هونەر و كلتوور

سلێمانی.. چالاکییەک بۆ هۆشیاری ژینگەیی

بەشی ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی چالاکییەکیان ئەنجام دا کە تێیدا ڕێنمایی ژینگەییان دەدا بە منداڵانی باخچەی ساوایان.

Rewa Mahmood Hasan  | 02.12.2019 - نوێکردنەوە : 04.12.2019
سلێمانی.. چالاکییەک بۆ هۆشیاری ژینگەیی

As Sulaymaniyah

سلێمانی - AA

خۆشەویستنی سروشت و ژینگەپارێزی یەکێکە لە بنەما سەرەکییەکانی کۆمەڵگەی پێشکەوتوو، بۆ ئەو مەبەستە بەشی ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی، لە هۆڵی ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستانی ئەو شارە چالاکییەکیان ئەنجام دا کە تێیدا ڕێنمایی ژینگەییان دەدا بە منداڵانی باخچەی ساوایان.

لە چالاکییەکەدا کە کاتژمێر ٩:٠٠ دەستی پێکرد، پەیتا پەیتا پێشوازی لە منداڵانی باخچەی ساوایانی جیاجیا دەکرا، کە تێیدا منداڵانیان فێری چۆنیەتی پارێزگاریکردن لە سروشت و ژینگەی کوردستان دەکرد لە ڕێگەی پیشانگای وێنەیی و بابەتی ئامادەکراو کە بە داتاشۆو نیشانیان دەدرا.

لەبارەی چالاکییەکەوە بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی عەمید هێمن کەمرخان لەلێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ئاماژەی بەوەدا کە ئەوان ماوەی دووهەفتە بەردەوام دەبن لەو جۆرە چالاکیانەیان تاکو سەرجەم قۆناغەکانی خوێندن لە باخچەی ساوایانەوە تا دەگاتە ئامادەیی، هۆشیار بکەنەوە لەبارەی چۆنییەتی پاراستنی ژینگە و دارستانەکان و خۆشەویستنی ئاژەڵانی کێوی و ماڵی و هەوڵدان بۆ نەمام چاندن و پارێزگاری کردن لێیان.

لەبەشێکی تردا عەمید هێمن ئاماژەی بەوەدا کە سەرەتا لەپێشانگایەکدا تایبەت بە پاراستنی سروشت و ژینگە و ئاژەڵان چەندین وێنە نیشانی ئامادەبووان دراوە، دواتر لەرێی داتاشۆیەکەوە چەند زانیارییەکیان بۆ ڕوونکردوونەتەوە لەسەر ژینگە و لەکۆتاییشدا خەڵات بەسەر منداڵەکاندا دابەش کراوە.

ناوبراو ئاشکرای کرد کە ئەم جۆرە چالاکییەیان لە هۆشیار کردنەوەی خوێندکاران و قوتابیان بەردەوامی دەبێت لە دووهەفتەی داهاتوودا تاکو زۆرترین قوتابی و خوێندکار لە قۆناغە جیاجیاکان لە باخچەی ساوایانەوە تا ئامادەیی لە چالاکییەدا بەشداربن.

مامۆستا گوڵزار مەجید لە باخچەی منداڵانی خونچە ئاماژە بەوە دەکات کە ئەمرۆ منداڵەکان زۆر خۆشحاڵ بوون بە بەشداری کردن لەو چالاکییەدا و زۆر شت فێربوون لەبارەی پاراستنی ژینگە و سروشت و خۆشەویستنی ئاژەڵانەوە.

ئانیا یەکێکە لەو منداڵانەی بەشدارەبووە لە چالاکییەکەدا ئاماژە بەوە دەکات کە ئەو فێر بووە چۆن رێز لە ئاژەڵەکان بگیرێت و خۆشیان بوێن و باس لەوە دەکات کە هەرکاتێک چوویە ماڵەوە ئەمە بە دایک و باوک و خوشک و براکانی دەڵێت تاکو ئەوانیش ژینگە بپارێزن و ئاژەڵانیان خۆشبوێت.



بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın