هونەر و كلتوور

چایخانەی مام خەلیل یەکێک لە چایخانە هەرە دێرینەکانی هەولێر

چایخانەکە لەسەر رووبەڕێکی بچووک و بە شێوازێکی کۆن دراوستکراوە و تا ئێستا دوو جار نۆژەنکراوەتەوە، خاوەنەکەشی داوا لە دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان دەکات کە لە رێبەری گەشتیاراندا ئاماژە بە چایخانەی مام خەلیل بکەن وەک شوێنێکی کولتووریی و مێژوویی.

Heman Husseın Yaseen  | 19.01.2020 - نوێکردنەوە : 29.01.2020
چایخانەی مام خەلیل یەکێک لە چایخانە هەرە دێرینەکانی هەولێر

Arbil

هەولێر - AA

شاری هەولێر ژمارەیەک چایخانەی کۆن لەخۆدەگرێت کە مێژوویەکەیان بۆ زیاتر لە نیو سەدە دەگەڕێتەوە و تا ئێستاش وەکو چایخانە ماونەتەوە و خەڵکێکی زۆر رۆژانە سەردانی دەکەن و بووەتە شوێنی کۆڕ و کۆبوونەوەی چین و توێژەکانی کۆمەڵگا تەنانەت زۆربەی گەشتیارانیش سەردانی ئەو چایخانانە دەکەن و وێنەی یادگاری لێ دەگرن.

یەکێک لەو چایخانانە، دەکەوێتە ناو بازاڕی قەیسەری شاری هەولێر، چایخانەی مام خەلیل-ی چایچی-یە کە لە ساڵی ١٩٥٢ کراوەتەوە و رۆژانە خەڵکێکی زۆر سەردانی دەکەن و بووەتە شوێنێک بۆ کۆکردنەوەی ئەرشیفی وێنەی کۆن و سەدان وێنەی جیاجیا بەسەر دیواری چایخانەکەوە دەبیندرێن.

چایخانەکە لەسەر رووبەڕێکی بچووک و بە شێوازێکی کۆن دراوستکراوە و تا ئێستا دوو جار نۆژەنکراوەتەوە، خاوەنەکەشی داوا لە دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان دەکات کە لە رێبەری گەشتیاراندا ئاماژە بە چایخانەی مام خەلیل بکەن وەک شوێنێکی کولتووریی و مێژوویی.

محەمەد خەلیل ساڵح کوڕی مام خەلیل-ی چایچی-یە و دوای کۆچی دوایکردنی باوکی، ئەو سەرپەرشتی چایخانەکە دەکات و رۆژانە بە جلوبەرگێکی کوردییەوە دەچێتە چایخانەکە و زۆرجاریش لەگەڵ میوانەکان و گەشتیاران دادەنیشێت تا مێژووی چایخانەکە بۆ گەشتیاران باس بکات.

محەمەد خەلیل چایچی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "باوکم لە ساڵی ١٩٣٩ لە گەڕەکی عارەبان-ی شاری هەولێر لە دایکبووە و تا پۆلی پێنجی سەرەتایی خوێندبوو، دواتریش دەستی بەوکارە کردووە و پیشەکەی نەگۆڕیووە تا دوا ساتەکانی ژیانی".

محەمەد خەلیل چایچی گوتیشی: "سەرەتا باوکم لە ساڵی ١٩٥٢ ئەو چایخانەی دروستکرد، بەڵام پێشتریش بۆخۆی لە چایخانەی عەبۆ قاوەچی شاگردبوو، ئەوکات تەمەنی ١٣ ساڵان بوو، لەوکاتە بەدواوە بەردەوام بوو، هەموو ژیانی لەم چایخانە بەسەربرد تا ساڵی ٢٠١٥ کە کۆچی دوایی کرد".

محەمەد خەلیل چایچی باس لە قۆناغەکانی مێژووی چایخانەکە دەکات و دەڵێت: "سەرەتا چەند چایخانەیەکی کەم هەبوون لە هەولێر، چایخانەی مام خەلیل بەهۆی هەڵکەوتەی شوێنەکە کە کەوتووەتە ناو بازاڕی قەیسەری هاوکات قەسابەکان لە نزیک چایخانەکەوە کاری کڕین و فرۆشتنییان دەکرد بۆیە چایخانەکە هەمیشە جمەی کاسبکارانی لێ دەهات و دواتریش لە ساڵانی هەشتاکان، کاتێک خەڵک لە گوندەوە دەهاتنە هەولێر، ئەوا دەبوو سەرێک لە چایخانەی مام خەلیل بدەن و چای بخۆنەوە".

لە چایخانەکەدا ژمارەیەکی زۆر وێنە لەسەر دیوارەکان دەبیندرێن و لەبارەی وێنەکانیشەوە، محەمەد خەلیل چایچی گوتی: "باوکم حەزی بە وێنە بوو بۆیەش تەواوی چایخانەکەی بە وێنە پڕکردووەتەوە و وێنەی کەسایەتی زۆری تیادایە، ئەوانەی سەردانی ئێرە دەکەن جگە لە هاووڵاتییەکان ئەوا کۆنسولەکان و سیاسییەکانن، هەروەها گەشتیارانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق و گەشتیاری بیانیش زۆر سەردانمان دەکەن و زانیاریی مێژوویی لەسەر چایخانەکە وەردەگرن".

خەلیل ساڵح حەوێز لە ٣/٣/٢٠١٥ کۆچی دوایی کرد و دوای ئەوەیش محەمەد خەلیل شوێنی باوکی دەگرێتەوە و وەک خۆی دەڵێت "دوای نەمانی باوکم، من هاتمە ئێرە و سەرپەرشتی چایخانەکەم کرد و توانیم پەرەی پێبدەم و بۆ ئەوەی کولتوور و مێژووی چایخانەکە بپارێزین بۆیە کوڕەکەشم جێگای خۆم دەگرێتەوە".

ناوبراو داوا دەکات کە چایخانەکەیان بۆ گەورە بکرێت، هاوکات لە رێبەریی گەشتیاریدا ئاماژە بە چایخانەی مام خەلیل بکرێت و لەمبارەیەوە گوتی: "داوا دەکەین دوکانەکەمان بۆ گەورە بکەن و لەگەڵ ئەوەشدا داوا لە دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم دەکەین کە لە رێبەری گەشتیاریدا ئاماژە بە چایخانەی مام خەلیل بکرێت بۆ ئەوەی زۆرترین گەشتیار سەردانمان بکەن و ئەمەیش بۆ پاراستن و کولتووری نەتەوەیەکە".

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın