عێراق

کۆنترین وێنەگریی خورماڵ تا ئێستا لە پیشەکەی بەردەوامە

وێنەگر، سەلمان ڕەحمان: "کاتی خۆی هەر وێنەی ڕەش و سپی هەبوو، ئەوانەی خواستی گرتنی وێنەی ڕەنگاوڕەنگیان هەبووایە، دەبوو فیلمەکە بنێرمە سلێمانی لەوێشەوە بۆ بەغدا، دوای دوو هەفتە دەگەیشتەوە دەستمان و لەوێ لە فلتەر چاپ دەکرا کوالێتییەکی جوانی هەبوو".

Heman Hussein Yaseen  | 07.07.2025 - نوێکردنەوە : 07.07.2025
کۆنترین وێنەگریی خورماڵ تا ئێستا لە پیشەکەی بەردەوامە

Arbil

هەولێر - AA

وێنەگریی، جگە لەوەی حەز و خولییایە، هاوکات پیشەیەکی ھونەریی و تەکنیکییە و لە چەندین بواری جۆراوجۆر کاردەکات، بە تایبەتی چەند دەیە بەر لە ئێستا بەھۆی ئەوەی وێنەگران لەگەڵ سەرجەم توێژەکانی کۆمەڵگا لە مامەڵەکردندا بوون، بۆیە لەلای ھەمووان ناسراوبوون و سەرەڕای پێشکەوتنەکان و داھێنانەکانی تەکنەلۆژیا، بەڵام بەشێکی زۆریان تا ئێستاش لە پیشەکەیان بەردەوامن.

وێنەگرێک لە قەزای خورماڵ سەر بە پارێزگای هەڵەبجە ماوەی نیو سەدەیە خەریکی پیشەکەیەتی و باسی دەستپێک و بەردەوامیی کارەکەی دەکات و ئاماژە بەوەش دەکات کە تا ئێستاش جگە لە وێنەگرییەکەی وەک پیشە، هەرکات بچێتە نێو سرووشت ئەوا دیمەنە جوانەکان بە کامێرا تۆمار دەکات.

وێنەگر، سەلمان ڕەحمان تەمەنی ٦٩ ساڵە و ماوەی ٥٠ ساڵە خەریکی پیشەی وێنەگرییە و لە پیشەکەی بەردەوامە، ئەو جگە لەوەی ئەزموونێکی باشی لە پیشەکەیدا هەیە، هاوکات ئەرشیفێکی زۆر دەوڵەمەندیشی هەیە کە مێژووی بەشێک لە وێنەکان بۆ دەستپێکی کارەکەی دەگەڕێتەوە.

سەلمان ڕەحمان لەبارەی پیشەکەیەوە، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لە ساڵی ١٩٥٦ لە گوندی دەری مەڕ (پارێزگای هەڵەبجە) لە دایک بووم، لە ساڵی ١٩٧٥ خەڵک کاری قاچاخچییەتییان دەکرد و کەلوپەلیان لە ئێرانەوە دەهێنا، هەندێکیان کامێرایان دەهێنا، یەکێک لەو کامێرایانەی ئەو سەردەمە، جۆری پۆڕایت ١٨٠بوو، دانەیەکم کڕی و دەستم بە کاری وێنەگریی کرد و تا ساڵی ١٩٧٨ هەر لەو گوندە کارم دەکرد".

سەلمان ڕەحمان گوتیشی: "لە ساڵی ١٩٧٨ بە دواوە گوندەکەمان بە ناچاری چۆڵکرد و چووینە خورماڵ، لەوێ دیسان دەستم بە کاری وێنەگریی کرد و تا ساڵی ١٩٨٨ بەردەوام بووم، دواتر بەهۆی کیمیابارانکردنی هەڵەبجەوە چووینە ئێران و هەموو کەلوپەلەکانم لەگەڵ خۆم برد تا ئەوکاتەی گەڕاینەوە، کامێراکەم بە جوانی پاراست و دوای گەڕانەوەش دەستم بەکارەکەم کردەوە".

ئەو وێنەگرە ئاماژە بە کوالێتی ئەو وێنانە دەکات کە لە سەردەمی پێشوودا گیراون و دەڵێت: "کاتی خۆی هەر وێنەی ڕەش و سپی هەبوو، ئەوانەی خواستی گرتنی وێنەی ڕەنگاوڕەنگیان هەبووایە، دەبوو فیلمەکە بنێرمە سلێمانی لەوێشەوە بۆ بەغدا، دوای دوو هەفتە دەگەیشتەوە دەستمان و لەوێ لە فلتەر چاپ دەکرا کوالێتییەکی جوانی هەبوو".

لە دوکانی وێنەگرییەکەیدا، سەلمان ڕەحمان ئەرشیفێکی کۆنی وێنە و کامێرا هەیە، لە بارەی یەکێک لە کامێراکانەوە، گوتی: "یەکێک لەو کامێرایانە دروستکراوی ڕووسیایە، لە ساڵی ١٩٨٨ لە ئێران کڕیوومە، تایبەتمەندییەکەی ئەوەیە بۆ دیمەنی دوور بەکاردێت و تا ئێستا لەگەڵ چەند کامێرایەکی دیکە پاراستوومە و دەمەوێت وەکو ئەرشیفێک بمێنێتەوە".

سەلمان ڕەحمان گوتیشی: "ئەم ئەرشیفە یادگاریی ئەوەم بەبیردێتەوە بەبۆنەی کامێراکانەوە خەڵک هەموو منیان دەناسی و زۆرجار هەبوو خەڵک دەهات دەیگوت منداڵمان زۆرە و تۆ وەرە لە ماڵەوە وێنەیان بگرە و دەچوومە وێنەیانم دەگرت، قوتابییەکانی ئەو سەردەمە هەموویان لەلای من وێنەی مامەڵەی دەستپێکی خوێندنیان گرتووە".



بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın