"جیاوازی لەنێوان مزگەوت و ناوەندەکانی خوێندندا نییە"
زانای ئایینی، ئیدریس کاریتانی: "بە راگرتنی نوێژی هەینی لە مزگەتەکان، هیچ شتێک لەبارەی شەرعەوە ناگۆڕێت، بەپێی ئەو یاسایانەی لە قورئان و فەرموودەکانی پێغەمبەر (د.خ)دا هاتووە، ئەگەر مامۆستایانی ئایینی بێدەنگبن لەم حاڵەتە، گوناهبارن".

Arbil
هەولێر - AA
دوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە جیهان و تۆمارکردنی چەند حاڵەتێک لە عێراق و دواترش تۆمارکردنی چوار حاڵەت لە شاری سلێمانی، رێوشوێنەکانی خۆپارێزی لەلایەن دامودەزگاکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گیرانەبەر و لەیەکەم هەنگاویشدا پشوو لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن بە زانکۆکانیشەوە راگەیەنرا و دوێنێش بەبڕیاری وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی راگرتنی پرسە لە چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان درا.
زانایەکی ئایینی رایدەگەیەنێت کە قورئان پێنج بنەمای سەرەکی بۆ مرۆڤ داناوە و یەکێک لە بنەماکان پاراستنی گیانی مرۆڤە و جەختیش دەکاتەوە هەر کەسێک ئەو ئەرکانەی کە قورئان دیارییکردووە جێبەجێی نەکات ئەوا تووشی سزا دەبێت، داخستنی مزگەتەکانیش لە چوارچێوەی پاراستنی گیانی مرۆڤ بە ئەرک دەزانێت.
زانای ئایینی، دکتۆر ئیدریس کاریتانی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ڤایرۆسی کۆرۆنا بابەتێکە و سەرتاسەری جیهانی گرتووەتەوە و جیهانی ئیسلامییش بەشێکە لەو جیهانە، بێگومان بابەتی دین ئەساسیەتی عیبادەتی مرۆڤەکانە، بەڵام هەموو کاتێک خوای پەروەردگار کۆمەڵێک بنەما و یاسای بۆ ئێمە داناوە بۆ هەر رووداو یان پێشهاتێک، خوای گەورە پێنج بنەمای سەرەکی بۆ ئێمە داناوە، یەکێکیان پاراستنی گیانە، چونکە مرۆڤ لەلای خودا زۆر گەورەیە، میحوەری بوونەوەرە، قورئانیشی هەر بۆ ئینسان ناردووەتە خوارەوە، مادام وایە، پاراستنی گیانی ئینسان واجبە، کە دەڵێین واجبە مانای وایە ئەگەر جێبەجێی نەکەی، خوا سزات دەدا".
لەگەڵ تۆمارکردنی حاڵەتی تووشبوو بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە عێراق و گرتنبەری رێکارەکانی حکوومەتی هەرێم، چەند مامۆستایەکی ئایینی رایانگەیاند کە مزگەوتەکان شوێنی موسڵمانانە و ئەو ڤایرۆسە رووی تێناکات، ئەم زانا ئایینییە ئەم وەڵامە بە تۆمەت دەزانێت بۆسەر خەڵکانی دیکە و پێی وایە خەڵکانی دیکەش موسڵمانن و لەمبارەیەوە گوتی: "کاتێک ڤایرۆسی کۆرۆنا هاتووە و رووی لە جیهانی ئیسلامیی کردووە، دەبێت موسڵمانان ژیر و دانابن، پێش خەڵکی دیکە کار لەسەر پاراستنی خەڵکی خۆیان بکەن، ئێمە سەیر دەکەین لە هەرێمی کوردستان زۆربەی دامودەزگاکان داخراون، ناوەندەکانی خوێندن داخراون، بەڵام دەڵێن نوێژی جەماعەت و جومعە نابێت دابخرێت چونکە ئەوانە موسڵمانن و دەست بە دەستنوێژن، پێش هەموو شتێک ئەمە تۆمەتە بۆ قوتابییان و خەڵکانی دیکە، چونکە ئەوانیش وەکو ئێمە موسڵمانن، خاڵێکی دیکەی ئەوەیە کە ئەم ڤایرۆسە لە شوێنی گردبوونەوە و کۆبوونەوە گەشە دەکات، رۆژانە لە مزگەوتەکان پێنج جار کۆدەبیەوە و ئەمە هەڵەیە، بۆیە دەکرێت خەڵک لە ماڵەکەی خۆی لەگەڵ خێزانی خۆی نوێژی جەماعەت بکات".
لەبارەی ئەنجامدانی نوێژی هەینی لە مزگەوتەکانیش، لەرووی شەرعەوە، دکتۆر ئیدریس کاریتانی دەڵێت: "بە راگرتنی نوێژی هەینی لە مزگەتەکان، هیچ شتێک لەبارەی شەرعەوە ناگۆڕێت، بەپێی ئەو یاسایانەی لە قورئاندا هاتووە، ئەو یاسایانەی لە فەرموودەکانی پێغەمبەر (د.خ)دا هاتووە و، ئەو یاسایانەی لە قاعیدەی فیقهیدا هاتووە، بۆیە وا هەست دەکەم ئەگەر مامۆستایانی ئایینی بێدەنگبن لەم حاڵەتە، گوناهبارن، رەنگە بڵێن هێشتا حاڵەتەکە رووینەداوە، ئەگەر روویدا چی؟، الوقایە خیر من العلاج، یەکێک لە خاڵەکانی دیکە ئەوەیە پێشی ئەوەی نەخۆشییەکەی تەشەنە بکات، تۆ پێشی پێ بگریت، چونکە ئەگەر تەشەنەی کرد ئەوا دەبێتە حاڵەتی دووەم".
سەبارەت بە فەتوانەدانی لیژنەی فەتوا لە یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی لەسەر داخستنی مزگەوتەکان بەهۆی هەڕەشەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، دکتۆر ئیدریس کاریتانی گوتی: "خاڵی هەرە گرنگ ئەوەیە کە هەست دەکەم جورئەت نییە لە فەتوادان لەسەر ئەم بابەتە، چونکە دەترسن خەڵک بڵێت ئەمە دژی دینە، لە راستیدا ئەمە دژی دین نییە بەڵکو ئەمە بنەمای دینە کە پێویستە ئینسانەکان بپارێزیت، چونکە دین بۆ پاراستنی گیان، ئەقڵ، نامووس و وەچەیە، سەیر دەکەین ئەمەش یەکێکە لە پێویستییەکان و پاراستنی گیانە".
لەبارەی کەمکردنەوەی کاتەکانی نوێژی هەینی و کاریگەری لەسەر تەندروستی هاووڵاتییان، دکتۆر ئیدریس کاریتانی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "دەڵێن با نوێژی هەینی پێنج خوولەک بێت، جا ئەگەر کۆبوونەوەکە بوو، ئەوا پێنج خوولەک یان زیاتر بوو هیچ جیاوازی نییە، چونکە ڤایرۆسەکە لە کەشوهەوایەکەدا دەگوزارێتەوە، ئەمە بەراستی یەک لەو حاڵەتانەیە کە مامۆستایانی ئایینی نەترسن و جورئەت بکەن و گوێ بە قسەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نەدەن، چونکە بەڕاستی ئێستا مامۆستایانی ئایینی کەوتوونەتە ژێر کاریگەری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی وەک فەیسبووک، خودا دەفەرمووێت کەعبە تێک بدە بەڵام ئینسانێک مەکووژە، ئەمە گەورەیی ئینسانە لە چوارچێوەی دینەوە، حەیف و مەخابن کە کەسێکی ئەورووپی کە هیچ لە بنەمایەکی دین نازانێت بەڵام گرنگی بە ئینسان دەدات بەڵام موسڵمانێک بەناوی ئەوەی کە گوایا دەستنوێژی هەیە و دەڵێت مزگەوت شوێنێکی پاکە، بە پێچەوانەوە زۆربەی مزگەوتەکان هۆڵەکانییان نزمە و هەناسە تیایدا ئاسایی نییە، زۆربەی مزگەوتەکان هەواگۆڕکێیان تیادانییە، رەچاوی باری تەندروستیی نەکراوە، هەندێکیان بە شێوازێکی هەرەمەکی بونیادنراوە، بۆیە ئێستا بە بۆچوونی من پێویستە مزگەوتەکان رابگیرێن، نوێژی هەینی رابگیرێت، ئەم حاڵەتە کاتییە، بەڕاستی ئەمە تێگەیشتن لە شەرع نییە کە لێیبگەڕێی خەڵک تووشی تاعوون بێت ئینجا بڵێی با مزگەوتەکان دابخرێن، بۆیە هیوادارم لیژنەی فەتوا و وەزارەتی ئەوقاف و یەکێتی زانایان بە زووترین کات جورئەتی بڕیاردانییان هەبێت و لە لۆمەی کەس نەترسن".
ئەو زانا ئایینییە ئاماژە بەوە دەکات کە چەندین دەقی شەرعی هەیە کە رێگا بە راگرتنی کۆبوونەوە دەدات و، چەندین بنەمای فیقهی هەیە و، دەتوانی ئەو شوێنانە بەجێبهێڵی کە مەترسی لەسەر تەندروستی موسڵمانان دروستکردووە و لەبارەی هۆکاری فەتوا نەدانیش لەلایەن لیژنەی فەتوا لە یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامیی، دکتۆر ئیدریس کاریتانی دەڵێت: "لیژنەی فەتوا پیاوی دانا و زانان بەڵام بە بۆچوونی من دانا و زانا بەس نییە، دەبێت سەرەڕای زانایی ئاگای لە مەقاسیدی شەرعیش بێت، ئاگای لە ناوەرۆکی شەریعەتیش بێت، ئاگای لە بوارەکانی پەرەپێدانی رۆشنبیری تەندروستی بێت، بۆیە بە بۆچوونی من کێشەی ئەو فەتوا نەدانە بۆ چەند شتێک دەگەڕێتەوە، یەکەمیان، کاریگەری قسەی خەڵکمان لەسەرە نەکات خەڵک بڵێن لیژنەی فەتوا دژی دینە، لە کاتێکدا فەتوا جورئەتی دەوێت و پێویست ناکات ئەوان لە هیچ بترسن، بەڵکو ئەرکی سەرشانییانە باشتر دیراسەی ئەو بابەتە بکەن، چونکە هیچ مەعقول نییە، قوتابخانەت راگرتووە، دەوامی فەرمانبەرانت کەمکردووەتەوە، پرسەت راگرتووە، بەڵام مزگەوتت کردووەتەوە، چ ویقایەک هەیە مزگەوت بپارێزی و ئەوانی دیکە نەپارێزی، جیاوازی چییە کە کەسێک دەچێتە خوێندن، بۆچی ئێمە تەفزیڵی دینداری بدەین بەسەر ئەوانەی پێی دەڵێن ئاوەدانکردنەوە، خۆ ئەوە کەسەی کرێکارە، پێغەمبەر (د.خ) دەستی ماچکردووە چونکە کارێکی پیرۆز دەکات".
دکتۆر ئیدریس کاریتانی گوتیشی: "بۆیە لیژنەی فەتوا پێویست دەکات جۆرێک پەلە بکەن بۆ ئەوەی خەڵک تووشی نەخۆشی نەبن، چونکە یەک کەس تووشی ڤایرۆسەکە ببێت، ئەو کاتە وەکو ئەوەیە کە زەڕبەیەکت لەو خەڵکە دابێت".
لەبارەی رێنماییەکان بۆ خۆپارێزی لە تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، زانای ئایینی دکتۆر ئیدریس کاریتانی گوتی: "سەبارەت بە خۆپارێزی، پێش هەموو شت داخستنی مزگەوتەکانە بەشێوەیەکی کاتیی، چونکە ئەگەر ئەو کۆبوونەوە نەمینێت ئەوا پێویستت بە رێنماییەکانی ناو مزگەوت نابێت، ئەگەر هەر دایاننەخست ئەوا با خەڵک نوێژی جەماعەت لە ماڵی خۆی بکات، ئەگەر خەڵک هەر دەچێتە مزگەوت ئەوا دەبێت ماسک بەکاربهێنی و دەستنوێژە لە ماڵەوە بشوات و خۆی لە ماچکردن بەدوور بگرێت، دوای نوێژکردن دەستبەجێ بچێتە دەرەوەی مزگەوت و لە دەرەوە زیکرەکان بکات، بەڵام چارەسەر ئەوەیە کە مزگەوتەکان دابخرێت".
ڤایرۆسی کۆرنا ساڵی ٢٠١٩ لە رێگای خواردنە دەریاییەکانەوە لە شاری وهانی وڵاتی چین بڵاوبووەوە و لە ٩ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٠ لەلایەن رێکخراوی تەندروستیی جیھانی بە جۆرێکی نوێی کۆرۆنا ناسێندرا. تاوەکو ئێستا ھیچ جۆرە چارەسەر و پێکوتەیەک بۆ چارەسەری ئەم نەخۆشییە نەدۆزراوەتەوە و تا ئێستا لە نزیکەی شەست وڵاتی جیهان بڵاوبووەوە و بووەتە هۆی مردنی زیاتر لە سێ هەزار کەس و تووشبووی زیاتر لە ٨٩ هەزار کەس لە جیهاندا.
رۆژی ٢٤ی مانگ یەکەم حاڵەت لە پارێزگای نەجەف تۆمارکرا و دواترش چەند حاڵەتێکی دیکە لە بەغدا و کەرکووک تۆمارکرا، یەکشەممەی رابردووش چوار حاڵەتی تووشبوو بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە شاری سلێمانی تۆمارکرا و دوێنێش بۆ ئەم مەبەستە هەریەک لە پارێزگاری هەولێر فەرسەت سۆفی، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر، دلۆڤان محەمەد فاتیح و بەڕێوەبەری گشتی ئەوقافی هەولێر، دیار جەباری و سەرۆکی لقی هەولێری یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی، مەلا نیاز دێگەیی کۆبوونەوە و دواتر بڕیاردرا کە پرسەدانان لە سنووری پارێزگاری هەولێر رابگیرێت.
کۆرۆنا ڤایرۆسێکی گوازراوەیە، لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە دەگوازرێتەوە و لەنێوان ئاژەڵەکانەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە، تووشی کۆئەندامی ھەناسە دەبێت و، نیشانەکانیشی بریتیین لە کۆکەی قورس، تای بەرز و ھەناسە تووندی.