ژيان

بۆ دروستکردنی تابلۆیەک ٤٠٠ کلم دەزووی بەکارھێناوە

ـ گەنجێکی دانیشتوی شاری سلێمانی بە رێگایەکی جیاواز سەرقاڵی تابلۆ کێشانە، ئەویش لە رێگەی بزمار و دەزووەوەیە و لە دروستکردنی تابلۆی ئەکتەرێکی سینەمایی ھۆلیوددا ٤٠٠ کلم دەزووی بەکارھێناوە.

Dlshad Saifaalddin Ahmed  | 09.08.2019 - نوێکردنەوە : 18.08.2019
بۆ دروستکردنی تابلۆیەک ٤٠٠ کلم دەزووی بەکارھێناوە

As Sulaymaniyah

سلێمانی ـ AA

ئەھوەن فاروق عزەت-ی تەمەن ٢٦ ساڵان گەنجێکی دانیشتووی شاری سلێمانییە و لە منداڵییەوە خولیای وێنەکێشان بووە، لە ئێستاشدا ئەو شێوازەی ئەو ھەڵیبژاردووە بۆ تابلۆ کێشان جێگەی سەرنجە و تابلۆکانی ناوازەن.

ئەھوەن دەرچووی کۆلێجی دارایی و بانکە، ئەو بەشەش ھیچ پەیوەندییەکی بە ھونەرەکەیەوە نییە، بەڵام زیاتر لە ھونەرەکەیدا کاری کردووە و تێیدا پەرەی بە تواناکانی داوە.

ئەو لەبارەی کارەکەی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دواو گوتی: "لە قۆناغی سەرەتاییەوە حەز و خولیای وێنەکێشانم ھەبووە و زۆرجار لە پۆلدا لەسەر کاغەز وێنەم کێشاوە و ھەستم کردووە توانایەکم ھەیە لەو بوارەدا، دواتر لە بواری دیزاین لە قۆناغی ناوەندی و ئامادەیی کارم کردووە، نزیکەی دوو ساڵیشە سەرقاڵی کاری سترینگم".

ئەم ھونەرمەندە جگە لە تابلۆ کێشان بە بزمار و دەزوو، کاری دیزانینی سەقف و دیواری ماڵ و ھۆڵەکانیش دەکات لە رێگەی دەزووەوە.

تائێستا چەندین بەرھەمی ھەیە و بەشداری چەندین پێشانگای کردووە، دیارترین و نوێترین بەرھەمی تابلۆی ئەکتەرێکی ھۆلیودە کە ماوەیەکی زۆر کاری تێدا کردووە.

ئەھوەن لەو بارەیەوە گوتی: "نوێترین کارم تابلۆی (ئەودری ھێپبۆرن) ئەکتەری ھۆلیودە، قیاسەکەی ١٣٥ سنتم بە ١٣٥ سنتم دەبێت، زیاتر لە ١٠٠ کاتژمێر کارم تێدا کردووە و ٥٠٠ بزماری تێدا بەکار ھاتووە بەبێ ئەوەی یەک بزمار بکەوێتە ناوەڕاستی تابلۆکەوە، ھەروەھا ٤٠٠ کلم دەزووی تێدا بەکار ھاتووە".

ئەو باس لەوە دەکات، یەکەمجارە بەو شێوەیە لە ھەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکەش لە رێگەی بزمار و دەزووەوە تابلۆ دەکێشێت، پلانی ئەوەشی ھەیە کارەکەی زیاتر گەورە بکات و بە پڕۆژەیەک بڵاوی بکاتەوە.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın