ژيان

ئەشکەوتی پاشای گەورە.. شوێنەوارێکی دووسەد ساڵەی رەواندز

- ئەشکەوتێکی دوو سەد ساڵە لە گوندی ئاکۆیانی سەر بە قەزای رەواندز ساڵانە گەشتیارێکی زۆر سەردانی دەکەن.

Hemin Hüseyin  | 31.03.2017 - نوێکردنەوە : 02.04.2017
ئەشکەوتی پاشای گەورە.. شوێنەوارێکی دووسەد ساڵەی رەواندز

هەولێر

لە دۆڵی ئاکۆیانی سەربە قەزای رەواندز ئەشکەوتێک لە سەردەمی پاشای گەورە دروستکراوە و تاوەکو ئێستاش وەک خۆی ماوەتەوە و شارەزایانی ناوچەکەش ئاماژە بەوە دەکەن کە پێویست بوو ئەم ئەشکەوتە وەکو شوێنەوارێکی کۆن لەلایەن رێکخراوی یونسکۆوە تۆمار بکرێت چونکە مێژووی دروستکردنی دەگەڕێتەوە بۆ دوو سەد ساڵ پێش ئێستا.

لە گوندی ئاکۆیان و لە دامێنی شاخی زێڕینە ئەشکەوتێک بە رووبەری ١٢ تا ١٦ مەتر دروستکراوە وەک شارەزایان ئاماژەی پێدەکەن مێژووی دروستکردنی دەگەڕێتەوە بۆ دووسەد ساڵ پێش ئێستا و لەسەردەمی پاشای گەورە، میرمحەمەد لەلایەن وەستا برایمی ماویلان دروستکراوە.

لەسەردەمی میرمستەفادا بارودۆخی میرنشینی سۆران گەشە دەکات. میر مستەفا لەساڵی ١٨١٣دا دەسەڵاتی میرییەتی خۆی دەداتە دەستی کوڕەکەی خۆی کەناوی میرمحەمەد بووە، میرمحەمەد پیاوێکی ھۆشیار و زیرەک بووە، زۆر بەناوبانگ بووە، میرمحەمەد زیاتر بە پاشا کوێرە یان پاشای گەورە بەناوبانگ بووە کە دواتر دەسەڵاتی بەسەر تەواوی ئەو ناوچەیەدا هەبووە.

کەسایەتییەکی ئەو دەڤەرە کە کۆمەڵێک لێکۆڵینەوەی لەبارەی ئەشکەوتەکە و شوێنەوارەکانی ئەو ناوچەیە کردووە لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو باسی مێژووی دروستکردنی ئەشکەوتەکە و فەرمانڕەوایی میرنشینی سۆران دەکات.

ئاکۆ ئاکۆیی، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "پاشای گەورە لە ساڵی ١٨١٤ دەسەڵاتی گرتووەتە دەست و بەپێی مێژوو سێ ساڵ دوای گرتنەدەستی دەسەڵات، پاشای گەورە دەستی کردووە بە خزمەتگوزارییەکان و دروستکردنی ئاش و پرد و رێڕەوی ئاو، بەتایبەت لەسەر دیواری ئەشکەوتەکە دوو جۆگەی دروستکردووە کە لە رووباری ئاکۆیان بە درێژایی ئاراستەی ئەشکەوتەکە درێژدەبێتەوە و یەکێکیان بە دووری یەک کیلۆمەتر دەچێتە باخی پاشای گەورە و ئەوەی دیکەیان لە خوارەوە بەرەو زارگەلی دۆڵی ئاکۆیان درێژبووەتەوە کە کاتی خۆی ئەو ئاشەی لێ بوو کە بە ئاو کاری دەکرد".

ئاکۆ ئاکۆیی ئاماژەی ئەوەشکرد کە پاشای گەورە لە سەردەمی خۆیدا گرنگی زۆریداوە بە سیستەمی حکومڕانی و دامودەزگاکان و لەمبارەیەوە گوتی: "پاشای گەورە لەماوەی دەسەڵاتی خۆیدا زۆر گرنگی بە سیستەمی حکومڕانی داوە و هەموو دامودەزگایەکی هەبووە و چەند کەسێکی داناوە بۆ ئەوەی سەرپەرشتی کارەکان بکات بۆ نموونە کەسێک سەرپەرشتی داهات و وەرگرتنی باجی کردووە و کەسێک سەرپەرشتی دیوانی پاشای کردووە، بۆیە ئەوەی سەرپەرشتی دروستکردنی پرد و ئەشکەوت و رێڕەوی ئاوی کردووە، وەستا برایمی ماویلان بووە کە بەهۆی لێهاتوویی لە کارەکەی سەرجەم قەڵا و ئاش و رێڕەوی ئاو ئەشکەوتەکانی دروستکردووە".

ئاکۆ ئاکۆیی گوتیشی: "بەپێی قسەی مێژوو، پاشای گەورە دوای سێ ساڵ لە گرتنە دەستی دەسەڵات، ئینجا دەستی بە دروستکردنی پرد و ئاش و ئەشکەوت و قەڵا کردووە، بۆیە بەو پێیە بێت مێژووی دروستکردنی ئەو ئەشکەوتە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٨٢٠".

یەکێک لە جۆگەکان لەو کاتەوە تاوەکو ئێستا بە درێژایی ٢٢٠ مەتر ئاوی دەگوازێتەوە و سوودی هەیە بۆ ئەو ناوچەیە بە مەبەستی پەرەپێدانی کەرتی کشتوکاڵی، ئاکۆ ئاکۆیی نیگەرانی خۆی دەربڕی لەبارەی تۆمارنەکردنی ئەو ئەشکەوتە وەکو شوێنەوار بە تایبەت لە رێکخراوی یونسکۆ و لەمبارەیەوە گوتی: "ئێمە بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری سۆرانمان ئاگادارکردووەتەوە کە ئەوان هەوڵبدەن ئەو ئەشکەوتە وەکو شوێنەوار لە رێکخراوی یونسکۆ تۆماری بکەن بەڵام تاوەکو ئێستا داواکارییەکانمان هیچ وەڵامێکی نەبووە".

ئەو کاتەی میرمستەفای باوک هەست دەکات دەسەڵاتی بەرەو لاوازی دەچێت لە ناوچەکە، بۆیە میرمحەمەدی کوڕی رادەسپێرێت بۆ ئەوەی دەسەڵاتی پادشایەتی بگرێتە دەست و فەرمانڕەوایی بکات بەڵام میرمحەمەد کە بە پاشای گەورەش ناسراوە لەبەرامبەر گرتنەدەستی دەسەڵات چەند مەرجێک بۆ باوکی دادەنێت و مەرجەکانیش بریتیی بوون لەوەی کە پاشای باوک ناچاربێت بڕی ٦٠٠ هەزار ریاڵ بدات بە کوڕەکە و هاوکات بووک شازەمانی دایکیش ٣٠٠ هەزار لیرەی پێبدات و مەرجی دووەم بریتیی بوو لەوەی کە میر مستەفای باوک نابێت دەست لە کاروباری کوڕەکەی وەربدات و مەرجی سێیەمیش ئەوە بوو کە میر مستەفا لە لە گوندی ئاکۆیان دابنیشێت و پەیوەندی بە هیچ شتێکەوە نەبێت، ئەوە بوو کە میر محەمەد بە مەرجەکانی رازی دەبێت و لە کۆتایی ژیانیشیدا لە گوندی ئاکۆیان کۆچی دوایی دەکات.

ئەشکەوتی ئاکۆیان بە دووری ١٠ کیلۆمەتر دەکەوێتە رۆژهەڵاتی قەزای رواندز و بە دووری ١٢٠ کیلۆمەتریش دەکەوێتە رۆژهەڵاتی پارێزگای هەولێر و ماوەیەکی زۆر ئەو ناوچەیە لە ژێر دەسەڵاتی فەرمانڕەوایی میرنشینی سۆران بووە.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın