هونەر و كلتوور, ژيان

تەسبیح وەک کولتوور

تەسبیحفرۆش جەبار نەجم: "تەسبیح بە چەند هەنگاوێک درووست دەکرێت، هەنگاوی یەکەم ئەوەیە لە مانگی تەمووزدا وەستاکان دەچن قەزوانەکە دەنەخشێنن و بە دارەکەیەوە دەمێنێتەوە تا مانگی تشرینی یەکەم، هەنگاوی دووەمیش ئەوەیە کە دوای مانگی تشرینی یەکەم دەچن قەزوانەکە کۆدەکەنەوە و دەیهێنن بۆ لای ئێمە".

hemn husain  | 25.05.2016 - نوێکردنەوە : 27.05.2016
تەسبیح وەک کولتوور

هەولێر

باغی شار کە دەکەوێتە ناوجەرگەی بازاڕی شاری هەولێر لە کۆنەوە جێگای فرۆشیار و کڕیارانی تەسبیح بووە و ئەوەیش بووەتە هۆی ئەوەی کە ئەو شوێنە وەکو جێگایەکی شوێنەوار و کولتووری سەیربکرێت و هەمیشە ئارەزوومەندانی ئەو بوارە لەو شوێنەدا کۆدەبنەوە.

یەکێک لە فرۆشیارانی تەسبیح لە بازاڕی شاری هەولێر ئاماژە بە جۆرەکانی تەسبیح دەکات لە جیهاندا بە گشتی و جۆرەکانی قەزوان لە کوردستان بەتایبەتی.

خاوەنکار، مام جەبار نەجم تەمەن 63 ساڵ کە ماوەیەکی زۆرە ئەو کارە دەکات، ئاماژە بە چۆنێتی درووستکردنی جۆرەکانی تەسبیح دەکات لەوبارەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "تەسبیح جۆری زۆرە، هەندێکیان هاوردە دەکرێن و هەندێکیان خۆماڵین، ئەوانەی خۆماڵین بریتین لە جۆری قەزوان کە ئەو جۆرەیان تەنیا لە کوردستان هەیە و بە باشترین جۆری تەسبیح دادەنرێت لە کوردستان، ئەوەیش بە چەند هەنگاوێک تێدەپەڕێت تاوەکو دەتوانی تەسبیحی لێ درووست بکرێت".

مام جەبار نەجم، ئاماژەی بە دوو هەنگاوی سەرەکی کرد بۆ درووستکردنی تەسبیح و گوتی: "تەسبیح بە چەند هەنگاوێک دورست دەکرێت، هەنگاوی یەکەم ئەوەیە لە مانگی تەمووزدا وەستاکان دەچن قەزوانەکە دەنەخشێنن و بە دارەکەیەوە دەمێنێتەوە تا مانگی تشرینی یەکەم، هەنگاوی دووەمیش ئەوەیە کە دوای مانگی تشرینی یەکەم دەچن قەزوانەکە کۆدەکەنەوە و دەیهێنن بۆ لای ئێمە لە بازاڕ و ئێمەش پۆڵینییان دەکەین کە دەنکە قەزوانە، ورد و درشت و مامناوەندەکان، لەیەکتر جیادەکەینەوە و، لە دەنکە وردەکان تەسبیحی 300 دەنکی و لە دەنکە گەورەکانیش تەسبیحی 200 دەنکی لێ درووست دەکەین، زۆرجاریش بەپێی خواستی کڕیار دەنکەکان کەم و زیاد دەکەین".

- جۆرەکانی تەسبیح

تەسبیح چەند جۆرێکی هەیە وەکو قەزوان و لاسوورە و بەرزنجە و تەیلەق و کارەبا و باغەیی و شووشەیی و چەندین جۆری دیکە و کە هەر یەکێک لەوانەش نرخێکی تایبەتی خۆی هەیە بە تایبەت جۆری قەزوان کە کڕیاری تایبەتی خۆی هەیە و لەلایەن کەسانی دەوڵەمەند دەکرێنە دیاری و تەنانەت سەرکردەکانی جیهانیش زۆرجار لە کاتی دەرکەوتنییان تەسبیحێکیان لەدەستە.

مام جەباری تەسبێحفرۆش، ئاماژەی بە جۆرەکانی تەسبیح کرد و گوتی: "تەسبیح جۆری زۆرە و یەکێک لەوانە قەزوانی لاڕەشەیە کە من بە 600 دۆلار فرۆشتوومە، لەدوای ئەوەیش تەسبیحی قەزوانی بەرزنجە و ئەبرەق بە پلەی دووەم دێت و ئەو پلەبەندییەش پەیوەندی بە جۆری دارەکە هەیە کە قەزوانی لاڕەشە بریقەدارتر و جوانترە".

بەڵام سەبارەت بە جۆرەکانی تەسبیح لە جیهاندا و گرانترین نرخییان، مام جەبار گوتی: "جۆرەکانی تەسبیح لە جیهاندا زۆرە وەکو کارەبا و کرمان و سەندەلووس و عاج و ویوسر و ئینجیر کە لە زمانی تورکی پێی دەڵێن کۆ".

جگە لەوەی تەسبیحی قەزوان بە باشترین جۆری تەسبیح دادەنرێت وەکو تەسبیحێکی خۆماڵی بەڵام مام جەباری تەسبیحفرۆش ئاماژەی بە کۆمەڵێک جۆری تەسبیح دا کە گرانترین تەسبیحن لە جیهاندا و لەمبارەیەوە گوتی: "چەند جۆری تەسبیحی گرانبەها هەیە لە جیهاندا وەکو کارەبای ئەڵمانی و کارەبای رووسی و کارەبای پۆلۆنی، بەڵام گرانترینییان جۆری کارەبای ئەڵمانییە کە نرخی یەک گرامی دەگاتە 60 دۆلار و بەو پێیەش نرخی تەسبیحێک دەگاتە 6 تا 7 هەزار دۆلار و کەمترین نرخیش دەگاتە دوو هەزار دۆلار".

سەبارەت بە ماوەی درووستکردنی تەسبیحەکانیش، مام جەبار گوتی: "دەتوانم رۆژانە 12 تەسبیح درووست بکەم، چونکە دەبێ هەموو دەنکەکان کون کون بکەین و دواتر راستییان بکەین و ئینجا دەزوویان تێهەڵکێشین و پاشان گوڵینگەکان دەچنین و تەسبیحێکی تەواوی لێ دەردەچێت".

جگە لە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان، خواست لەسەر کڕینی لەلایەن خەڵکانی بیانیش خواستی لەسەرە و مام جەبار نەجم ئاماژەی بەوەش کرد کە هاووڵاتییانی تورکیا بە پلەی یەکەم ئارەزووی کڕینی تەسبیح دەکەن و لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: "هاووڵاتییانی تورکیا زۆرتر حەز بە تەسبیحی قەزوان دەکەن و زۆرجاریش دێنە لای من کە تەسبیحیان بۆ درووست دەکەم بەڵام ژمارەی دەنکەکان لەسەر خواستی خۆیانە یان 33 دەنکی یان 99 دەنکییان دەوێت، جگە لەوانەش ئەورووپییەکان هەندێکیان دێن تەسبیحیان دەوێت، بەڵام ئەوان زیاتر تەسبیحەکان لە مل دەکەن بۆ جوانی".

ئەگەرچی بازاڕی تەسبیح فرۆشتن لە شاری هەولێر ژمارەیەکی زۆر فرۆشیاری تێدایە بەڵام مام جەبار نەجم ئاماژە ژمارەی ئەو کەسانە دەکات کە ماوەیەکی زۆرە خەریکی ئەو پیشەن و لە درێژەی قسەکایندا گوتی: "من ماوەی 14 ساڵە ئەو کارەی دەکەم و عەشقی ئەو پیشەیەش بووم و ئێستاش یەکێک لە منداڵەکان خەریکی ئەو کارەیە لەگەڵ من، جگە لەوەش ئەوانەی ماوەیەکی زۆرە لەم بوارەدا کار دەکەن ژمارەیان نزیکەی 65 کەس دەبێت لەناو بازاڕی شاری هەولێر".

تەسبیح بۆ مەبەستی جۆراوجۆر بەکاردێت وەکو زیکرکردن و یادکردنەوەی خودا و زۆرجاریش تەسبیح بۆ خۆخافڵاندن بەکاردێت و لە کۆڕو دیوەخانەکاندا بەدەست پیاوە بە تەمەنەکانەوە دەبینرێت.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın