عێراق

چارەسەرێکی سەیر لە جووتیارە نموونەییەکەی هەلەبجەوە بۆ کێشەی کەمئاوی

بەمەبەستی بوژاندنەوەی کەرتی کشتوکاڵ و بەرەنگاربوونەوەی وشکەساڵیی و کەمی بەرهەم کە بەهۆی کەمی بارانەوە بەرۆکی هەرێمی کوردستانی گرتبوو، جووتیارە نموونەییەکەی هەڵەبجە، چەند پێشنیازێک دەخاتە روو تاوەکو جارێکی تر جووتیاران خۆیان رابهێن لەگەڵ کەمی ئاو.

Rewa Mahmood Hasan  | 07.10.2021 - نوێکردنەوە : 11.10.2021
چارەسەرێکی سەیر لە جووتیارە نموونەییەکەی هەلەبجەوە بۆ کێشەی کەمئاوی

As Sulaymaniyah

هەڵەبجە - AA

بەمەبەستی بوژاندنەوەی کەرتی کشتوکاڵ و بەرەنگاربوونەوەی وشکەساڵیی و کەمی بەرهەم کە بەهۆی کەمی بارانەوە بەرۆکی هەرێمی کوردستانی گرتبوو، جووتیارە نموونەییەکەی هەڵەبجە، چەند پێشنیازێک دەخاتە روو تاوەکو جارێکی تر جووتیاران خۆیان رابهێن لەگەڵ کەمی ئاو لە کێڵگەکانیاندا.

ئازاد محەمەد کە خەڵکی هەڵەبجەیە و بەهۆی ئەو کارە سەرنجڕاکێشانەی لە بواری کشتوکاڵدا ئەنجامیان دەدات، بە جووتیارە نموونەییەکە ناوی دەرکردووە، لەڕێگەی ئاژانسی ئانادۆڵوەوە چەند پێشنیازێک دەخاتە روو بۆ زیادکردنی بەرهەمی کشتوکاڵی و بەرەنگاربوونەوەی کەم ئاوی کە بەرۆکی هەرێمی کوردستانی گرتووە و وەک خۆی باسی لێوە دەکات ئەگەری هەیە بەهۆی گەرمبوونی کەشوهەواوە لەمەودوا زیاتر کەم ئاوی بێستانەکانی کوردستان بگرێتەوە و بۆ بەرگرتن لە کاریگەرییە خراپەکانیشی لەسەر چەندێتی و چۆنێتی بەرهەمی کشتوکاڵی چەند پێشنیازێک دەکات.

ناوچەی هەورامان کە پێکهاتووە لە ٢٥ شارەدێ، ناحیە و گوند، هاوکات ناوچەیەکی گەشتوگوزاریی و شوێنی باخداری و کشتوکاڵیشە، دانیشتوانەکەیان بژێوییان لەڕێگەی ئەو سەرچاوە ئاوەییانەوە دەست دەکەوێت کە لە ناوچەکە وەک کانی و کانیاو هەڵدەقوڵن، جگە لەوەی لە هەندێک ناوچەی تردا بیر لێدراوە، بەڵام ساڵی رابردوو، بەهۆی وشکەساڵییەوە زۆرێک لە کانیاوەکان وشکیان کرد و ئەمەش مەترسی لەسەر چەندێتی و چۆنیێتی بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی ناوچەکە دروست کرد، بەتایبەت لە بەرهەمی گوێزدا.

بەپێی داتایەک کە رێکخراوی نوێ بۆ پاراستنی ژینگە و مافەکانی ژنان بڵاوی کردۆتەوە لە کۆی ٢٥٥ کانیاو لە ناوچەکەدا، نزیکەی ١٦٦ کانییان وشکی کردووە، ئەمە لەکاتێکدایە کە تا ئێستا حکوومەتی هەرێمی کوردستان هیچ هەنگاوێکی واقیعیانەی نەناوە بۆ تێپەراندنی.

جووتیارە نموونەییەکەی هەڵەبجە، ئازاد محەمەد باس لەوە دەکات کە ئەو چەندین ساڵە پێش ئەگەری وشکەساڵیی پێشنیازی کردووە بۆ باخدارەکانی هەورامان کە دەبێت جێگرەوەی باران هۆکارێکی تر بڕەخسێنن و دەڵێت ''کاتێک سەیری درەختە گوێزەکانی هەورامان دەکەین، نزیکەی ٢٠٠ ساڵ زیاتر تەمەنیانە، بۆیە ئەمانە رەگەکانیان لە درەختەکانەوە دوورکەوتوونەتەوە، بەڵام ئێمە دێیین و مامەڵەی نەمامێکیان لەگەڵ دەکەین، جۆگەلەیەکی بچکۆلانە بە نزیکی قەدەکەیا تێپەر دەبێت، بەهێندەی نەمامێکی یەک ساڵە و دوو ساڵە ئاوی دەدەین، ئەمەش هەڵەیە، چونکە رەگی ئەو دارگوێزانەی تەمەنیان زۆرە ٢٠-٥٠ مەتر دووردەکەونەوە لە درەختەکە، پێشتر رەگەکە چووبوویە کانیاوێک، بەردێکی شێدار، بەڵام ئەمساڵ باران نەبوو، ئاو نەبوو، بۆیە ئەم درەختە بێ ئاو دەبێت و گوێزەکە بەرهەمی کەم دەبێت، هەر بۆیە دەگەینە ئەو بڕوایەی ئەمساڵ باشتر بوو لە ساڵی داهاتوو، کەواتە چارەسەر ئەوەیە دەبێت بەو ئاوە کەمەی هەیە، ئێستا لە ناوچەکە، نۆرەی پێبکرێت، واتە بۆ نموونە ئەگەر من ٥٠ بڕ گوێزی گەورەم هەبوو، هاوکات بە هەفتەی جارێک سەرە ئاوی جۆگەم هەبوو، دەبێت ئەم هەفتەیە نیوەی درەختەکانم ئاوبدەم بەس تێر ئاو، نیوەکەی تریان هەڵگرم بۆ هەفتەی داهاتوو، چونکە بە مانگ و دوومانگ درەختی بەتەمەن وشک نابێت و کاریگەریی نابێت لەسەر بەرهەمەکەی".

- دەتوانرێت بە سیستەمی قەترە، چەڵتوک بەرهەم بهێندرێت و پێویستی بە ئاوی زۆر نەبێت

یەکێکی تر لەو بەرهەمانەی کە ئەمساڵ بەهۆی کەمی باران و کەم ئاوییەوە زیانی زۆری بەرکەوتوو و کار گەیشتە ئەوەی لە هەندێک ناوچە چاندنی قەدەغە بکرێت، چەڵتوک بوو.

لە ناوچەکانی بێستانسور و چەند ناوچەیەکی تر بڕیار درا کە چاندنی بەرهەمی چەڵتوک واتە مەرەزە قەدەغە بکرێت، ئەویش بەهۆی ئەوەی کە بڕێکی زۆر ئاوی پێویست بوو، ئەمەش وای کرد، کاریگەریی هەبێت لەسەر نەهێشتنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی تر لە ناوچەکە، بەڵام لای خۆیەوە لەئێستادا، ئازاد محەمەد سەرقاڵی بیردۆزێکە بۆ ئەوەی کە بە ئاوی قەترە مەرەزە ئاوبدات و بەمەش بتوانرێت بڕێکی زۆر ئاوی بۆ بگەڕێتەوە.

جووتیارە نموونەییەکەی هەڵەبجە، ئازاد محەمەد لەوبارەیەوە گوتی: "من لە ٢٠١١ەوە سەرقاڵی ئەوەم کە تاقیکردنەوە لەسەر برنجی قەترە بکەم، ئەمساڵ لە باشووری عێراق و لە هەندێک ناوچەی خۆمان چاندنی مەرەزەیان قەدەغە کرد، گوتیان ئاو نییە بۆ برنج، بەڵام من ئەمساڵ زیادم کرد لە گۆلێکەوە بۆ ١٠ گۆڵ، ئەمساڵ زیاترم چاند. لە شەو و رۆژێکدا، یەک سەعات ئاو دەخوات لە کاتێکدا باخەکەم سەرجەمیان شەش سەعات ئاو دەخوات، شووتیەکەم شەش سەعات ئاو دەخوات، ئێستا برنجەکەم لە هەموو بەرهەمەکانی تر کەمتر ئاودەخوات، هەڵساوم لە خوار گۆلی مەرەزەکەوە، کێسێکم دروست کردووە، ئەمەش بۆ گرتنەوەی ئەو ئاوەیە کە لە قناوی مەرەزەکەوە بەفیڕۆ دەڕوات، من نەمهێشتووە ئەم ئاوە بڕوات، من ئەم ئاوە بەفیڕۆ چووەم بۆ کردووە بە دەورانێکی ئاو وەک رادەتەری ئۆتۆمبێل، ئاوەکە دەوران دەکات، لەوێش بە شەتڵ برنج دەکەم و بەو شێوەیە دەتوانم ساڵی دوو جار بەرهەمی برنجمان هەبێت".

ئازاد محەمەد سەبارەت بە بەرهەمی هەنار و میوەکانی تر و وەک هەوڵێکیش بۆ زیادکردنی ئەو بەرهەمانە و بەدوور گرتنیان لە کەمبوونەوەیان بەهۆی کەمی ئاو و زیادبوونی گەرمای هاوین، پێی وایە کە دەبێت چڕی نێوان ناشتنی نەمامەکان زیاتر بکرێت، واتە ئەگەر لەپێشتردا لەنێوان هەر پێنج مەتردا نەمام چێندرابێت، دەبێت ئێستا ئەو مەودایە کەمبکرێتەوە بۆ دوو مەتر یان کەمتر تاوەکو یەکتری لەگەرما بپارێزن، هاوکات پێی وایە کە دەبێت زۆربەی دارەکان هاوشێوەی چەتر رابگرن بەشێوەیەک کە بەرووبوومەکەی لەکاتی بەرگرتندا، نزیک بێت لە خاک، بۆ ئەوەی پێویست بە ئاوی زۆر نەکات تا دەگاتە بەرووبوومەکە بەهۆی درێژی قەدەکەیەوە.

07.10.2021

چارەسەرێکی سەیر لە جووتیارە نموونەییەکەی هەلەبجەوە بۆ کێشەی کەمئاوی

بەمەبەستی بوژاندنەوەی کەرتی کشتوکاڵ و بەرەنگاربوونەوەی وشکەساڵیی و کەمی بەرهەم کە بەهۆی کەمی بارانەوە بەرۆکی هەرێمی کوردستانی گرتبوو، جووتیارە نموونەییەکەی هەڵەبجە، چەند پێشنیازێک دەخاتە روو تاوەکو جارێکی تر جووتیاران خۆیان رابهێن لەگەڵ کەمی ئاو.

ئازاد محەمەد دەڵێت ''من پێشنیاز دەکەم بۆ کەمکردنەوەی ئەو هۆکارانەی دەبنە هۆی بەفیڕۆدانی ئاو، دەبێت خاوەن باخەکان لەچواردەوردا چەند درەختێک بنێژن کە رێگرە لە با و رەشەبا، چونکە رەشەبا یەکێکە لەو هۆکارانەی زەوی وشکدەکاتەوە و ئاو کەم دەکات، هاوشێوەی گەرمای بەتینی هاوین لەئێستادا".

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن

هه‌واڵه‌ هاوشێوه‌كان