هونەر و كلتوور

كۆنترين بازاڕی زاخۆ بەشێوازێکی شوێنه‌واریی و کولتووریی نۆژەنکراوەتەوە

بازاڕی کۆن زاخۆ کە مێژووی دروستکردنی بۆ زیاتر لە ١٤٠ ساڵ بەرلە ئێستا دەگەڕێتەوە، لەژێر سەرپەرشتی بەڕێوەبەرایەتی شوێنەوار و کەلەپووری زاخۆ نۆژەنکراوەتەوە و لەئێستادا لە بازاڕەکە شتومەکی زیاتر کەلەپووری دەفرۆشرێن.

Abdulhameed Husseın Karam  | 22.09.2023 - نوێکردنەوە : 26.09.2023
كۆنترين بازاڕی زاخۆ بەشێوازێکی شوێنه‌واریی و کولتووریی نۆژەنکراوەتەوە

Dahuk

دھۆک - AA

بازاڕی کۆن زاخۆ "بازارێ کەڤنێ زاخۆ" کە مێژووی دروستکردنی بۆ زیاتر لە ١٤٠ ساڵ بەرلە ئێستا دەگەڕێتەوە، بەشێوازێکی کولتووریی و شوێنەواریی نۆژەنکراوەتەوە.

گەشەپێدانێکی زۆری کولتووریی و ئابووریی لە شاری زاخۆ ھەیە و کۆنترین بازاڕی زاخۆ کە بە "سیکا تاری" ناسراوە لەئێستادا نۆژەنکراوەتەوە و بووەتە سەرچاوەیەک بۆ بژێوی ژیانی خەڵکی شارەکە و ئامادەسازیی دەکرێت بۆئەوەی پێشوازی لە گەشتیارانی بیانی و ناوخۆیی بکرێت لەو بازاڕە.

لەئێستادا بازاڕەکە لە مەترسی لەناوچوون پارێزراوە بۆئەوەی جارێکی تر ژیان بۆی بگەڕێتەوە، چونکە خەڵک پێش نۆژەنکردنەوەی نەدەھاتن بۆ ئەم بازاڕە و سیمای خۆی لە دەستدابوو. لە ناوەڕاستی مانگی ١٠ی ساڵی ٢٠٢٢ گوژمەی یەک ملیار و ١٨٠ ملیۆن دیناری عێراقی لە بوودجەی پەرەپێدانی ھەرێمەکان، بۆ نۆژەنکردنەوەی بازاڕەکە تەرخان کرا. بازاڕی کۆنی زاخۆ کە لە ١٣٠ دووکان پێکھاتووە لەئێستادا کارەکانی تەواو بووە.

سەرەنجڕاکێشترین بەشی ئەم بازاڕە ئەوەیە کە کاری دەستی و کولتووری تیادا بەدی دەکرێت و ژنان لە بازاڕەکەدا بۆ کاری دەستی ڕۆڵێکی بەرچاویان ھەیە.

بازارێ کەڤنێ زاخۆ تەمەنی١٤٠ ساڵ زیاترە و ئەو بازاڕە سێ ناوی لێنراوە (سیکا تاریا زاخۆ، بازارێ کەڤنی زاخۆ، چارسیا زاخۆ)، بەڵام لەئێستادا تەنها بە بازارێ کەڤنێ زاخۆ ناوی دەھێنن.

لەو بارەیەوە ھاووڵاتی ئیبراھیم سلێمان سندی ( ٧٠ ساڵ) بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەم بازاڕە زۆر خۆش بووە خودا لەوانە رازی بێت کە ھەستان بە نوێکردنەوەی ئەم بازاڕە کە پێشتر ھەر تاریک بوو، بەڵام ئێستا رووناکە و بەیانییان زوو دێنە و لەم بازاڕە دادەنیشین و چای دەخۆینەوە و لەگەڵ ھاوتەمەنەکانمان قسە دەکەین. ئەوەش رۆژانە بەدی دەکرێت کە خەڵکی زۆر ئاسودە و ئارامە و ھاتنی گەشتیارانیش کە زۆربەیان عێراقین لەئێستادا بەرە بەرە دەستی پێ کردووە".

گوتیشی: "پێشتر ھەر نەدەھاتم یاخو زۆر بە دڵگرانی دەھاتمە ئەو بازاڕە، بەڵام ئێستا بەدڵێکی گەشەوە دێم شت دەکڕم و چای دەخۆمەوە و سەردانی برادەران دەکەم".

ئافرەتێک بە ناوی نەورۆز جەعفەر کە لە بازاڕی "کەڤنی زاخۆ"دا ھەڵی کاری بۆ ڕەخساوە گوتی: "من ماوەی دوو ساڵە کاری دەستی دەکەم لە دروستکردنی کراسی پیاوان، کڵاو و دەستکێش. ئێمە زۆر خۆشحاڵین بە کردنەوەی ئەم بازاڕە و ڕەخساندنی ھەلی کار و پێدانی دوکان بە ئافرەتان لەو بازاڕە ئەوەش دیمەنی یەکرێزی لەو شارە جوانتر دەکەت".

گوتیشی: "لەئێستادا چاوەڕوان دەکرێت لەگەڵ کردنەوەی تەواوی ئەم بازاڕە گەشتارێکی زۆری ناوخۆ و بیانی سەردانی ئێمە بکەن. من وەک خۆم ئەم بازاڕەم زۆر لا گرنگ بوو لە سەەرتا بە شێوەی ئۆنلاین و چەند پەیجێکی خۆم ریکلامم دەکرد و دەمفرۆشت، بەڵام بیرم لێ کردەوە کە ئەم بازاڕە شوێنێکی کولتوورییە و کارەکانی دەستی منیش بۆ گەشتیاران سەرەنجڕاکێش دەبن ئەوەش وایکرد کە لەم بازاڕە دوکانێک بە کرێ بگرم ئەمەش دەستپێکێکی باشە بۆ من".

ئافرەتێکی گەشتیار بەناوی ئەنیسا عەبدولحەمید کە لە وڵاتی سویدەوە ھاتووەتە زاخۆ سەردانی بازاڕی "کەڤنی زاخۆ"ی کردووە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "من زۆر لە مێژە لە زاخۆ نیم من لە فیسبۆک نۆژەنکردەوەی ئەم بازاڕەم بینی زۆر جوان بوو پێشتر کە لە منداڵی لە زاخۆ دەژیام ئەمە بازارێکی تاریک بوو هەرگیز نەدھاتمە ناوی، ئێستا زۆر جوان بووە و کەلوپەلی کولتووری زۆری تیادایە و من بۆ کڕینی ھەندێ شتی کۆن ھاتووم".

ئەو گوتیشی: "زۆر خۆشحاڵم بەوەی کە ھەڵی کار بۆ ئافرەتانیش لێرە رەخساوە ھەر لە چێشت لێنان و درومان و کارە دەستییەکانی دیکەش ئەوە گەشەپێدانێکی زۆر باشە بۆ ئەو شارە، زۆر شت ھەیە کە دایک و داپیرم بەکاریان دەھێنا ئێستا لێرە دەیان بینمەوە، ئەوەش بیرەوەریەکانی کۆنی ئێمە نوێ دەکاتەوە".

ھەموو ئەو کەرەستانەی کە لە نۆژەنکردنەوەی بازاڕی کۆنی زاخۆدا بەکاردەھێنرێن، لەژێر سەرپەرشتی شوێنەوار و کەلەپووری زاخۆ دایە و ئەو کەرەستانەن کە بۆ شوێنی شوێنەواریی بەکاردەھێنرێن، بۆ نموونە دەرگای دووکانەکان کە لە دار دروستکراون و لەئێستادا لە بازاڕەکە ھەموو جۆرە کەلوپەلێکی لێی نافرۆشێت، و شتومەکی زیاتر کەلەپوورین و دەربڕین لە مێژووی شارەکە دەکەن.

بەڕێوەبەری شوێنەوار و کەلەپووری زاخۆ، محەمەد ئەحمەد یوسف لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ئەوەی پشتڕاست کردەوە کە بازاڕەکە تەمەنی دەگاتە ١٤٠ ساڵ و گوتی: "ئەم بازاڕە بەرەو نەمان و ڕووخان دەچوو خۆشبەختانە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ دەستی بە نۆژەنکردنەوەی کردەوە و لەئێستا تەواو بووە و زۆر بە باشی پێشوازی لێکراوە. لەئێستادا بەشی ئافرەتانیش ھەیە و ئەوان دەتوانن رۆلێکی سەرەکی بگێڕن لە بازاڕەکەدا".

ناوبراو لەبارەی تێچووی نۆژەنکردنەوەی بازاڕەکەوە گوتی: "ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ یەک ملیار و ١٨٠ ملیون دیناری خەرج کردووە بەجۆرێک ھەموو ئەو کەرەستانەی لە نۆژەنکردنەوەی بازاڕی کۆنی زاخۆدا بەکاردەھێنرێن، لەژێر سەرپەرشتی ئێمەدان و دەبێت ئەو کەرەستانە بن کە بۆ شوێنی شوێنەواریی بەکاردەھێنرێن، ھەروەھا ھەموو جۆرە کەلوپەلێکی لێی نافرۆشێت، دەبێت ئەو کەلوپەلانە بن کە زیاتر کەلەپوورین و کەلوپەلەکان زیاتر دەربڕی مێژووی شارەکە دەبن، بۆ ئەوەی سەرنجی گەشتیاران ڕابکێشین".

لە زاخۆ زیاتر لە ١٤٠ شوێنی شوێنەواریی ھەیە کە لە قەڵا، پرد، ئاش و زۆر شوێنی تر پێکدێت و ناسراوترین شوێنەواریش پڕدی دەلال-ە.

زاخۆ کە ناوچەیەکی بادینانە دەکەوێتە سەر ڕێگای دەوازەی سنووریی "ئیبراھیم خەلیل" و سنووری ھەیە لەگەڵ تورکیا و گەورەترین ‌سنووری وشکانی ھەرێمە و ئاڵوگۆری زۆری بازرگانی و ھاتنی زۆری گەشتیاری تیادا دەکرێت.


بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın