چەند چەکدارێک لە ھەولێر پارێزەرێک دەڕفێنن و ئەشکەنجەی دەدەن
- بههۆی یهكلاییكردنهوهی دۆسییهكی خێزانیی له دادگا، شهوی رابردوو لایهنێكی دۆسیهكه پارێزهرێك له ههولێر دەڕفێنن و دوای ئەشکەنجەدانێکی زۆر و تاشینی سەری، بە برینداری بەجێیدەھێڵن.
Arbil
ههولێر - AA
درەنگانی شەوی رابردوو، چەند چەکدارێک لە ھەولێر پارێزەرێک دەڕفێنن و دوای ئەشکەنجەدانێکی زۆر و تاشینی سەری، بە برینداری بەجێیدەھێڵن.
پارێزەرەکە ناوی محەمەد یابە سۆفی-یە، قسەی بۆ بەشێک لە میدیاکان کردووە و دەڵێت: "بەھۆی ئەوە دۆسیەیەکی جیابوونەوە لە دادگا ھەبوو، من پارێزەری ژنەکە بووم و دۆسیەکە رێڕەوی یاسایی خۆی وەرگرت، دیارە ئەمەش بە دڵی پیاوەکەی نەبوو، ھەر بۆیەش شەوی رابردوو پیاوەکەی و چوار چەکداری دیکە منیان رفاند و لە ژێرزەمینی خانووەیەک ئەشکەنجەیاندام".
بە گوتەی ئەو پارێزەرە، سەرەتا لە رێگای پەیوەندی تەلەفۆنی ھێناویانەتە یەکێک لە گەڕەکەکانی هەولێر و لەوێ بە چەند چەکدارێک ھێرشیان کردووەتەسەری و بردوویانەتە نێو خانوویەک و لەوێ ئەشکەنجەیان داوە و تۆمەتبارانیش ناسراون.
محەمەد یابە دەشڵێت: "لە کاتژمێر ١١ی شەو تا کاتژمێر دووی بەرەبەیان ئەشکەنجەیاندام، ددانەکانیان شکاندم، دواتر لووتم شکا، سەرم لە چەند جێگایەک شکاوە، ھەموو گیانم خەڵتانی خوێن ببوو، دواتر مقەستیان ھێنا بۆ ئەوەی گوێچکەکانم ببڕن و پاشان سەد بەڵێنیان لێ وەرگرتم کە نابێت سکاڵا بکەم و خۆم تیمار بکەم، گوتیان ئەگەر سکاڵا بکەی خۆت و منداڵەکانت دەکوژین، ئینجا ئەو مافوورەی منی لەسەر ئەشکەنجەدرابوو، بە کەتەر بڕیان چونکە ھەموو خوێن بوو، دواتریش جلوبەرگێکی دیکەیان لەبەر کردم و سەریان تاشیم".
ئەو پارێزەرە دوای ئەشکەنجەدانی، گەیەندراوەتە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رۆژئاوای ھەولێر و ئێستا لەژێر چاودێری پزیشکیدایە.
تا ئێستا دەزگا ئەمنییەکان ھیچ روونکردنەوەیەکیان لەسەر ئەم رووداوە نەداوە.
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
