کاسبکارانی قەزای مەخموور ناڕەزایەتیان دەربڕی بەرامبەر بە بڕیارەکانی بازگەی ئەمنی و ڕێگای هاتوچۆیان داخستووە
کاسبکارانی مەخموور داوا لە پەرلەمانتارانی کورد لە بەغدا دەکەن کە چارەسەری گرفتەکانییان بکەن و بە پێچەوانەوە بەردەوام دەبن لە ناڕەزاییەتی و داخستنی ڕێگای هاتوچۆی قەزای مەخموور.
Arbil
ھەولێر - AA
ماوەی دوو ڕۆژە ھێزی ئەمنیی عێڕاق لە بازگەی نێوان ھەولێر و قەزای مەخموور (باشووری ڕۆژهەڵاتی پارێزگای نەینەوا )، ڕێگریی لە ھاووڵاتییانی کاسبکار دەکەن بەوەی ڕێگا نادرێت ھیچ کەلوپەل و خۆراک و پێداویستییەک بچێتە ناو مەخموور و بەھۆیەوە کاسبکاران ڕێگای ھاتن و چوونیان بۆ قەزای مەخموور داخستووە.
کاسبکاران کە دانیشتووی قەزای مەخموورن، کەلوپەل و کاڵا و پێداویستییەکان لە ھەولێرەوە دەکڕن و دەیبەنەوە قەزاکە دەیفرۆشن، بەڵام بەگوتەی خۆیان وەتەی ھێزی ئەمنی عێڕاق لە ناوچەکە جێگیربوونە، بەم شێوەیە مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت و ناتوانن بە ئازادی کاسبی خۆیان بکەن.
بەهۆی ناڕەزاییەتی کاسبکاران و داخستنی ڕێگای هاتوچۆکردن، بە دەیان ئۆتۆمبێل و بارهەڵگر لە ڕێگای گەیشتن بە بازگەکە گیریان خواردووە، کاسبکاران بۆیە ڕێگایان داخستووە تا ئەو تانکەرانەش هاوشێوەی بارهەڵگرەکان نەتوانن بچنە ناو قەزای مەخموور، بەڵام کاسبکارێک دەڵێت بازگەکە مەبەستیەتی کە ڕێگاکە بکرێتەوە بۆ ئەوەی تانکەرەکان بچنە ناو قەزاکە چونکە لە بازگەکە پارەیان لێ وەردەگیرێت بەڵام لە ئێمە داوای پارە ناکەن چونکە دەزانن ئێمە دانیشتووی قەزاکەین، بۆیەش بەهانەمان پێ دەگرن و ناهێڵن کەلوپەلەکانمان ببەینەوە ناو مەخموور.
کاسبکارێک باس لەوە دەکات کە لە ماوەی یەک مانگدا بەھۆی بڕیارەکانی ھێزی ئەمنیی عێڕاق لە بازگەی مەخموور، ئۆتۆمبێلێکی گەورەی باھەڵگریان بچووک کردووەتەوە بۆ پیکابێکی یەک تۆنی بۆ ئەوەی کاسبی پێ بکەن بەڵام ئێستا ڕێگا بەو کاسبییەش نادرێت و جەخت لەوە دەکاتەوە کە ماوەی دوو ڕۆژە وەک ناڕەزایەتییەک ڕێگای ھاتن و چوونیان بۆ قەزای مەخموور داخستووە و ڕاشیدەگەیەنێت کە ئەمشەویش خێوەت ھەڵدەدەن و لەناوەڕاستی شەقامەکە دەمێننەوە.
کاسبکار، ھونەر سابیر حەمەد لەبارەی گرفتەکەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەم بازگەیە ڕێگا بە ھیچ شتێک نادات بچێتە ناو مەخموور، پێشی یەک مانگ ئێمە ئۆتۆمبێلێکی بارھەڵگرمان ھەبوو لە جۆری ئەتیگۆ، ھەبوو، لەم بازگەیە گوتیان چوونی ئەتیگۆ بۆ مەخموور قەدەغەیە، ئۆتۆمبێلەکەمان بچووک کردەوە و کردمانە متسیۆبۆشی، دوای ئەوە جارێکی دیکە گوتیان ئەمەش قەدەغەیە بیکەنە بارھەڵگری کیا، ئەمجارە گوتیان ھەموو بارھەڵگرێک قەدەغەیە، تەنیا دەتوانن پیکابی یەک تۆنی بەکاربھێنن، بێگومان لە گۆڕینی ھەموو ئەو ئۆتۆمبێلانەش زیانمان بەرکەوتووە بەڵام بەھۆی بڕیارەکانی بازگەکە، ناچاربووین ئۆتۆمبێلەکانمان بگۆڕین، ئێستا پیکابی یەک تۆنیمان ھەیە کە سەوزە و میوەی پێ دەفرۆشم، کەچی لە دوێنێ ئێوارەوە ڕێگرییمان لێ دەکەن و ناھێڵن بچینەوە ناو مەخموور".
ھونەر سابیر گوتیشی: "لە ساڵی ٢٠١٦ ەیەوە لە وەتەی ھێزی عێڕاقی ھاتووەتە ناوچەکە، خەڵکی مەخموور ئەم کێشەیەی ھەیە، بەڵام ئەمجارە ڕێگامان داخستووە و ڕێگاکە ناکەینەوە تا چارەسەری کۆتایی نەکەن، ئەمشەو لێرە دەمێنینەوە و خێوەت ھەڵدەدەین".
ھاوکات کاسبکارێکی دیکەی ناوچەکە ئاماژە بەوە دەکات کە ئەم بڕیارەی ھێزی ئەمنی عێڕاق دژی ھەموو مافەکانی مرۆڤە چونکە چۆن دەبێت خۆراک و پێداویستی لەسەر خەڵکی ناوچەیەکی دیارییکراو قەدەغە بکەیت.
کاسبکار، عەبدولقادر فەرحان لەمبارەیەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئێمە کە دانیشتووی مەخموورین، کاسبی دەکەین و بەقالین، ماوەی ١٥ ساڵە ئەم کارەی دەکەم، لەوەتەی ھێزی عێڕاقی ھاتووەتە ناوچەکەمان، ئێمە ئەو کێشەیەمان ھەیە و دەبێت ساڵانە چەندجارێک گردبوونەوە بکەین و ڕێگای ھاتن و چوون بگرین تا ڕێگای کاسبیکردنمان پێ بدەن".
عەبدولقادر فەرحان گوتیشی: "بەرپرسانی بازگەکە دەڵێن ھیچ شتێک نابێت بچێتە ناو قەزای مەخموور، لە کاتێکدا بە درێژایی ئەم ڕێگایە تانکەر ڕاوەستاوە بەهۆی داخستنی ڕێگاکە، بەڵام ئەگەر ڕێگاکە بکرێتەوە، ئەوا تانکەرەکان لە بازگەکە پارەیان لێ وەردەگیرێت و دەچنە ناو مەخموور، لەگەڵ ئەوەشدا ناکرێت خەڵک بەبێ پێداویستی و خۆراک بمێنیتەوە، ئەو بڕیارە دژی هەموو مافێکی ژیانە، ئێستا خەڵکی مەخموور ئەگەر شتێکی پێویست بێت دەبێت شتی کۆن بکڕێت، بێگومان ڕەنگە هەر ئەمڕۆش کەلوپەل لە دوکانەکان بمێنن و دواتر هیچ شتێک دەستناکەوێت".
لەبارەی هەڵوێستی کاسبکارانیش، عەبدولقادر فەرحان گوتی: "ئێمە ناڕۆین تا چارەسەری بنەبڕمان بۆ نەکرێت، چاوەڕێی پەرلەمانتارە کوردەکانی بەغدا دەکەین بۆ ئەوەی چارەسەرمان بۆ بکەن، ئێستا ھیچ ھاتوچۆیەک نیە و ڕێگای هاتن و چوونمان گرتووە، ئەمڕۆ تەنیا ڕێگامان بۆ یەک کەس کردووەتەوە کە نەخۆشی گورچیلەی ھەبوو، پێویست بوو لە مەخموورەوە سەردانی ھەولێر بکات، ئەگەرنا وەکچۆن دوێنێ شەو لێرە ماوینەتەوە، ئەمشەویش لێرە دەمێنینەوە".
کاسبکاران لە دوێنێ ئێوارەوە ڕێگای هاتن و چوونیان بۆ ناو قەزای مەخموور داخستووە، تەنانەت ئەمڕۆ بانگی نوێژی نیوەڕۆیان لەناوەڕاستی شەقام دا و، نوێژی بە کۆمەڵیشیان لەقەراخ شەقام ئەنجامدا و پاشان نزایان لە خوای گەورە کرد کە ئەم کێشەیان بۆ چارەسەر بکات و بتوانن بژێوی خۆیان پەیدا بکەن.
مەخموور دەکەوێتە سنووری ماددەی ١٤٠ ، ئەم قەزایە لە ١٥ی ئازاری ١٩٢٧ لە ناحیەوە دەکرێتە قەزا و دەکەوێتە سەر پارێزگای ھەولێر تا ساڵی ١٩٩٦ بە بڕیارێکی ڕژێمی بەعس قەزاکە دەخرێتە سەر پارێزگای نەینەوا و ئێستاش بە ناوچەیەکی جێناکۆک ناسراوە.
