ئورفا.. گۆبه‌كلیته‌په له بیرەوەری مرۆڤه‌كاندا شوێنێكی هه‌میشه‌یی گرتووه
- شوێنەواری مێژوویی گۆبه‌كلیته‌په لە سنووری پارێزگای ئورفا كه به "خاڵی سفر له مێژوودا" ناوده‌برێت و ماوه‌ی دوو ساڵه خراوەتە لیستی شوێنه‌واره‌كانی یونیسكۆ‌وە، له‌ڕێگه‌ی كتێب.

Şanlıurfa
ئورفا- AA
شوێنەواری مێژوویی گۆبه‌كلیته‌په لە سنووری پارێزگای ئورفا كه به "خاڵی سفر له مێژوودا" ناوده‌برێت و ماوه‌ی دوو ساڵه خراوەتە لیستی شوێنه‌واره‌كانی یونیسكۆ‌وە، له‌ڕێگه‌ی كتێب، زنجیره و فیلمه ئه‌نیمه‌یشنه‌كانه‌وه له یاده‌وه‌ریی هه‌موواندا به هه‌میشه‌یی ده‌مێنێته‌وه.
شوێنەواری مێژوویی گۆبه‌كلیته‌په به مێژووی ١٢ هه‌زار ساڵه‌ی هه‌موو سه‌رنجه‌كانی بۆ خۆی راكێشاوه و ساڵانه هه‌زاران گه‌شتیار له ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌وه سه‌ردانی ده‌كه‌ن.
گۆبه‌كلیته‌په هه‌موو ساڵێك ناوبانگی زیاتر په‌یدا ده‌كات و له ساڵی ٢٠١١دا خرایه لیستی كاتیی شوێنه‌واره‌كانی رێكخراوی یونیسكۆوه و له یه‌كی ته‌مووزی ٢٠١٨‌دا له ٤٢هه‌مین كۆبوونه‌وه‌ی لیژنه‌ی شوێنه‌واره‌كانی جیهان كه له به‌حرێن ساز كرا، گۆبه‌كلیته‌په خرایه لیستی شوێنه‌واره‌كانی یونیسكۆوه. له‌ڕێگه‌ی ئه‌و ناوبانگه‌ی كه ماوه‌ی دوو ساڵ له‌مه‌وبه‌ر به‌ده‌ستی هێنا له جیهاندا زیاتر ناسرا و دوای ئه‌وه‌ش كه ساڵی ٢٠١٩ وه‌ك "ساڵی گۆبه‌كلیته‌په" راگه‌یه‌نرا، ساڵێكی زێڕینی له‌ڕووی گه‌شتیارییه‌وه به‌ڕێ كرد.
دوای ئه‌وه‌ش كه شوێنەواری مێژوویی گۆبه‌كلیته‌په خرایه لیستی شوێنه‌واره‌كانی رێكخراوی یونیسكۆوه، ئه‌مه بووه جێگه‌ی بایه‌خی سیناریست و ده‌رهێنه‌ران و بووه بابه‌تی كتێب، زنجیره و فیلمه ئه‌نیمه‌یشنه‌كان و به‌شێك له كولتووری دڵخواز.
- "زانیارییه‌كانی په‌یوه‌ست به گۆبه‌كلیته‌په خێراتر گه‌یشتنه خه‌ڵك"
به‌ڕێوه‌به‌ری كولتوور و گه‌شتیاریی له پارێزگای ئورفا، ئایدن ئاسڵان له لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ئاماژه‌ی به‌وه كرد دوای ئه‌وه‌ی كه گۆبه‌كلیته‌په له ساڵی ٢٠١٨‌دا چووه نێو لیستی شوێنه‌واره‌كانی یونیسكۆوه، زیاتر ناسرا.
ئایدن ئاسڵان جه‌ختی له‌وه كرده‌وه کە جێكردنه‌وه‌ی گۆبه‌كلیته‌په له‌نێو كولتووری باو و خوازراودا گرنگییه‌كی زۆری هه‌یه و گوتی: "له‌گه‌ڵ چوونی گۆبه‌كلیته‌په بۆ نێو لیسته‌كه، بووه بابه‌تێك بۆ ئه‌وه‌ی له كولتووری دڵخوازدا كاری له‌سه‌ر بكرێت. به‌تایبه‌ت كه ژماره‌ی ئه‌و كتێبانه‌ی له‌باره‌ی گۆبه‌كلیته‌په نووسراون زیادبوون، له‌سه‌ر ئاستی جیهان زنجیره‌ی له‌باره‌وه به‌رهه‌مهێنرا، فیلمی ئه‌نیمه‌یشنی له‌سه‌ر درووستكرا، ئه‌مه وای كرد زانیارییه‌كان له‌باره‌ی گۆبه‌كلیته‌په خێراتر بگه‌نه خه‌ڵك".
ناوبراو باسی له‌وه‌یش كرد وه‌زاره‌تی كولتوور و گه‌شتیاریی توركیا كاری گرنگی له‌باره‌ی ناساندنی گۆبه‌كلیته‌په له‌سه‌ر ئاستی جیهان ئه‌نجامداوه و گوتی:
"فیلمی ئه‌نیمه‌یشنی Rafadan Tayfa: Göbeklitepe له‌لایه‌ن ژماره‌یه‌كی پێوانه‌یی له بینه‌ران سه‌یركراوه كه بێوێنه‌یه له مێژوودا و ئه‌مه‌ش بووه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی له كولتووری خوازراو و بیرەوەری مرۆڤه‌كانیشدا به هه‌میشه‌یی بمێنێته‌وه".