بازاڕی ماسی "سەلەمۆن" لە وەرزی زستاندا
ماسی فرۆش، غەریب ئەحمەد چۆمانی: "بازاڕی ماسی 'سەلەمۆن' لای ئێمە لە سەرمای زستاندا زۆر گەرمە و لە وەرزەکانی دیکەدا کەمتر خواستی لەسەرە".

Arbil
سۆران-AA
بەشێکی زۆری بەرھەمی گۆشتی ماسی "سەلەمۆن" بەزیندوویی لە ھەرێمی کوردستان ساخ دەکرێتەوە و خواستی خەڵکیش لەسەر خواردنی گۆشتی ماسی زیادی کردووە. خاوەن پڕۆژەیەکی بەخێوکردنی ماسی لە دەڤەری باڵەکایەتی دەڵێت "لە ئێستادا گۆشتی ماسی 'سەلەمۆن' زیاتر لە ساڵانی رابردوو دەخورێت".
ماسی "سەلەمۆن" جۆرێکی ماسی بێ ئێسکە کە بەباشترین و بەتامترین جۆری ماسی دادەنرێت، بۆیە خواستی خەڵک لەسەر خواردنی ئەم جۆرەیان زیاد بووە.
خاوەنی پڕۆژەی حەوزی ماسی لە گوندی دەربەند لە سنووری ناحیەی حاجی ئۆمەران سەربە پارێزگای ھەولێر، غەریب ئەحمەد چۆمانی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "قەیرانی دارایی و کەمی داھاتی خەڵکی ھەرێمی کوردستان بووە ھۆی ئەوەی کە خواست لەسەر بەرھەمی ماسی زیاد بێت، چونکە نرخەکەی لەچاو گۆشتەکانی دیکە ھەرزانترە و سوودیشی زیاترە. ساڵی ٢٠١٠ پڕۆژەکەم دەست پێکرد، ئاوی سارد و کەشی ساردی ناوچەکەمان زۆر گونجاو بوو بۆ بەخێوکردنی ماسی سەلەمۆن ، بۆیە بەھاوکاری ھاوڕێیەکم کە خەڵکی شاری کرمانشانە بەناوی شەھرام پرۆژەکەمان دامەزراند، بەڵام لە ئێستادا ھەر خۆم سەرپەرشتی دەکەم".
غەریب چۆمانی زیاتر گوتی: "ئێمە بۆ بەرھەمھێنان و بەخێوکردنی ماسی سەلەمۆن (قزل ئالا) پشت بەئێران دەبەستین، چونکە لە ناوچەکەمان نزیکە، ھەروەھا لەوێ ھێلکەکان دەپیتێنرین و دەکرین بەپەنجە ماسی، لەوێدا بەقەبارەی٢٠٠ گرامی دەکرین و لێرە بەخێوییان دەکەین تاوەکو دەبن لە یەک کیلۆگرام و بەرەو سەرەوە، بەڵام بەھۆی گرانی نرخی تێچوون و پێداویستییەکانی بەرھەمھێنانی پەنجە ماسی، بۆیە جاری ئەم توانایەمان نییە".
سەبارەت بەشێوازی بەخێۆکردنی ماسی سەلەمۆن (قزل ئاڵا) لەناو حەوزەکاندا غەریب گوتی: "گەشەی ماسی سەلەمون زۆر لەسەرخۆیە، ماوەی پێویستە تاوەکو کێشی زیاد دەکات، خۆراکی ماسیەکانیش ھەر لە ئێران دەھێنین، لەماوەی ٣ تا ٤ مانگ کێشی ماسییەکان لە ٥٠٠ گرامەوە دەگاتە یەک کیلۆگرام.
چۆمانی ھاوکات گوتیشی: "بازاڕی ماسی سەلەمۆن لای ئێمە لە سەرمای زستاندا زۆر گەرمە و لە وەرزەکانی دیکەدا کەمتر خواستی لەسەرە".
ھەروەھا گوتی: "کاتی پێگەیشتنی ماسییەکان بەرھەمەکان بۆ ھەموو شارەکانی ھەرێمی کوردستان دەچن، خەڵک لە زۆر شوێنەوە سەردانمان دەکەن، ھەندێک بەمردوویی و ھەندێکیش بەزیندوویی ماسییەکان دەکڕن".
خاوەنی پڕۆژەکە ئاماژەی بەنرخ و زۆرترین کێشی ماسیی ناو پڕۆژەکەی کرد و گوتی: "نرخی یەک کیلۆگرام ماسی بە ٨ ھەزار دینارە، گەورەترین قەبارەی ماسیش لە حەوزەکەمان نزیکەی ٧ کیلۆگرامە".
لە کەنار حەوزی ماسییەکان فڕن و خواردنگە، شوێنی مانەوە بۆ گەشتیارانی ناوخۆ و بیانی ئامادەکراوە، بۆیە جگە لە پڕۆژەی ماسی سەلەمۆن، بووەتە شوێنێکی گەشتیاری لە ناوچەکەدا.
بێوار زرار یەکێک بوو لەو گەشتیارانەی کە سەردانی ناوچەکەی کردبوو و بۆ ئاژانسی ئانادۆڵۆ گوتی: "من بۆ گەشتی زستانە بۆناو کەشی سارد و بەفراوی ناوچەی حاجی ئۆمەران ھاتووم، جگە لەوە بڕیارماندا لەگەڵ ھاوڕێیانمان شەو لێرە بمینێینەوە و بەخواردنی گۆشتی ماسی سەلەمۆن لەو کەشە ساردەدا چێژ وەربگرین".
عەباس دادخاە ناسراو بەعەباس ئیسفەھانی کە وەستای دروستکردنی ماسییە لە سۆران بۆ ئانادۆڵۆ گوتی: "ماوەی ٥ ساڵە کاری برژاندنی ماسی دەکەم لە ھەرێمی کوردستان، ئێمە لە ھەفتەیەکدا زیاتر لە ٤٠٠ تا ٥٠٠ کیلۆگرام ماسی سەلەمۆن بەزیندویی و برژاوی دەفرۆشین".
ئیسفەھانی ھەروەھا گوتی: "ماسییەکانمان بەزیندوویی لە ئێرانەوە دێن و لێرە بەتاڵ دەکرێن، فرۆشی رۆژانەشمان لە نێوان ٣٠ تا ٥٠ کیلۆگرامە، ئەوەش پەیوەندی بەو مووچەیەوە ھەیە کە حکوومەت دەیداتە فەرمانبەرانی، چونکە بازاڕی ئێمەشی پێی گەرم دەبێت".
ناوبراو گوتیشی: "ماسییەکانی ئێمە بێ ئێسکە و لە جۆرە باشەکەیە بۆیە خواستی زۆری لەسەرە. لە راستیشدا گەرم بوونی بازاڕی ماسی لە ھەرێمی کوردستان لەم وەرزە ساردەدا، وەک ئاماژەم بۆی کرد، پەیوەندی بەمووچەوە ھەیە".
لە لایەکی دیکەوە ئەنوەر حاجی دانیشتووی شاری خانێ-یە و یەکێکە لە بازرگانانی ماسی لەنێوان ھەرێمی کوردستان و ئێران، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵۆ گوتی: "ئێمە بەئۆتۆمبێلی باربەر لە حەوزی گوندەکانی (پردان، کۆنەلاجان، زێوکە و دەورووبەری شاری شنۆ) ماسییەکان دەکڕین و بەزەحمەتییەکی زۆر دەیگەینینە ھەرێمی کوردستان، چونکە ئەم ماسیە بەزیندوویی دەھێنین، بۆیە پێویستیان بەئۆکسجین ھەیە".
ناوبراو ھەروەھا گوتی: "ئەم جۆرە ماسییە کوێستانیە و پێویستی بەکەشێکی سارد ھەیە، ئێمە بۆ زۆربەی شارەکانی ھەرێم ماسی دەھێنین، ھەولێر، دھۆک، سلێمانی، رێزان، سۆران و مێرگەسۆر، چۆمان و چەند ناوچەیەکی دیکە".