ئاگری نەورۆز لە پاڕکی شانەدەر هەڵکرا
- دوای داگیرسانی ئاگری نەورۆز، ھەڵپەرکێ و شایی لەلایەن بەشداربووانی رێوڕەسمەکە دەستی پێکرد و دواتریش بۆ ماوەی چەند خولەکێک یاری ئاگرینە دەستی پێکرد.

Arbil
هەولێر - AA
ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە ٢٠ی ئادار، بە ئامادەبوونی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان مەسعود بارزانی و سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی و پارێزگاری ھەولێر و چەندین بەرپرسی دیکەی حزبی و حکوومی، ئاگری نەورۆز لە پاڕکی شانەدەر کرایەوە.
لەمیانی بەڕێوەچوونی ١٣هەمین فیستیڤاڵی یادەکانی ئادار و نەورۆز، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پارکی شاندەر گوتەیەکی پێشکەش کرد و تیایدا وێرای پیرۆزبایی جەژنی نەورۆز، هاوکات چەند بابەتێکی دیکەیشی خستەڕوو و داوایشی لە هاووڵاتییان کرد پاک و خاوێنی سەیرانگاکان رابگرن و پابەندی رێنماییەکانی هاتوچۆش بن.
لە رێوڕەسمەکەدا سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی گوتی: "نەورۆز یەکەم رۆژی ساڵی نوێیە، کەواتە سرووشتیش نوێ دەبێتەوە. لێرەدا ھەموومان لە کوردستان شایەدی ئەوەین کە لەم رۆژانە کوردستان سرووشتی رۆژ بە رۆژ جوانتر دەبێت و من لێرە دوو داواکاریم لە ئێوەی بەڕێز و خۆشەویست ھەیە یەکەمیان ھیوادارم کە دەچنە سەیران و ئەم سرووشتە جوانە دەبینن، ھیوادارم بیپارێزن و بە پاکی و خاوێنی رایبگرن. دووەمیان داواتان لێدەکەم پابەندی رێنماییەکانی ھاتوچۆبن، بۆ ئەوەی خۆتان و کەسوکارتان بپارێزن".
لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا، مەسرور بارزانی تیشکی خستە سەر پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا گوتی: "لەو ماوەیە ئێمە ھەموو ھەوڵێکمانداوە بۆ ئەوەی کێشەکانمان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی چارەسەربکەین و ئیرادەیەکی بەھێزمان ھەیە بۆ چارەسەرکردنی ھەموو ئەو کێشە و گرفتانە. ھەنگاوی باشیش هاوێژراوە بۆ ئەوەی ئەو کێشانە چارەسەربکرێن. ئێمە لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق توانیوومانە ھەنگاوی باش بھاوێژین و رێککەوتنی سەرەتایی بکەین لەسەر زۆربەی ئەو بابەتانە، ھیوادارم ھەموو ئەو بابەتانەیتریش کە ماون لە ماوەیەکی نزیکدا چارەسەربکرێن".
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە دۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستان کرد و گوتی: "لەسەر دۆخی ناوخۆی ھەرێمی کوردستانیش، ئێوە بینیتان ماوەیەکە ھەندێک کێشە ھەبووە بەڵام ئەگەر ئیرادەی باش ھەبێت ئێمە دەتوانین ئەو کێشانەش چارەسەر بکەین. من ئەمڕۆ لە پەیامەکەشمدا، داوامکرد بۆ ئەوەی بەڕێزان تیمی یەکێتی بگەڕێنەوە کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیران، من دیسان لێرە دووپاتی دەکەمەوە کە بگەڕێنەوە و ھەر ھەموومان لە ئاستی ئەو بەرپرسیارییەتە و ئەو متمانەیە بین کە پێتان داوین. ئەوەی لەسەر ئێمە ئەرکە ئەوەیە کە خزمەتی ئێوە بکەین، ئێمە بەڵێنمان بە ئێوە داوە و سوێندمان خواردووە کە خزمەتکارێکی راستەقینەی ئێوە بین. ھیوادارم خودا یارمەتیمان بدات کە بەردەوام لە خزمەتی ئێوەی خۆشەویست دابین".
هەر لە رێوڕەسمێکدا سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان مەسعود بارزانی لەگەڵ ژمارەیەک کوڕ و کچی شەھید ئاگری نەورۆزیان داگیرساند.
دوای داگیرسانی ئاگری نەورۆز، ھەڵپەرکێ و شایی لەلایەن بەشداربووانی رێوڕەسمەکە دەستی پێکرد و دواتریش بۆ ماوەی چەند خولەکێک یاری ئاگرینە دەستی پێکرد.
جگە لە پارکی شانەدەر، لە چەند شوێنێکی دیکەش ھاووڵاتییان لە کەشێکی سارددا بە جۆش و خرۆشەوە ئاھەنگیان ساز کرد و ئاگریان کردەوە.
نەورۆز لە رۆژژمێری کوردیدا بە یەکەم رۆژی ساڵ دادەنرێت و زۆرێک لە نەتەوەکانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست ئەم رۆژە بە رۆژێکی پیرۆز دەزانن.
کوردەکان لە سەرانسەری جیھان رۆژی نەورۆز پیرۆزبایی لەیەکتر دەکەن و لە شوێنە بەرزەکان ئاگر دەکرێتەوە و شایی ھەڵپەڕکێ ئەنجام دەدرێت.
نەورۆز بە مانای نەمانی سەرما و سۆڵە و ژیانەوەی سرووشت و بە یەکەم رۆژی بەھار دادەنرێت.
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن