"یەکەمین ڤیستیڤاڵی نێودەوڵەتی كولتووری كوردی لە سۆران بەڕێوەچوو"
بەڕێوەبەری پەروەردەی سۆران عەزیز سەعید ئاماژە بەوە دەکات کە ئەنجامدانی ئەم ڤیستیڤاڵە زیاتر ھاندان و دڵخۆشکردنی کوڕو کچانی ئەو پێشمەرگانەیە کە لە شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش شەھید بوونە.

ھەولێر
رۆژی شەمە لە قەزای سۆران، سەر بە پارێزگای ھەولێر، یەکەمین ڤیستیڤاڵی نێودەوڵەتی لە قوتابخانەی شۆیفات بەڕێوەچوو.
بەڕێوەبەری پەروەردەی سۆرانییش ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە ئەنجامدانی ئەم ڤیستیڤاڵە زیاتر ھاندان و دڵخۆشکردنی کوڕ و کچانى ئەو پێشمەرگانەیە کە لە شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش شەھید بوونە.
بە بەشداری ژمارەیەک لە بەرپرسانی حکوومەت و کەسوکاری قوتابیان لە شاری سۆران، قوتابخانەی شۆیفاتی نێودەوڵەتی یەکەم ڤیستیڤاڵی کلتووری و زانستیی سازکرد، لە ڤیستیڤاڵەکەدا جلوبەرگ و خواردن، تابلۆ و شانۆ، کەلوپەلی فەرھەنگی کوردەواری پیشانی ئامادەبوانی مەڕاسیمەکە درا.
لە لێدوانێکدا بەڕێوەبەری پەروەردەی سۆران عەزیز سەعید بۆ ئاژانسی ئانادۆلۆ گوتی:"بۆ زیاتر خزمەتکردن لە بواری پەروەردە و کەلتوور، ھەروەھا دڵخۆشکردنی زارۆکی شەھیدان لەم قوتابخانەیە کە وەک ئاسانکاری بۆ ئەو کوڕ و کچان لەم فێرگەیە وەرگیراون و ھەر ئەمڕۆش ڤیستیڤاڵەکەمان ئەنجامداوە،ھەروەھا بۆ جۆش و خرۆشدانی ئەو منداڵانەیە کە پێشمەرگەن و لە سەنگەرەکانی جەنگن".
ھەروەھا گوتیشی:"بۆ مانگی ٤ ی ئەمساڵ لە گشت قوتابخانەکانی سنووری سۆران لە قەزاکانی (سۆران، چۆمان، مێرگەسۆر، رواندز) ڤیستیڤاڵی قوتابخانەکان ئەنجام دەدرێن. ھەروەھا شانبەشانی بواری زانستی بواری فەرھەنگیش لەم مەراسیمەدا پیشاندا".
ساڵی رابردوو ڤیستیڤاڵێکی دیکەی فۆلکلۆری و زانستی لە ناحییەی سیدەکانی سەر بە قەزای سۆران بەڕێوە چوبوو، بەڵام ئەمە یەکەمین ڤیستیڤاڵی نێودەوڵەتییە لە ناوچەکە ساز دەکرێ.