ژيان, عێراق

ئاوارەکانی دهۆک داوای بە بازاڕکردنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکانییان دەکەن

ژمارەیەک لە ئاوارەکانی شنگالی نێو کەمپەکانی دهۆک کاری کشتوکاڵیی دەکەن و داوای بە بازاڕکردنی بەرهەمەکانییان دەکەن.

Rawan Subhi Obaiullah  | 07.07.2025 - نوێکردنەوە : 14.07.2025
ئاوارەکانی دهۆک داوای بە بازاڕکردنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکانییان دەکەن

Dahuk

دھۆک - AA

ژمارەیەک لە ئاوارەکانی شنگالی نیشتەجێی نێو کەمپەکانی دهۆک، لە دەرەوەی کەمپەکان کاری کشتوکاڵیی دەکەن و داواکارن بەرهەمەکانییان ساغ بکرێتەوە.

هاووڵاتی، فارس خەلیل لە دوای پەلامارە تیرۆريستییەکەی داعش بۆسەر شنگال لە سێی ئابی ٢٠١٤دا، ئاوارەی کەمپەکانی هەرێم بووە و لەگەڵ خێزانەکەی لە کەمپی خانکێی پارێزگای دهۆک نیشتەجێبوونە و ماوەی چەند ساڵێکە لە دەرەوەی کەمپەکە خەریکی کشتوکاڵییە و داوا دەکات بە مەبەستی ساغکردنەوەی بەرهەمە خۆماڵییەکان، ڕێگا نەدرێت بەرهەمی کشتوکاڵیی هاوردەی هەرێم بکرێت.

فارس خەلیل بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "زیاتر لە ١١ ساڵە لە زەوییەکانی دەرەوەی کەمپەکە کاری کشتوکاڵیی دەکەم، لە وەرزی چاندنی خیار و تەماتە دەست بە پڕۆسەی چاندن دەکەین، بەڵام بەداخەوە لە کاتی پێگەیشتنی بەرهەمەکانمان ناتوانین وەک پێویست سوودی لێ ببینین، چونکە یەک کیسەی ١٢ کیلۆیی خیار بە هەزار دینار دەفرۆشین، داواکارین بە مەبەستی ساغکردنەوەی بەرهەمەکامان، هاوردەی چەند بابەتێک قەدەغە یان سنووردار بکرێت".

هاوکات ئاوارەیەکی دیکەی نێو کەمپی خانکێ ئاماژە بە خەرجی و داهاتەکەی دەکات کە کەرتی کشتوکاڵیی ئەمساڵییدا هەیبووە، جەخت لەوە دەکاتەوە کە بە بڕی ١٢ ملیۆن دینار خەرجی لە پڕۆسەی چاندنی خیار کردووە و تا ئێستا تەنیا بە بەهای ٣٠٠ هەزار فرۆشی هەبووە.

هاووڵاتی داود قاسم بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئێمە لەسەر پارچە زەوییەک کاری چاندن دەکەین، ئەمساڵ بڕی ١٢ ملیۆن دینارم تێدا خەرجکردووە، بەڵام تا ئێستا تەنیا بایی ٣٠٠ هەزار دینار خیارم لێی فرۆشتووە، بەداخەوە لەکاتی پێگەیشتنی بەرهەمەکانمان دەبێت هەرزانفرۆشی بکەین".

داود قاسم گوتیشی:"پێشتر من جووتیاریم كردووە لە ناحیەی ڕەبیعە (پارێزگای نەینەوا)، ئەو كات بەرهەمەكانمان دەناردووە خوارووی عێراق، ئێستا تەنیا پارێزگای دهۆک بەرهەمەکانمان لێ وەردەگرێت، توانای ئەوەمان نیە بینێرینە پارێزگاکانی دیکەی عێراق".

١٥ کەمپ لە پارێزگای دھۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بۆ ئاوارەکان کرانەوە کە سەدا ٩٥ دانیشتووانی ئەو کەمپانە خەڵکی شنگالن، كەمپی خانكێ دەكەوێتە سنووری قەزای سێمێل كە زیاتر لە دوو هەزار خێزانی تێدایە.


بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın