ئاگری نەورۆز لەسەر چیای ئاکرێ بە جۆش و خرۆشەوە داگیرسێندرا
لە قەزای ئاکرێ بە کردنەوەی ئاگر لەسەر ھەرسێ چیای کەلێ، کەلەکەڤنێ و تیشێ و رووناککردنەوەی ئاسمانی قەزاکە بە یاری ئاگڕین نەورۆز کرایەوە.

ئاکرێ - AA
لە ھەرێمی کوردستان بە چەندین چالاکیی جۆراوجۆر ئاھەنگی ھاتنی نەورۆز و سەری ساڵی نوێی کوردی بەرز رادەگیرێت و ئاگری نەورۆز لە ھەر شار و شارۆچکەیەک بە شێوازێک رۆشن دەکرێت لە قەزای ئاکرێ-ش ئەمساڵ ھەزارەھا کەس بەشداریان لەو بۆنەیە کرد و بە بردنەوەی سەدان مەشخەڵ بۆ سەر چیا ئەم یادە بەرز راگیرا.
لە قەزای ئاکرێ ماوەی چەندین ساڵە لە ٢٠ی ئاداردا ھەزاران کەس دەچنە سەر لوتکەی چیا و بەدەم ئاھەنگگێڕانەوە ئاگری نەورۆز دەکەنەوە.
نەورۆزی ئەمساڵ بۆ ئاکرێ جیاواز بوو خەڵکێکی زۆری روویان تێکردووە لەبەر ئەوەی لە چەند ساڵی رابردوودا لەبەر دۆخی تەندروستی و ڤایرۆسی کۆرۆنا ژمارەیەکی سنوردار خەڵکی بەشداریان دەکرد بەڵام ئەمساڵ دۆخەکە ئاسایی بوو و ھەزارھا کەس لە ناوخۆ و لە دەرەوە بەشداریان لەو بۆنەیە کردەوە.
لە ئاکرێ بە کردنەوەی ئاگر لەسەر ھەرسێ چیای کەلێ، کەلەکەڤنێ و تیشێ و رووناککردنەوەی ئاسمانی قەزاکە بە یاری ئاگرین نەورۆز کرایەوە.
ھەر لەو بارەیەوە شکاک جەبر عەبدۆلا سەرپەرشتیاری گرووپی سیپە کە یەکێکە لە گروپەکانی ئامادەکارییەکانی رێوڕەسمی نەورۆز لە ئاکرێ بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەمرۆ جیاواز لە چەند ساڵی رابردوو بە ھەزارھا کەس بەشداریان لەو بۆنەیە کردەوە بە بروای ئێمە ١٠٠ بۆ ١٥٠ ھەزار کەس بەشداریان کردووە".
شکاک گوتی: "ئێمە و گرووپەکانی دیکە هەزار مەشخەڵی ئاگرمان بردە سەر چیاکە و دواتر بە تەقاندنەوەی دوو هەزار یاری ئاگرین ئاسمانی قەزاکەمان رووناککردەوە".
سەرپەرشتیاری گروپی سیپە گوتیشی: "نەورۆز لە قەزای ئاکرێ تایبەتمەندی جیاوازی ھەیە، ئەو جیاوازییەش وایکردووە ناسناوی پایتەختی نەورۆزی پێبدرێت، ساڵانە لە ھەموو شوێنەکانی ھەرێمی کوردستان و دەرەوە بۆ بەشداریکردن لە رێوڕەسمی جەژنی نەورۆز خەڵک بە خۆشی و بە جلی کوردییەوە سەردانی ئەم شوێنە دەکەن و ئێوارەی ٢٠ی ئادار بە کۆمەڵ بە پێ و بە مەشخەڵی ئاگرەوە بەسەر چیادا سەردەکەون و دیمەنێکی ناوازە و تایبەت بە قەزاکە دەبەخشن".
ئاکرێ قەزایەکی ھەرێمی کوردستانە و سەربە پارێزگای دھۆکە، ساڵی ١٨٧٧ بووە بە قەزا، شارەکە لە نێوان چیاکانی کەلێ، کەلاکەڤنێ و تیشێ-دایە، خانووەکانی لەسەر یەک بەداوێنی شاخەکاندا ھەڵچوون، ئەمە دیمەنێکی جوان و سەرنجڕاکێشی بە شارەکە بەخشیوە و لە نەورۆزیشدا جوانتر دەردەکەوێت.
کوردەکان لە سەرانسەری جیھان رۆژی نەورۆز پیرۆزبایی لەیەکتر دەکەن و لە شوێنە بەرزەکان ئاگر دەکرێتەوە و شایی ھەڵپەڕکێ ئەنجام دەدرێت.
نەورۆز بە مانای نەمانی سەرما و سۆڵە و ژیانەوەی سرووشت و بە یەکەم رۆژی بەھار دادەنرێت.
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن