گوندنشینانی ماوەت لە سلێمانی لە هەوڵی دۆزینەوەی نەهێنییەکی پاشماوەی شارستانییەتی گوندەکەیانن
قەزای ماوەت لە ڕووی جوگرافییەوە دەکەوێتە سنووری شارباژێڕی سەختەوە بەدوری ٥٥کم لە باکووری ڕۆژھەلاتی شاری سلێمانیەوە، ھاوکات درێژ دەبێتەوە تاسەر سنووری ئێران و ھاوسنورە لەگەل کۆماری ئیسلامی ئێران.

As Sulaymaniyah
سلێمانی - AA رەوا حاجی
قەزای ماوەت لە ڕووی جوگرافییەوە دەکەوێتە سنووری شارباژێڕی سەختەوە بەدوری ٥٥کم لە باکووری ڕۆژھەلاتی شاری سلێمانیەوە، ھاوکات درێژ دەبێتەوە تاسەر سنووری ئێران و ھاوسنورە لەگەل کۆماری ئیسلامی ئێران.
ماوەت دەکەوێتە نێوان قەزای شارباژێڕ و قەزای دووکان و قەزای پشدەر و شارستانی سەردەشت و شارستانی بانە لە کۆماری ئیسلامی ئێران کە پێشتر چەندین شارستانی جیاواز لەو ناوچەیە جێگیر بوون.
بەهۆی هەڵکەوتە سنوورییەکەی لەنێوا دەسەڵاتەکانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی و سەفەوییەکاندا لەسەداکەنی رابردوودا چەندین جار شەری تێدا روویداوە. هەر ئەمە وای کردووە چەندین شوێنەواری کۆن لە ماوەت خۆی مەڵاس بدات و لە ئێستادا وردەوردە دەدۆزرێنەوە.
''خوایە ئەم دەوڵەتە پایەداربێت، هەرچی نەڵێت ئامین هەردووک چاوی کوێر بێت'' بەپێی گوتەی ریشسپیانی قەزای ماوەت، ئەمە نووسراوی سەر ئەو بەردە مێژووییەیە کە ماوەیەکە لە ناوچەکە دۆزراوەتەوە و ناوی ئەسکەندەر پاشای لەسەر هەڵکۆڵراوە.
چەند ساڵێکە بەردێک لە قەزای ماوەت دۆزراوەتەوە کە خەڵکی ناوچەکە وای بۆ دەچن، بە زمانی کۆنی فارسی لەسەری نوسرابێت لەلایەن ئەسکەندەر پاشای کوری ئیسماعیل پاشاوە.
٣١ی ئایاری ئەمساڵ کاری دەرخستنەوە بۆ بەردەکە کرا و هەندێک لە دانیشتوانی کۆنی ماوەتیش وای بۆدەچن کە بەردەکە بۆ سەردەمی ئەسکەندەر پاشای کوڕی ئیسماعیل خان (١٦٦٤ی زایینی فەرمانڕەوانی بانەو ماوەت بووە) بگەڕێتەوە.
لەکاتێکدا کەسانی تر وای بۆدەچن کە ناوی ئەسکەندەر پاشا کە لەسەر بەردەکە هاتووە، بگەڕێتەوە بۆ ئەو ئەسکەندەر پاشایەی کە لە سەردەمی عوسمانی و سەفەوییەکاندا، دژبە سەفەوییەکان جەنگاوە.
لەوبارەیەوە، مامۆستا قادر ئەمین کە دانیشتوویەکی کۆنی گوندی ماوەتە کۆن بووە، ئاماژە بەوە دەکات کە ئەو بەردە لە شەستەکانی سەدەی رابردوودا لەنێو باخچەی قوتابخانەی گوندەکەدابووە، بەڵام بەهۆی لافاو و باراناوەوە شوێنگۆڕکێی کردووە و لە نزیک کانییەک بەناوی کانی بنچناران لە قەزای ماوەت گیرساوەتەوە.
مامۆستا قادر ئەمین کە تەمەنی ٨١ ساڵ دەبێت سەبارەت بە نووسراوی سەر بەردە مێژووییەکە گوتی: ''ئەو بەردە شیعرێکی لەسەر نووسراوە بە فارسی دەڵێت،'' یا رب ان عالی دولت تا آبد معمور باد، هر کس نگوید آمین چشمایش کور باد'' واتە خوایە ئەم دەوڵەتە ئاوەدان بێت، هەرچی نەڵێت ئامین هەردووک چاوی کوێر بێت کە بەڕای من نووسراوی ئەسکەندەر پاشا ناوێک بووە، بەڵام دیار نییە ئەو ئەسکەندەر پاشایە کێیە".
مامۆستا قادر ئەمین بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو زیاتر لەسەر ئەو بەردە دەڵێت ''بەردەکە لای من بوو، زۆر هەوڵماندا بیپارێزین، بەڵام نەمانتوانی، ئەو بەردە پێشتر لە سەرەوەبوو، دوو سێ جار پاکم کردەوە، تەنیا توانیم یەک دێری بخوێنمەوە، ئەویش ئەو شیعرەبوو کە ئێستا بۆم باس کردن، ناوی ئەسکەندەر پاشای لەسەر نووسرابوو، بەڵام ئەم بەردە بەشێکی تری هەبوو کە کاتی خۆی لێیان کردەوە، ئەو بەردە بەڕای من مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی بابانییەکان، ئەسکەندەر پاشا کە لە مەرگە و پشتەوە هاتوونەتە ماوەت، لەم دەشتەی ماوەت هەڵی داوە لەگەڵ هێزەکەیدا، لە ناوچەیەک کە ئێستا پێی دەڵێین، قۆڵی میرهەمزە، لەوێ میرهەمزە پاسەوانی ئەم ئەسکەندەر پاشایەی کردووە، بۆیە ئێستا بەو دەشتەی ماوەت دەڵێن قۆڵی میرهەمزە. لەو لاترەوە ناوچەیەکی تر هەیە پێی دەڵێن قۆڵەسپان، واتە قۆڵی ئەسپان، لەو دەشتەدا ئەسپەکانی هێزی ئەسکەندەر پاشا راگیراون. ئەم بەردە چەند بەشێکی تری هەبوو، لێیان شکاند، لە دیواری خوێندگەکەدا بوو، لە شوێنی ئەو باخچە بچووکەی ئێستا لەنێو قەزای ماوەت دروستکراوە، ئەو کات من لە پۆلی یەکی سەرەتایی بووم، تاماوەیەک ئەو بەردەم پاراست، بەڵام دوای ئەوەی بۆ خوێندن چوومە کەرکووک هەتا هاتمەوە نەمابوو، لەکاتی جەنگەکانی عێراق و ئێراندا کە من مامۆستا بووم، ئەوکاتە بەردەکە دیار نەما".
لەبارەی ناوچەی دێرینی ماوەت و دەرخستنەوەی بەردە دێرینەکە، قایمقامی قەزای ماوەت،کامەران حەسەن بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: ''ئەم بەردە نووسینێکی مێژوویی لەسەرە، پێشتر دانیشتوانەکەی بینیویانە، بەڵام لە ٣١ی ئایاردا جارێکی تر دۆزیومانەتەوە، بۆیە بەڕێوەبەرایەتی شوێنواری سلێمانی-مان لێ ئاگادار کردۆتەوە و دوای لێکۆڵینەوە کە بۆمان دەرکەوت مێژوویەکەی بۆ کەی دەگەڕێتەوە، بەنیازین سەکۆیەکی بۆ بکەین و لە شوێنی خۆی بیهێڵینەوە و دەیکەینە شوێنی گەشتیاری".
- ''بەردەکە پاککراوەتەوە و نووسینەکانی نموونەیان لێ وەرگیراوە تاوەکو بزانن بۆ چی سەردەمێک دەگەڕێتەوە''
لای خۆیەوە پشکنینەر لە تاقیگەی مۆزەخانەی سلێمانی سەربە بەڕێوەبەرایەتی شوێنەوار، ئاکام عومەر سەبارەت بەو بەردە دێرینە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ئاماژەی بەوەدا کە دوای ئەوەی ئاگادار کراونەتەوە، بە تیمێک سەردانی شوێنەکەیان کردووە و گوتی: "منیش ئەمڕۆ هاتووم بۆ ئەوەی لە بارودۆخی بەردەکە بکۆڵمەوە، ئایا توانای مانەوەی هەیە و بەرگەی پاککردنەوە دەگرێت، دواتر کاری پاککردنەوەی بۆ دەکەین بۆ ئەوەی نووسینەکە دەربەکەوێت، چونکە ماوەیەکی زۆر لەژێر گڵدا بووە، دوای پاککردنەوەی ئێمە ئامادەی دەکەینەوە بۆ ئەوەی ئۆکسجین لێی بدات و تیشکی خۆری بەربەکەوێت، خۆشبەختانە بۆمان دەرکەوت بەردەکە سەنگینە و بەرگە دەگرێت زیانی زۆری بەرنەکەوتووە، تەنیا چەند درزێکی لەسەر دروست بووە کە گومان دەکرێت ٦٠ ساڵ لەمەوبەر زیانی بەرکەوتبێت، بەڵام ئەمە کاریگەریی گەورەی لەسەر بەردەکە دانەناوە، من کاری شۆردنم بۆ کردووە و نووسینەکەم نقڵکردووە بۆ ئەوەی شوێنەوارناسەکان لێکۆڵینەوەی خۆیان لەسەر دەست پێ بکەن".
قایمقامی قەزای ماوەت، کامەران حەسەن ئاماژە بەوە دەکات ئەوان لەڕێگەی ئەو بەردەوە دەتوانن بگەنە ئەو ئەنجامەی کە ناوچەی ماوەت و دەورووبەری لە کۆنەوە خەڵک تیایدا نیشتەجێ بووە.
کامەران حەسەن سەبارەت بە هەوڵەکانی داهاتوویان بۆ گرنگیدان بە ناوچەکە و گەڕان و پشکنینەکانی شوێنەوارناسان لە قەزای ماوەت ئاماژە بەوە دەکات کە ئەوە ئەرکی حکوومەت و دەزگا پەیوەندیدارەکانە کە بێن و دەست بکەن بە گەڕان و پشکنینەکانیان کە بێگومان بەپێی قسەی خەڵکی ناوچەکە بێت شوێنەوار و پاشماوەی زۆری تیادا دەدۆزرێتەوە.
- ماوەت کانێکی گەورەی پاشماوە دێرینەکانە و دەکرێت چەندان شوێنەواری تیادا بدۆزرێتەوە
سەبارەت بە گرنگی ناوچەی ماوەت لەڕووی شوێنەواری کۆنەوە مامۆستا قادر ئەمین باس لەوە دەکات کە دەشتی ماوەت پێی دەڵێن بایەو، ناوچەیەکی شوێنەواری زۆر گرنگە، ئێستاش پێدەچێت چەندین ئاسەواری تری تیادا بێت و دەڵێت ''من بۆخۆم چەندین سەرەپەیکان-م (نوکی ڕم) تیایدا دۆزیوەتەوە، وەختی خۆی کراوە بە سەری تیرەوە و شەڕیان پێ کردووە، بەڕای من نابێت ئەو ناوچەیە بکێڵرێت، چونکە شوێنەواری زۆری تیادایە، لەوبەرەوە لە نزیک کاوی گاورانیشەوە پێدەچێت شوێنی شەڕی زۆر بووبێت، شاخەکە بەناوی زەردەشتییەکانەوە ناونراوە، چونکە لە دینی موسڵماناندا زەردەشتییەکان بە گاوڕ لەقەڵەم دراون".
ئەو مامۆستا بەتەمەنە باس لە چەندین شوێنەواری تر دەکات کە لە ناوچەکەدا بۆخۆی دۆزیونیەتەوە و باس لە سەرگوزشتەیەکی دێرین دەکات لەگەڵ کەسایەتی سیاسیی و ئەدیبی کورد، مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد و دەڵێت ''کاتی خۆی لەوبەری سورەباوە، قەبری زۆری کۆن هەبوون دۆزیویانەتەوە، لەوشوێنەدا مۆرێکمان دۆزییەوە وەکو ٢٠ فلسی وابوو، دەماننا بە کاغەزێکەوە، رەسمی سەرەئاسکێک یان بەرخێک دەردەچوو، بۆیە پێم وابێت مۆری سەردەمی دەوڵەتی بەرخە سپی (١٤٦٧-١٥٠٢) بووە کە فەرمانڕەوای ناوچەکە بوون. ئەو مۆرەم لابوو دام بە کەسێک بۆیی هەڵیبگرێت ئەو فەوتانی، هەر لە شیوی گەورێ لە شەستەکانی سەدەی رابردوودا سەرەگایەکمان دۆزیەوە کە وەک و زینە بەکارهاتبوو، دیاربوو مێژووەکەی کۆن بوو، لە ئاڵتون گیرابوو چواردەورەکەی، بۆخۆم کێشام ٤٥٦ گرام دەبوو، کەسێک زانیبووی ئەو سەرەگایە پاشماوەیەکی دێرینە و دۆزراوەتەوە، راپۆرتی نوسیبوو بۆ عیساوێ بۆ مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد، دواتر چووینە لای مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد، لەوێ دامانە دەستی تاوەکو پارێزگاری لێبکات و لە فەوتان رزگاری بێت.
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن