هەولێر .. کردنەوەی بازاڕێکی تایبەت بە تێچووی یەک ملیار دۆلار
بڕیارە مانگی داهاتوو بازاڕێکی تایبەت لە هەولێر بکرێتەوە و بەڕێوەبەری كارگێڕی بازاڕەکەش ئاماژە بەوە دەکات کە ئەم پڕۆژەیە لە ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا گرنگی و بایەخێکی زۆری هەیە.

هەولێر
ژمارەی دووكانەكانی ئەم بازاڕە هەشت هەزار دووكانە و بە سێ قۆناغ دەكرێنەوە. قۆناغی یەكەم بریتی بوو لە بازاڕی ئافرەتان كە كراوەتەوە. قۆناغی دووەم یەكی نیسانی داهاتوو دەكرێتەوە و قۆناغی سێیەم كە دوا قۆناغی ئەم بازاڕەیە لە یەكی ئایاری داهاتوودا دەكرێتەوە.
سەبارەت بە تێچوونی بنیاتنانی بازاڕی داون تاوان، عەبدولغەفور لەتیف ئەحمەد گوتی: "تێچووی ئەم بازاڕە زیاتر لە یەك ملیاردۆلارە كە لەسەدا 80ی تەواو بوو".
بڕیارە نهۆمی خوارەوە تایبەت بێ بە لەنگە و میوە فرۆشان و دەستگێڕان، بە تایبەت ئەو دەستگێڕانەی كە ئێستا لە بازاڕی شێخەڵڵا لە ناوەڕاستی شەقامەكان دەبینرێن.
لەبارەی چۆنیەتی پێدانی مێز بەو كەسانەی كە ئێستا لە بازاڕی شێخەڵڵا كاری دەستگێڕی دەكەن، عەبدولغەفور لەتیف ئەحمەد گوتی: "لە رێگای تیرو پشكەوە هەزار و 400 مێز بەسەر كاسبكاراندا دابەش كرا".
دابەشكردن و پێدانی جێگا بە كاسبكاران لە بازاڕی داون تاون بەبێ بەرامبەر دەبێت و بەڕێوەبەری كارگێڕی ئەم بازاڕەش ئاماژە بەوە دەكات کە بۆ جوانتركردنی سیمای شار و نەهێشتی مێزی دەستگێڕی سەر شۆستە و شەقامەكان، پێدانی جێگا بە خۆڕایی دەبێت.
سەبارەت بە پارەی تێچووی دروستكردنی مێزی دەستگێڕان، عەبدولغەفور لەتیف ئەحمەد گوتی: "تێچووی دروستكردنی ئەو مێزانە نزیكەی 5 ملیۆن دۆلارە و بەخۆڕایی دابەش دەكرێت".
بازاڕی داون تاون بەشێكە لە پرۆژەی بازاڕی نیشتمان كە رووبەری پرۆژەكە لەسەر پانتایی 120 هەزار مەتردووجا نیاتنراوە لە ناوجەرگەی شاری ھەولێرە و دەكەوێتە بەرامبەر قەڵای ھەولێر كە مێژووەكەی بۆ زیاتر لە 4 هەزار ساڵ پێش زایین دەگەڕێتەوە.
پرۆژەكە لەلایەن گرووپی كۆمپانیاكانی نێری دیزاین كراوە و بە گوتەی ئەندازیارانی پڕۆژەکە تیایدا بەرزترین ئاستەكانی جێبەجێكردن رەچاو كراوە.
وێڕای دیزاینێكی بیناسازی ھاوچەرخ و باش، کۆی پرۆژەكە بەگەورەترین سەنتەری بازرگانی دادەنرێت لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و عێراق كە هەشت هەزار شوێنی بازرگانی لە خۆدەگرێت و بەپێی پسپۆرییەكان دابەش كراوە و پاركینگێكی گەورەی ئۆتۆمبێلی تێدا دروست كراوە كە توانای لەخۆگرتنی پێنج هەزار ئوتۆمبێلی هەیە و بەپێی گوتەی بەڕێوەبەری كارگێڕی بازاڕی داون تاون، لە دوو مانگی داهاتوودا سەرجەم كارەكانی تەواو دەبێت و دەست دەكەن بە كردنەوەی بازاڕەكە.
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن