ڕێبەر ئەحمەد: "لایەنەکانی پشت ھێرشە تیرۆریستییەکان بۆ ئێمە و عێراق ئاشکران"
قاسم ئەعرەجی گوتی: "دەبێت ئەوە بزانین کە ھەرێم ھێزی بەغدایە و بەغدا ھێزی عێراقە،. ھەر ھێرشیک زیان بە ئابووری عێراق دەگەیەنێت ، ھەروەھا لەم ماوەیەدا لیژنەکان توانیوویانە چەند خاڵێک دەستنیشان بکەن لەبارەی ھێرشە دڕۆنییەکان"
Arbil
هەولێر - AA
وەزیری ناوخۆی ھەرێمی کوردستان ڕێبەر ئەحمەد و ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق قاسم ئەعرەجی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیی ھاوبەشدا تیشکیان خستەسەر ھێرشە دڕۆنییەکانی ئەم دواییە بۆسەر ھەرێمی کوردستان و جەختیان لەوە کردەوە کە ھەر ھێرشێک زیان بە ئابووری عێراق دەگەیەنێت و ئاشکراشیان کرد کە گرووپەکانی پشت ھێرشە دڕۆنییەکان بۆ ھەردوولا ڕوون، بەڵام ئامانجیانە کەسایەتییەکانی پشت ھێرشەکان بدۆزنەوە.
لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا،وەزیری ناوخۆی ھەرێمی کوردستان، ڕێبەر ئەحمەد گوتی: "تا ئێستا سنوورێک بۆ ئەو گرووپانە دانەنراوە کە لەماوەی ڕابردوودا ھێرشیان کردە سەر ھەرێم و ھیوادارین ئەم لیژنە ھاوبەشە ببێتە کۆتا لیژنە کە سەردانی ھەرێم دەکەن بۆ ئەم مەبەستە، ھەروەھا ئەو ھێز و لایەنانە ئاشکرا بکرێن و ڕێکاری ئەمنی بەرامبەریان بگیرێتەبەر و ئیتر ھەرێمی کوردستان بە چاوی دوژمن سەیر نەکرێت".
ڕێبەر ئەحمەد گوتیشی: "ئەم ھێرشانە کاریگەری ڕاستەوخۆیان ھەبوو چونکە وایکرد ماوەیەک بەرھەمھێنانی نەوت بوەستێت و کۆمپانیاکان لە کێڵگەکان کشانەوە، بۆیە نەتوانرا ئەو بڕە نەوتە پێویستە بەرھەمبھێنرێت کە ھەرێم و عێراق لەسەری ڕێککەوتوون، بە دڵنیاییەوە بەرھەمھێنانی ئەو ئاستەی نەوت پێویستی بە کات ھەیە و ھیوادارین ئەم ھەڕەشانە کۆتاییان پێ بێت چونکە ئیتر ھەرێمی کوردستان بێدەنگ نابێت".
لەبارەی سەردان و کارەکانی لێژنەکە، ڕێبەر ئەحمەد گوتی: "ئەم لێژنەیە ئەمڕۆ کارەکانی دەست پێکردووە، دواتر لێژنەیەکی تەکنیکی لە ھەردوولا پێکدێت بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوە لە پاشماوەی دڕۆنەکان بکرێت کە لە کوێ و چۆن ھەڵدراون، ھەروەھا بزانین چ کەسایەتییەک لە پشت ھێرشەکانەوەیە، ئەگەرنا لایەنەکانی کە لە پشت ئەم ھێرشە تیرۆریستانەن بۆ ھەردوولامان ئاشکران و زانیارییەکان ھاوبەشن، دوای ئەم کۆنگرەیەش سەردانی ھەندێک لەو شوێنانە دەکەین کە ھێرشیان کراونەتەسەر".
ھەر لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا، ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق، قاسم ئەعرەجی گوتی: "دەبێت ئەوە بزانین کە ھەرێم ھێزی بەغدایە و بەغدا ھێزی عێراقە،. ھەر ھێرشیک زیان بە ئابووری عێراق دەگەیەنێت ، ھەروەھا لەم ماوەیەدا لیژنەکان توانیوویانە چەند خاڵێک دەستنیشان بکەن لەبارەی ھێرشە دڕۆنییەکان، ھاوکات ئەمڕۆ چەند زانیارییەکمان ئاڵوگۆڕ کرد و نیازمان وایە ئەمن و ئاسایش لە ناوچەکەدا ھەبێت، بە دڵنیاییەوە ئێمە یاسا جێبەجێ دەکەین و دەبێت ھەموو ئەوانە لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بکرێت کە کەمتەرخەم بوونە".
بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، شاندێکی باڵای ئەمنیی عێراق بە سەرۆکایەتی ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق قاسم ئەعرەجی گەیشتە ھەولێر و لەلایەن وەزیری ناوخۆی ھەرێم ڕێبەر ئەحمەد پێشوازی لێ کرا.
جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراق قەیس محەمەداوی و ژمارەیەک لە بەرپرسانی ئەمنی عێڕاق یاوەری قاسم ئەعرەجی دەکەن لەم سەردانەیاندا بۆ ھەولێر.
