ژيان, عێراق

بەڕێوەچوونى ڕێوڕەسمی دروستکردنی زەیتی زەیتون لە پەرستگای لالش

ماوه‌ى چه‌ند ڕۆژێكه‌ لە پەرستگای لالش بە شێوازی نەریتی و کۆن ده‌ستكراوه‌ به‌ دروستکردنی زەیتی زەیتون، کە ئێزدييه‌كان بۆ داگیرساندنی چراکانی پەرستگاکە بەکاریدەھێنن.

Rawan Subhi Obaiullah  | 04.04.2025 - نوێکردنەوە : 15.04.2025
بەڕێوەچوونى ڕێوڕەسمی دروستکردنی زەیتی زەیتون لە پەرستگای لالش

Arbil

دھۆک - AA

ئێزیدییەکان ھێشتا بە ھەرەوەزی و بە شێوازی نەریتی و کۆن لە ڕێوڕەسمێکی تایبەتدا زەیتی زەیتون لە پەرستگای لالش بەرھەم دەھێنن.

لەو بارەیەوە مەروان حسێن عەلو، کە یەکێکە لە بەشداربووانی ڕێورەسمەکە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دووا و ڕایگەیاند: "زۆر دڵخۆشم کە بەشداریم لە ڕێورەسمی دروستکردنی زەیتی زەیتوندا کردووە لە پەرستگای لالش، ھەموو ساڵێک بەشداری تێدا دەکەین و دێینە خزمەتی شێخ ھادی. ئەو زەیتانەی پێشتر لە کۆگایەکی تایبەتدا ھەڵدەگیرێن، لە کۆتایی مانگی ئادار و سەرەتایی مانگی نیساندا بە ئامادەبوونی زۆرێک لە هاووڵاتیانی ئێزدی بە شێوەیەکی سروشتی و بە ئاوی گەرم دەکوڵێنرێن و، دواتر ڕۆنی زەیتی لێ دروست دەکرێت، ئەم ڕۆنەش لەناو گۆزەکاندا لە کۆگایەکی تایبەتی پەرستگەی لالش ھەڵدەگیرێت، وەک نەریتێکی دێرینی ساڵانەی ئێزدییەکان ڕۆنە زەیتوونەکە بۆ داگیرساندنی چرا و فانۆسەکانی ناو پەرستگای لالش بەکاردەھێنرێت".

دروستکردنی ئەم زەیتی زەیتونانە بۆ خواردن نابێت، تەنھا بۆ داگیرساندنی چراکانی لالش بەکاردەھێندرێت. چراکان ڕۆژانە لە پەرستگەی لالش دادەگیرسێنرێن کە ژمارەیان ٣٦٥ دانەیە و بە ئەندازەی ژمارەی ڕۆژەکانی ساڵن. ئەم چرایانە لە ھەموو ڕێوڕەسمێکی ئایینی ئێزدییەکاندا بەکاردەھێنرێن، ھەروەھا ڕۆژانە ڕووناکی ئەم چرایانە لالشی نورانی ڕووناک دەکەنەوە.

ژنێکی ئێزدی بە ناوی خوناڤ سلێمان لە گوندی خەتارێ لە ناحیەی ئەلقوش لە قەزای تلکێف، بەشداری لە ڕێوڕەسمی دروستکردنی زەیتی زەیتون دا کردووە، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دووا و ڕایگەیاند: "ئەم خزمەتەی ئێمە ئەمڕۆ لێرە دەیکەین، بۆ خزمەتی ماڵی شێخ ھادییە، سێ ساڵە من بەشداری لەم ڕێورەسمەدا دەکەم، ئەم ساڵ ڕۆژانە کاتژمێر ھەشتی بەیانی تاوەکو پێنجی ئێوارە لێرەین بۆ پاقژکردنی زەیتونەکان، کە ھەفتەیەکە بەردەوام دێن، ھیوادارم ھەموو سالێک بە خۆشی بتوانین بەشدار بکەین، ئەم زەیتەی ئێمە لێرە دروست دەکەین، بۆ داگیرساندنی چراکانی پەرستگای لالش بەکاردەھێنرێت".

پەرستگای لالش گرنگترین شوێنی پیرۆزی ئێزیدییەکانە و دەکەوێتە ناوچەیەکی شاخاوی لە قەزای شێخان کە ٦٠ کم لە باکووری خۆرھەڵاتی شاری مووسڵ دوورە، پیرۆزترین شوێنی ئایینی ئێزیدییەکانە لە ھەموو جیھان، لەناو ئەو پەرستگایەدا تەواوی ڕێوڕەسمەکانی ئایینی ئێزیدی تێدا سازدەکرێن.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın