عێراق, کۆڤید- ١٩

یارمەتی پزیشكی توركیا بۆ فەرمانگەی تەندروستیی نەینەوا

سەرکۆنسولی تورکیا لە مووسڵ، مەحمەد کوجۆکساکاڵێ: "تورکیا لەم قۆناغە سەختەدا پشتیوانی عێراق و مووسڵ-ە، وھەروەھا تورکیا بەردەوام دەبێت لە یارمەتیدانی ناوچەکانی دیکەی عێراق"

Zana Natık Kerem  | 30.03.2020 - نوێکردنەوە : 03.04.2020
 یارمەتی پزیشكی توركیا بۆ فەرمانگەی تەندروستیی نەینەوا

Arbil

نەینەوا ــ AA

وەك یارمەتییەك بۆ خۆپارێزی لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ (COVID-19)، حكوومەتی توركیا یارمەتی پزیشكی پێشكەش بە فەرمانگەی تەندروستیی نەینەوا كرد.

سەركۆنسولی توركیا لە مووسڵ، مەحمەد كوجۆكساكاڵێ لە لێدوانێكی رۆژنامەوانییدا راگەیاند "ڤایرۆسی کۆرۆنا بووەتە بەڵایەک کە هەموو جیهانی گرتووەتەوە. چ لە تورکیا و چ لە عێراق رێوشوێنی پێویست دژبە ڤایرۆسەکە گیراونەتەبەر، ئەمڕۆش بە ئامانجی هاوکاریکردنی هەوڵەکانی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا کۆمەڵێک پێداویستی پزیشکیمان هێناوە و رادەستی بەڕێوبەرایەتی تەندروستیی نەینەوامان کردوون. ئێمە دەمانەوێت تەندروستی دانیشتوانی مووسڵ پارێزراوبێت هەربۆیە ئەوە دووپاتدەکەینەوە کە لەم کاتەدا لە پاڵ گەلی مووسڵ دەبین".

مەحمەد كوجۆكساكاڵێ گوتی: "لەنێو ئەو پێداویستییانەی هێناومانن دەمامک و ماددەی پاککەرەوە هەن چونکە وەک دەزانن لەم قۆناغەدا گرنگترین شت خۆپارێزی و خاوێنییە.

هەموو جیهان بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە بە رۆژگارێکی سەختدا تێدەپەڕێت. ئێمەش لەم قۆناغە سەختەدا مووسڵ-مان تەنها جێنەهێشت. دەستمان بە یارمەتیدان کرد و لە قۆناغی ئایندەشدا بەردەوام دەبین. رۆژ رۆژی هاوکاری و خۆڕاگرییە. تورکیا لەم قۆناغە سەختەدا پشتیوانی عێراق و مووسڵ-ە. تورکیا بەردەوام دەبێت لە یارمەتیدانی تورکمانەکانی تەلەعفەر و شارۆچکە و ناوچەکانی دیکەی عێراق".


سەركۆنسول توركیا لە مووسڵ، مەحمەد كوجۆكساكاڵێ ئاماژەی بەوەیشكرد كە ئەوان زۆر پەرۆشی پاراستنی گیانی دانیشتوانی نەینەوان و بەردەوام پاڵپشتیان لێ دەكەن.

لای خۆیەوە بەڕێوەبەری فەرمانگەی تەندروستیی نەینەوا، فەلاح حەسەن تائی لەبەرامبەر ئەو یارمەتییانە سوپاسی حكوومەت گەلی توركیای كرد و رایگەیاند بەردەوام توركیا رۆڵی گرنگی گێراوە لە پاڵپشتیكردنی فەرمانگەی تەندروستیی نەینەوا.

فەلاح حەسەن تائی ئەوەی وەبیرهێنایەوە كە زۆربەی نەخۆشخانە و بنكە تەندروستییەكان لە نەینەوا وێران بوون و گوتی: "لەئێستادا لەسەر ئاستی هەرێمیی و نێودەوڵەتی پێویستمان بە پاڵپشتی و یارمەتی هەیە بۆ بنیاتنانەوەی ئەوەی نەخۆشخانە و بنكە تەندروستییەكان لە نەینەوا بۆ ئەوەی باشترین خزمەتگوازری تەندروستی پێشكەش بە دانیشوانی پارێزگاكە بكەین".

راشیگەیاند كە لەئێستادا لە جەنگدان دژبە ڤایرۆسی كۆرۆنا و داواشی لە هاووڵاتییان كرد كە زیاتر پابەندبن بە رێنمایە تەندروستییەكان بۆ ئەوەی بەسەر ئەو ڤایرۆسەدا زاڵبن.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن