ژيان

ترشیاتى سلێمانى

زیاتر لە 30 ساڵە کارگەى دروستکردنى ترشیاتى سلێمانى دامەزراوە کە بەترشیاتەکەى ناوبانگێکى باشى پەیدا کردووە، رۆژانەش کڕیارێکى زۆر رووی تێ دەکەن، بەڵام بەهۆى قەیرانى داراییەوە ساغکردنەوەى ترشیات لە بازاڕى سلێمانى کەمى کردووە.

Cemal Sargati  | 02.03.2017 - نوێکردنەوە : 04.03.2017
ترشیاتى سلێمانى

As Sulaymaniyah
سلێمانى-AA

شارى سلێمانى لەڕووى خواردنەکانیەوە ناوبانگێکى باشى هەیە، ترشیات یەکێکە لە خواردنە بەتامەکان و هەمیشەش سەر خوانەکان رازاوەتر دەکات و خەڵکانێکى زۆریش دەیخۆن، ترشیاتى سلێمانى ناوبانگێکى باشى هەیە لە شارەکەدا و رۆژانە برێکى زۆرى لە بازاڕى شاردا ساغ دەکرێتەوە، وەک دروستکەرانى ترشیاتیش دەڵێن لە ئێستادا بەهۆى قەیرانى داراییەوە دروستکردنى ترشیات تاڕادەیەک کەمى کردووە.

خاوەنى ترشیاتى سلێمانى، هەڤاڵ حەمەخالید بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو گوتى: "نزیکەى 30 ساڵە کارى ترشیات دروستکردن دەکەین و بەردەوامیش دەبین. ترشیاتەکانمان بەرووبوومى خۆماڵێن وەک ترۆزى و ئارو و سێوى بن عەرز و کەلەرم و چەند کەرەستەیەکى تر کە بۆ ترشیات دروستکردن بەکارى دەهێنین".

هەڤاڵ حەمەخالید ئەوەشى گوت: "لە ترشیاتى سلێمانى ئێمە دووجۆر کڕیارمان هەیە بەوەى کڕیارمان هەیە ترشیاتى زۆر دەبات ئەویش دەیفرۆشێتەوە، کڕیاریشمان هەیە رۆژانە سەردانمان دەکەن کە ئەوانیش کڕیارانێکى زۆر سەردانمان دەکەن، بەڵام لە ئێستادا کە قەیرانى داراییە کڕیار بەرێژەیەکى بەرچاو کەمى کردووە".

خاونەکەى ترشیاتى سلێمانى دەشڵێت: "ئێمە ناوبانگى باشمان پەیدا کردووە لە شارەکەدا لەبەر ئەوەى زۆرترین خواستى لەسەرە و ترشیاتەکەش تازەیە واتە ترشیاتى رۆژانى تر هەڵناگرین بۆ رۆژانى داهاتوو سەر لەنوێ ترشیاتى نوێ دروست دەکەینەوە، ئەوەش واى کردووە کە ناوبانگێکى باش پەیدا بکات".

لەبارەى چۆنیەتی دروستکردنى ترشیاتی رۆژانە، هەڤاڵ حەمەخالید گوتى: "ئێمە رۆژانە چەند بەرمیلێک ترشیات رەوانەى دوکان دەکەین واتە رۆژانە نزیکەى 600 کیلۆگرام ترشیات رەوانەى دوکان دەکەین".

لەبارەى جۆرەکانى ترشیات لە ترشیاتى سلێمانى ناوبراو گوتى: "کاتى کۆن تەنها دووجۆر ترشیات هەبووە بەڵام ئێستا ئێمە ترشیاتى سوور و زەرد و عەمبە و مەحشى و ترشیاتى رووبەهەنار و ترشیاتى شاهانەمان هەیە".

دەرباز عەبدولغەفوور کە لە کارگەى دروستکردنى ترشیاتى سلێمانى کاردەکات بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو گوتى: "ئەم کارگەیە ماوەى زیاتر لە 30 ساڵە دامەزراوە ترشیاتى خۆماڵى بەرهەم دەهێنین، لەم کارگەیەش کەرەستەکانى ترشیات دروستکردن خۆشە دەکەین پاشانیش بەهۆى تێکەڵکردنیان ترشیات دروستدەکەین".

گوتیشى: "رۆژانە هەریەکە لە قەرنابیت و ترۆزى و ئارو و گێزەر و شلێم و دەجنرێت و سوێر دەکرێت و بەتەواوى ئامادەکرێت، پاش ئامادەکردنەکەشى رەوانەى دوکانى بازاڕ دەکرێت بۆ ساغکردنەوەى".

گوتیشی: "سەرەتا ئەو کەرەستانەى کە پێویستن لە بازاڕ دەیانکڕین وەک ئارو و ترۆزى و شێلم و زەیتوون و سێوى بن عەرز، پاشان سوێر دەکرێن بەئاو و خوێ بۆ ماوەى یەک هەفتە و دواى ئەوە لەت دەکرێن و خۆشە دەکرێن و دواتر ئامادە دەکرێن بۆ دوکان، رۆژانە 500 کیلۆگرام بۆ 600 کیلۆگرام رەوانەى بازاڕ دەکرێت.

ئەو ئاماژەى بۆئەوەشکرد لە کارگەکەدا بەگشتى 9 کەس کاردەکەن، و بژێوى ژیانیان لەسەر ئەم کارگەیە لەم رێگەیەوە دەتوانن خزمەتى خۆیان و خەڵکى شارى سلێمانى بکەن.

لەبارەى کاریگەرى قەیرانى دارایى ئەو گوتى: "لەگەڵ دروستبوونى قەیرانى دارایى سەرەتا بەکەمى کاریگەرى هەبوو، بەڵام لە ئێستادا قەیرانەکە بەتەواوى کاریگەرى کردووەتە سەر کڕیار بەوەى ساڵانى پێش قەیران رۆژانە زیاتر 800 کیلۆگرام رەوانەى بازاڕ دەکرا بەڵام ئێستا کەمى کردووە بۆ 500 کیلۆگرام .

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın