جوانی دیمەنی گۆمی فێڵاو
ـ گۆمی فێڵاو بە یەك لە جوانترین و بەرزترین گۆمەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق دادەنرێت و دیمەنی سەرنجڕاكێشی گۆمەكە لە چوار وەرزەی ساڵدا، سەرنجی گەشتیارانی بۆ خۆی راكێشاوە.

As Sulaymaniyah
سلێمانی ـ AA
گۆمێ فێڵاو دەكەوێتە دامێنی بناری چیای سێكێڵ و چیای حەساری سەكران لە نزیك قەزای چۆمان بە دووری 160 كلم باكووری رۆژهەڵاتی هەولێر، ئەم گۆمە زیاتر لە سێ هەزار مەتر لە ئاستی رووی دەریاوە بەرزە و بە یەك لە بەرزترین گۆمەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق دادەنرێت.
گۆمەكە رێگەیەكی سەخت و دژواری هەیە و دوای چەند كاتژمێرێك بەپێ رۆشتن ئەوكات گەشتیار دەتوانێت بگاتە سەر گۆمەكە، بەڵام جوانی دیمەنی ناوچەكە و سەر گۆمەكە و فێنكی ئاووهەوای ناوچەكە، سەختی و زەحمەتی رێگای سەركەوتن و گەیشتن بە گۆمەكە هیلاكی لە جەستەی گەشتیاران دەڕەوێنێتەوە.
هەڵكەوتەی جوگرافی ناوچەكە و مانەوەی بەفری سەر چیاكانی دەورووبەری، وای كردووە لەم گەرمایەی وەرزی هاویندا كە پلەكانی گەرما لە ناوچەكانی هەرێمی كوردستان دەگاتە 40 تا 45 پلەی سیلیزی، بەڵام لەم ناوچەیەدا لەئێستاشدا نزمترین پلەی گەرمی هەیە كە نزیكەی 10 پلەی سیلیزییە.
ئەم گۆمە لە چوار وەرزەی ساڵ بەتایبەت وەرزی بەهار كە دیمەنێكی سەرنجڕاكێش و ناوازەتری هەیە و دیمەنی چیا و دار و سروشتی ناوچەكە لەناو ئاوەكەدا نەخشاندووە، هەروەها لە وەرزەكانی هاوین پاشان پاییز و زستانیش بەردەوام گەشتیاری خۆی هەیە و جگە لە شارەكانی هەرێمی كوردستان لە ناوچەكانی تری عێراقیشەوە گەشتیار رووی لێدەكات و زۆربەشیان شەو لەو ناوچەیە دەمێننەوە.
گەشتیاران خوازیارن حكوومەتی هەرێمی كوردستان گرنگی بەو ناوچەیە بدات و رێگای گەیشتن بەسەر گۆمەكە ئاسان بكات، تاوەكو بتوانن لە ماوەیەكی كەمتر و بە شێوەیەكی ئاسانتر بگەنە سەر گۆمەكە.