شڤان پەروەر: کاتێک رهوش لهبار بوو دەگەڕێمەوە تورکیا
ھونەرمەندی ناودار شڤان پهروهر دەڵێ چاوەڕوانی ئاسایی بوونەوەی رەوشی تورکیام و ههر کاتێک رهوش لهبار بوو دەگەرێمەوە تورکیا.

ھەولێر
ھونەرمەندی ناودار شڤان پەروەر لە بارەی دووبارهنهكردنهوهی سهردانی بۆ توركیا دوای سەردانەکەی بۆ دیاربەکر گوتی: "چاوەڕوانی ئەوە دەکەم رەوشێکی گونجاو بڕەخسێ و چەند کەس و لایەنێک نایانەوێ بگەڕێمەوە بۆ ئەو مەبەستە لایەنی تورکی رازی کراوە، بەڵام چهند لایهنێكی كورد ھێشتا دژی گەڕانەوەی منن."
شڤان پەروەر لە ھەولێر لە دیمانەیەکدا وەڵامی پرسیارەکانی ئاژانسی ئانادۆڵوی دایەوە و گوتی: "بۆ گەڕانەوەم بۆ تورکیا لە لایەن دەوڵەتی تورکیاوە ھیچ کێشە و گرفتێک نییە و ئەو سکاڵایانەی لە سەرم تۆمار کرابوون ھەموویان داخران. چاوەڕوانی ئەوەم تۆزێکی دیکەی بارودۆخی تورکیا ئاسایی ببێتهوه. نامەوێ کەس لێم دڵگران ببێ، کاتێک ھێزە ستاتکۆپارێزەکان وازیان لە بیروڕا توندەکانیان ھێنا و ھەڵومەرجی گونجاو رەخسا، دەگەڕێمەوە، بەڵام ھێشتا چەند بەربەست و پرسی سیاسی ھەن، لایەنی تورکی رازی بووە بەڵام چهند لایەنێكی کوردی ھێشتا لە دژی گەڕانەوەی منن بۆ تورکیا."
پەروەر باسی سەردانی بۆ دیاربەکر لە سەر داوەتی سەرۆکوەزیرانی تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان کرد و گوتی: "لە سەر داوەتی سەرۆکوەزیران سەردانی دیاربەکرم کرد، بەڵام چەند کەس و لایەنێک ئەو سەردانەیان لە دژی من بەکار ھێنا. لەگەڵ بەڕێز بارزانی بۆ پشتگیریکردن لە قۆناغی چارەسەری و پڕۆسەی ئاشتی سەردانی دیاربەکرمان کرد. بەڵام نازانم چی بوو لە ناکاو تووڕەبوون و گوتیان بۆ چی کاتێک ئێمە داوەتمان کرد نەھاتی ئایا تۆ ئاغای؟ ئەوانە حاڵی حازر باسی ئازادی، دیموکراسی و شتی بەو جۆرە دەکەن، بەڵام ئێمەش بۆ ئازادی و دیموکراسی سەردانی دیاربەکرمان کرد. لە جیاتی ئەوەی چەپڵەم بۆ لێبدەن دژایەتییان کرد. من بۆ ھەر کەس سەردانی تورکیام کرد تەنیا بۆ کەسێک نەچوومە دیاربەکر، سەردانم بۆ دیاربەکر بۆ پارە و گۆرانی گوتن نەبوو، بۆ پشتگیریکردنی ئاشتی بوو."
شڤان پەروەر له بهردهوامی قسهكانیدا گوتی: "ئامانجی سەرەکیم خزمەتکردنی ئاشتییە، ئەوانەی عەقڵیان ھەبێ سەردانەکەم بە ئیجابی ھەڵدەسەنگێنن، سهردانهكهم بۆ بهردهوامی شەڕی کورد و تورک نەبوو، بەڵکو بۆ ئاشتبوونەوەی کورد و تورک ئەو سەردانەم ئەنجامدا. بۆ چی تووڕەن؟ باسی قۆناغی چارەسەر دەکەن، باسی ئاشتی دەکەن و ئێمە چەپڵەیان بۆ لێدەدەین و دەچین سڵاویان لێ دەکەین و پیرۆزباییشیان لێ دەکەین، بەڵام دەڵێن نا تۆ بۆ ئێمە نەھاتووی، ١٠ ساڵە حکومەتی تورکیا داوەتم دەکا، ئایا من ھاتم نا، ھەمیشە دەمگوت دێم بەڵام نەچووم ئایا دەبێ شەڕ بکەین یا خزمەتی ئاشتی بکەین؟ بێگۆمان ئاشتیش لە سەر بنەمای یەکسانی دەبێ، تا یەکسانی نەبێ برایەتیش نابێ، پێویستە برا قەدر و قیمەتی برا بزانێ."
پەروەر ههروهها گوتی: "سەرەڕای ئهو پڕوپاگەندەی له دژی من كران، بەڵام ھێشتا گەنجانی کورد منیان زۆر خۆش دەوێ، بەڵام چەند رەخنەم ھەیە و دەڵێم. دۆست بن و خۆتان بگۆڕن تۆزێک، جیھان دەگۆڕدرێ ئێوەیش تۆزێک گۆڕانکاری بکەن، ھەمیشە سیاسەتی پیسی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست پەیڕەو مەکەن. ئێوە باسی سیاسەتی پیس دەکەن، بەڵام بۆ خۆتان ئەو سیاسەتە پەیڕەو دەکەین. واز لەو شتانە بھێنن تۆزێک خۆتان بگۆڕن، رەخنەکانم ئەمانەن."
پەروەر جەختی لەوە کردەوە کە "پێویستە ھەر کەس وەکو مرۆڤ بژی، ئەو وڵاتە ھی ھەرکەسێكه، پێویستە باوەشی بۆ ھەر کەس بکاتەوە، ھەمیشە تۆزێک ناکۆکی سیاسی ھەر دەبن بۆیە پێویستە بەبێ شەڕ و ئاژاوە و بە شێوەیەکی مرۆیی بەبێ ئەوەی زەرەر بە کەس بگا ئەو پرسانە چارەسەر بکرێن. ئەو شتانەی من باسیان لێوە دەکەم سوودیان بۆ تورک و بۆ کورد ھەیە."
پەروەر لە وەڵامی پرسیاری ئایا ھیچ ترسێکتان ھەیە؟ گوتی: "من شڤان پەروەرم، ھیچ کات نەترساوم بەو پەڕی ھێز، متمانە، و خۆشتەویستیمەوە لە مەیداندا بوومە، رەنگە ھەر کەس بکوژێ یا بکوژرێ، رەچاوی ھەمووی ئەوانەم کردووە، بەڵام ھیچ کات نەترساوم و ناترسم تەنیا ترسی من ئەوەیە کە گەلی من نەگاتە ئاشتی و ئازادی، وڵاتەکەمم زۆر خۆش دەوێ، من عاشقی وڵاتەکەمم و ھیچ کات ئەو عێشقە نەبووە بە ترس و رێگا نادا بترسم و بە ھیچ شێوەیەک گوێم بە ھیچ جۆرە ھەڕەشەیەک نەداوە و نادەم. تەنیا یەک شەو لە دیاربەکر مامەوە، یەک گۆرانیم نەگوت و کۆنسێرتیشم ساز نەکرد، من شێت و شەیدای ئازادیم، زۆر بیری دایکم دەکەم، دایک لە سەرەوەی ھەر شتێکە زۆر حەز دەکەم بچمە سەر قەبری بێگۆمان زۆر بیری گوندەکەشمان دەکەم."
پەروەر لە بەردەوامی قسەکانیدا باسی قۆناغی چارەسەر کرد و گوتی: "ھێزە ستاتکۆپارێزەکانی تورکیا و سیاسەتی دژە ئاشتی شکەست دەخوا و سەرناکەوێ، ئەوانە حاڵی حازر لە ھەر لایەکەوە زەرەر بە تورکیا دەگهیهنن، تورکیا لە رووی جۆغرافیاوە وڵاتێکی شاھانەیە و بهشی ههموو كهسێك دەکا بە مەرجێک دۆست و برا بن، پێویستە کار بکەین چونکە ئەگەر کار بکەین کاتمان بۆ شەڕ کردن نامێنێ."
لە بارەی ھەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا شڤان پەروەر گوتی: "پێویستە پیرۆزبایی و دەستخۆشی لە سەرۆکوەزیران بکرێ چونکە سەرەڕای ئەو ھەموو ھێرشە توانی لە ھەڵبژاردندا سەرکەوتنێکی باش بەدەست بھێنێ. دیارە داواکارییەکانی کۆمەڵگەی جێبەجێ کردووە بۆیە پێویستە بە بۆنەی ئەو سەرکەوتنەوە پیرۆزبایی لە سەرۆکوەزیران بکرێ."
پەروەر لە وەڵامی پرسیاری ئایا ھیچ داواکارییەکتان لە سەرۆکوەزیرانی تورکیا ھەبوو یا ھەیە؟ گوتی: "تاقە داواکاریم جێبەجێکردنی ئەو بەڵێنانەیە کە لە بواری قۆناغی چارەسەردا دراون، سەرۆکوەزیران لە منی پرسی بۆ ناگەڕییەوە منیش گوتم ھێشتا ھەڵومەرج لەبار نییە کاتێک ھەڵومەرج لە بار بێ دەگەڕێمەوە و خزمەت دەکەم."
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن