یادی کیمیا بارانکردنی هەڵەبجە لەسەر مەزاری شەهیدان کرایەوە

As Sulaymaniyah
هەڵەبجە - AA
ئەمڕۆ ١٦ی ئازاری ٢٠٢٠ لەسەر مەزاری شەهیدان بەدانانی تاجەگوڵینە لەسەر مەزاری شەهیدان، یادی کیمیا بارانکردنی ئەو شارە کرایەوە.
دوای ئەوەی کە پارێزگاری شارەکە بەهۆی رێکارەکانی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆناوە سەرجەم مەراسیم و یادکردنەوە و بۆنەکانی راگرتبوو، ئەمڕۆ هاوکاتی یادی کیمیابارانی هەڵەبجە هیچ مەراسیمێک بۆ ئەو بۆنەیە ئەنجام نەدرا، تەنیا ئەوەی چەند بەرپرسێکی حکوومی و حزبی تاجەگوڵینەیان لەسەر مەزاری شەهیدان دانا.
هەریەک لە قایمقامی شارەکە نوخشە ناسح، سەرۆکی شارەوانی کوێستان ئەکرەم و چەند بەرپرسێکی تری حزبی بە دانانی تاجەگوڵینە ئەو یادەیان کردەوە.
پێشتر لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو پارێزگاری هەڵەبجە ئازاد تۆفیق رایگەیاندبوو کە هیچ مەراسیم و بۆنەیەک بۆ یادی کارەساتی کیمیابارانی هەڵەبجە ئەنجام نادرێت، بەڵام کەسوکاری قوربانییان سەرپشک دەکرێن کە بچنە سەر مەزاری ئازیزانیان لە شەهیدانی هەڵەبجە.
لە لایەکی ترەوە پارێزگاری هەڵەبجە راگەیەندراوێکی بڵاو کردبوویەوە و تێیدا ئاماژە بەوە درابوو کە ١٦ی ئازار ٣٢هەمین ساڵیادی تاوانی کیمیابارانی ھەڵەبجەیە، لەبەر ئەوەی کەسوکاری شەهیدان و هاووڵاتییان بەشێوەی گشتی سەردانی مەزاری ئازیزانیان دەكەن ، ئەوا قەدەغەکردنی هاتوچۆ بۆ هاووڵاتییان لەنێو شاری هەڵەبجە دا بۆ ماوەی ٢٤ کاتژمێر کۆتایی دێت، واتە سبەی بۆ هاووڵاتیيان هاتوچۆ لەناو شاردا قەدەغە نییە، جگە لەنێو بازاڕی هەڵەبجە، كە (لە سەرۆکایەتی شارەوانی بۆ مامۆستای نەناسراو، لە سەرۆکایەتی شارەوانی بۆ فولکەی عومەری خاوەر، لە مامۆستای نەناسراو بۆ کازیوە، لە مزگەوتی جامعە بۆ تەلاری خەڵات ، لە كازيوە بۆ مزگەوتی مەلا عبدالکریم مدریس) دەگرێتەوە، قەدەغە کراوە.