیح ئاسانتر بووە و چەراخێکیش ماوەی چەند ساڵێکە دەستی داوەتە پیشەکە و چەند داهێنانێکی لە شێوازی دروستکردنی تەسبیحدا کردووە، بەجۆرێک لە دەنکەکانی تەسبیحەکە، فانۆس، لامپا، پیاڵە و چەندین شتی دیکەی نەخشاندووە و ئەمەیش وەک زیندووکردنەوەی شتە کۆن و کەلەپوورییەکان وەسف دەکات.
فەرهاد چەراخ، دانیشتووی کۆمەڵگای مەلائۆمەر سەربە پارێزگای هەولێر، ماوەی هەشت ساڵە خەریکی دروستکردنی تەسبیحە، ئەو لە ژوورێکی نهۆمی سەرەوەی ماڵەکەی، چەندین ئامێری تایبەت بە بڕین و کونکردنی دەنکەکان و درەوشانەوەی دەنکەکان هەیە و رۆژانە بە تاشینی بەرد و ماددە گرانبەھاکان سەرقاڵی دروستکردنی تەسبیحە.
ئەو سەرەتا ماددەکان لە شێوەی قالب لە تورکیا دەکرێت و هاوردەی دەکات، دواتر لە رێگای مشارەوە دەست دەکات بە بڕینی قالبەکان، پاشان چوارگۆشەی بچووک بچووکی لێ دەردەچێت، ئینجا لە رێگای ئامێرێکی دیکەوە دەست دەکات بە داتاشینی قەبارەی بازنەیی و ئینجا کونکردنی دەنکەکە، دواتر لە رێگای ئامێرێکەوە کە تایبەتە بە درەوشانەوە، دەنکە تەسبیحەکە بە دوو قۆناغ تێپەڕ دەبێت، یەکێکیان قۆناغی نەهێشتنی شوخت و کونی بچووکە و ئەوەی دیکەش قۆناغی کۆتایی دەنکەکەیە کە بریتییە لە درەوشانەوە و بریقەدارکردنی دەنکەکان، ئینجا لە رێگای دەزوویەکەوە دەنکەکان بەیەکەوە دەبەستێتەوە و دەبێتە تەسبیح.
فەرهاد چەراخ بەدەم بڕین و داتاشینی دەنکە تەسبیحەکانەوە، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "پێش هەشت ساڵ دەستم بەم کارە کرد، پێشتر کە ئارەزووم لەسەر تەسبیح هەبوو، مەواد و شتەکانم دەکڕی و دەمدایە وەستایەک بۆ ئەوەی تەسبیحم بۆ دروست بکات، زۆرجار کارەکەیان دوادەکەوت، منیش بەهرەم لە کاری دەستی هەیە بۆیە بڕیارمدا بۆخۆم تەسبیح دروست بکەم و سەرەتا کارەکانم بە شێوازی نەریتیی دەکرد و زۆرجار هەبوو کەسوکارم پرسیاریان دەکرد کە بەچییەوە خەریکم و پێیان سەیر بوو دەستم داوەتە کارێکی دەستی کە پێشتر ئەزموونم لێی نەبووە، چونکە کاری بڕینی دەنکەکانم لە رێگای مشاری دەستییەوە دەکرد، یەکەم تەسبیحم دروست کرد کونی دەنکەکانی خوار و خێچ بوو، چونکە یەکەم ئەزموونم بوو، بەڵام رۆژ بە رۆژ گرنگیم بە کارەکەم دەدا و دواتر ئامێری دیکەم کڕی و ئێستاش سەرجەم ئامێرەکانی دروستکردنی تەسبیحم هەیە".
ئەو پیشەوەرە ئاماژە بەوە دەکات کە خواستی لەسەر تەسبیحێکی گرانبەها زیاتر وایکردووە کە پەرە بە کارەکەی بدات و گوتیشی: "رۆژێک بە بازاڕدا دەڕۆیشتم، تەسبیحێک سەرنجی راکێشام، منیش پرسیاری نرخەکەیم کرد و تەسبیحفرۆشەکە گوتی گرانە و نرخی ٤٥٠ هەزار دینارە، منیش تەسبیحێکەم لێی کڕی و ئەوەش بووە هۆکارێکی دیکە بۆ ئەوەی لە کارەکەم بەردەوام بم و بیر لە داهێنان بکەمەوە".
لەبارەی جۆر و کارەکانی دروستکردنی تەسبیح، فەرهاد چەراخ گوتی: "جۆری کەهرەمان (کارەبا) زۆر ناسکە و نرخیشی گرانە بەهۆی ئەوەی ماددەکەی بەردە، ماددەکە لە شیلەی دارێک دروست بووە، ئەو شیلەیە دواتر لە دارەکە کەوتووەتە خوارەوە بۆ ناو دەریا، دوای چەندەها ساڵ دەبێتە بەرد و دەتوانین لە دروستکردنی تەسبیح بەکاری بهێنین".
بە گوتەی ئەو پیشەوەرە جۆری کەهرەمان لە رێگای چەند تاقیکردنەوەیەک دەناسرێتەوە و ئەو دەڵێت: "ئەگەر ماددەی کەهرەمان لە ئاوێکی خوێواوک دابنرێت ئەوا سەرئاو دەکەوێت، هەروەها بۆنێکی تایبەتی هەیە، جگە لەوەش هێزی راکێشانی هەیە بەجۆرێک دەنکەکانی لەیەکتربخشێنی ئەوا هێزی راکێشان دروست دەکات و دەتوانێت وردە خۆڵ و سۆتەکی جگەرە لە زەوی هەڵگرێتەوە و هێزێکی موگناتیسی دروست دەکات".
فەرهاد چەراخ ژمارەیەکی زۆر تەسبیحی لە ژوورەوە هەڵواسیووە و وەک خۆی دەڵێت بە دروستکردنی لامپا، فانۆس و پیاڵە چەند داهێنانێکی لە دروستکردنەکەیدا کردووە و گوتی: "جیا لە دروستکردنی دەنکە خڕ و هێلکەییەکانی تەسبیح، ئەوا لامپا، فانۆس و پیاڵە و ژێرپیاڵەشم لە نێوان دەنکەکە و ئیمامەکەدا دروستکردووە، دەمەوێت ئەو شتە کۆن و فۆلکلۆرانەی لە پێشدا هەبوون، ئێستا وەکو یادگارییەک لە دروستکردنی تەسبیحدا زیندوویان بکەمەوە".
تەسبیح بۆ زۆر مەبەست هەڵدەگیرێت لە بۆنە ئایینی و کۆمەڵایەتییەکاندا، بەڵام وەک فەرهاد چەراخ ئاماژەی پێ دەکات، جگە لە بۆنەکان و بەخشینی وەک دیاری، ئەوا تەسبیح ئارامبەخشە و گوتی: "من زۆرجار شەوانە تووشی خەوزڕان بوومە، بەڵام کاتێک دەستکاری تەسبیحەکانم کردووە، هەستم بە ئارامی کردووە و خەوم لێ کەوتووەتەوە، بۆیە دەتوانین تەسبیح وەک ئارامکەرەوە بەکاربهێنین".
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
