١٣٦ گرووپی گەشتیاری لە کۆریای باشوورەوە بۆ بینینی چیای نەمرود سەردانی تورکیا دەکەن
- شوێنەوارە مێژووییەکانی چیای نەمرود کە لە ئاکامی بوومەلەرزەکانی شەشی شوبات زیانیان بەرنەکەوتووە، بەردەوامن لە میوانداریکردنی گەشتیارانی ناوخۆیی و بیانی.

Adıyaman
ئادیامان - AA
چیای نەمرود کە دەکەوێتە شارۆچکەی کاهتا لە پارێزگای ئادیامان و لە ریزبەندی میراتی جیهانی یونسکۆدایە، گەشتیارانی بیانی لە رۆژهەڵاتی دوورەوە بۆ بینینی جوانییەکانی سەردانی دەکەن.
چیای نەمرود کە سێیەم گرنگترین شوێنەواری مێژووییە لە تورکیا و لە ساڵی ١٩٨٧دا خراوەتە لیستی میراتی جیهانی یونسکۆوە، تەنانەت میوانداریی ئەو گەشتیارانەش دەکات کە لە کۆریای باشوور، ژاپۆن و چینەوە دێن.
ئەو سەردانیکەرانەی کە دێنە ناوچەکە پێویستە ٨٠٠ مەتر ببڕن کە نزیکەی ٤٠ خولەک دەخایەنێت، تا دەگەنە چیای نەمرود.
گەشتیاران کە بە گرووپ دەچنە چیای نەمرود، شوێنەوارە مێژووییەکان دەبینن و وێنە و ڤیدیۆ دەگرن. هەروەها دەرفەتی بینینی دیمەنی هەڵهاتن و ئاوابوونی خۆریان بۆ دەڕەخسێت.
بەڕێوەبەری گەشتیاری و کولتووری ئادیامان، ئابوزەر گەلسە بە پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند کە شارەکە بە جوانییە مێژوویی و سروشتییەکانیەوە پێشوازی لە گەشتیارانی ناوخۆیی و بیانی دەکات.
گەلسە روونی کردەوە کە چیای نەمرود شوێنێکی مێژوویی گرنگە و گوتی: "راستەوخۆ دوای بوومەلەرزەکانی شەشی شوبات، لەگەڵ کۆمپانیا گەشتیاری و هۆتێلەکان کۆبووینەوە و هەڵسەنگاندنمان بۆ زیانەکان کرد. لە مانگی نیسانەوە وەرزی گەشتیاری دەستی پێ کردووە. ١٣٦ گرووپی گەشتیاری کۆریای باشوورەوە دێن. گەشتیارمان هەیە کە لە کەنەدا و ئیتاڵیا و ئەڵمانیاوە هاتووە".
بە ئاماژەدان بەوەی کە ساڵی رابردوو نزیکەی ٣٥٠ هەزار کەس سەردانی مۆزەخانە و شوێنە مێژووییەکانی شارەکەیان کردووە، گەلسە گوتی: "گەشتیاران لێرەدا دەرفەتی بینینی دیمەنی هەڵهاتن و ئاوابوونی خۆریان لە بەرزاییەکانی چیای نەمرود هەیە".
کیم کی تایک کە گەشتیارە و لە کۆریای باشوورەوە هاتووە، رایگەیاند کە مێژووی چیای نەمرود گرنگییەکی تایبەتی هەیە و پێشتر ناوچەکەیان لە رێگەی ئینتەرنێتەوە بینیووە، گوتی: "من پێشتر ئێرەم لە ئینتەرنێت و لە تەلەڤیزیۆندا بینیووە. بۆ یەکەمجارە دێمە ئێرە. زۆر بەلامەوە جوانە".