عێراق

پێشانگای بیناسازی لە هەولێر کرایەوە

بە بەشداری ٣٤٨ کۆمپانیا کە لە ٢٠ وڵاتی جیاوازەوە، پێشانگای بیناسازی لە پێشانگای نێودەوڵەتی هەولێر کرایەوە و ماوەی دوو ڕۆژ دەخایەنێت.

Heman Hussein Yaseen  | 23.09.2025 - نوێکردنەوە : 26.09.2025
پێشانگای بیناسازی لە هەولێر کرایەوە

Arbil

هەولێر - AA

بە بەشداری ٣٤٨ کۆمپانیا کە لە ٢٠ وڵاتی جیاوازەوە، پێشانگای بیناسازی لە پێشانگای نێودەوڵەتی هەولێر کرایەوە و ماوەی دوو ڕۆژ دەخایەنێت.

ئەمڕۆ سێشەممە، بە ئامادەبوونی سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان محەمەد شوکری و پارێزگای هەولێر ئومێد خۆشناو و ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان، پێشانگای بیناسازی لە هەولێر کرایەوە.

لە پێشانگاکەدا نوێترین داهێنانەکانی کەرەستەی بیناسازی، تەکنەلۆژیای بیناسازی، ژێرخانی کارەبایی و سیستەمی ساردی و گەرمیی هەوا، هەروەها بەرهەمە پێشکەوتووەکان نمایش کراوە.

پێشانگاکە سەکۆیەکی گشتگیرە بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییە بازرگانییەکان و بینینی نوێترین بەرهەم و تەکنەلۆژیای سەردەم، هەروەها شوێنێکە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر داهاتووی ژینگە بە نمایشکردنی چەندین سیستەمی نوێی وزەی پاک هەروەها دیزاینکردنی ڕووناکی تاوەر و باڵەخانەکان، لە پاڵ ئەوانەشدا بۆ یەکەمجار پڕۆژەیەکی هونەر و تەکنەلۆژیا بۆ دیزاینکردنی ماڵ و باڵەخانەکان بەشداری پێشانگاکەی کردووە.

سەرپەرشتیاری پێشانگای بیناسازی، نەریمان عەبدوڵڵا ئۆغڵو بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەم پێشانگایە بەسەر دوو ھۆڵی گەورە دابەشبووە کە کۆمپانیاکانی بیناسازی و کەلوپەلی کارەبایی بڕاندەکانی خۆیان تێدا نمایشکردووە، لەم پێشانگایەدا، ٣٤٨ کۆمپانیا بەشدارن کە بریتییە لە ١٦٥ کۆمپانیای چینی، ٧٣ کۆمپانیای تورکی، ٦٥ کۆمپانیای ناوخۆی ھەروەھا چەندین کۆمپانیای دیکەش کە لە وڵاتانی دیکەوە بەشدارییان کردووە و ماوەی دوو ڕۆژ دەخایەنێت و پێشبینی دەکەین لەمیانی ئەم دوو ڕۆژەدا، سەردانیکارێکی زۆر ھەبن بۆ ئەوەی لە نزیکەوە بەرھەم و بڕاندە جیاوازەکان ببینن".

کۆمپانیا تورکییەکان لە پێشانگاکەدا ڕۆڵێکی گرنگییان هەیە و بە چەندین بوار بەشدارییان کردووە و، ئاماژە بەوە دەکەن کە مەبەستیانە لەم پێشانگایەدا بازرگان و کڕیاران لە نزیکەوە ئاشنای بەرهەم و بڕاندەکانیان بن.

بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی دەرەوە لە کۆمپانیای دیکۆیز بۆ دیکۆراتی ڕووناکی، ئۆیتون بۆدور، لەبارەی بەشدارییکردنییان لە پێشانگای بیناسازی، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئێمە ٢٠ ساڵە لە بواری ڕووناکی شەقام و باڵەخانە و شوێنەکانی دیکە کار دەکەین، لەوانەش ستوونی یاریگا و ستوونی ڕێگا و باخچە و قوتابخانە، مەبەستی ئێمە لێرەدا ناساندنی بواری دیزاینکردنی ڕووناکییە بە تایبەتیش بابەتی ڕووناکی لە عێڕاق و وڵاتی دیکەش بووەتە جێی بایەخی هاووڵاتییان و خواستێکی زۆری لەسەرە، چونکە ئێستا زیاتر هەوڵی ڕازاندنەوە و جوانترکردنی شار و شارۆچکەکان دەدرێت".

ئۆیتون بۆدور گوتیشی: "ئێمە لە شار و شارۆچکەکانی عێڕاقیش کار دەکەین، لە ئێستادا پڕۆژەی یەکێک لە پردەکانی بەغدامان لە ژێردەستە و کاری لەسەر دەکەین، ئێمە تاکە کۆمپانیای تورکی پەسەندکراوین لەم بوارەدا کە کار لە پردەکانی بەغدا دەکەین، بە دڵنیاییەوە ئەم پێشانگایە دەبێتە دەرفەتێک بۆ ئەوەی زیاتر بەرهەمەکانمان نمایش بکەین و خەڵک زیاتر لە نزیکەوە ئاشنای کار و پڕۆژەکانمان بن".

لە پێشانگاکەدا، کۆمپانیا بەشداربووەکانی سەلامەتیی، سیستەمی پێشکەوتووی ئاگرکوژێنەوەیان نمایشکردووە و، ئەم سیستەمە پێشکەوتووانە کۆمەڵێک تەکنەلۆژیایان ھەیە، لەوانە تۆڕی ڕشێنەری ئۆتۆماتیکی، خاوەنی کۆمپانیایەکیش تیشکی خستە سەر توانا زیرەکەکانی دیاریکردن، وەک ھەستەوەری گەرمی و دوکەڵ، ھەروەھا میکانیزمی وەڵامدانەوەی خێرای خستەڕوو بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکە.

خاوەنی یەکێک لە کۆمپانیاکانی ئاگرکوژێنەوە، ئومێد کەڵایجی لەمبارەیەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئێمە لە بواری سەلامەتیی و سیستەمی ئاگرکوژێنەوە کار دەکەین، چەند ساڵێکە لە بازاڕەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کار دەکەین، بەم دواییە هاتینە عێڕاق و بۆیەش ویستمان لەم پێشانگایە بەشداربین چونکە بەشێوەیەکی گشتی عێڕاقییەکان گرنگیی بە سیستەمی ئاگرکوژێنەوە دەدەن بە تایبەتی لە کەرتی بیناسازی و، بۆ ئەم مەبەستەش چەندین بابەتی جۆراوجۆری پێشکەوتوومان نمایشکردووە کە گرنگن بۆ سەلامەتیی هاووڵاتییان بە تایبەت لە باڵەخانە و شوێنە گشتییەکاندا".

هاوکات یەکێکی دیکە لە بەشداربووانی پێشانگاکە کە کەلوپەل و کەرەستەی بیناسازی نمایشکردووە، جەخت لەوە دەکاتەوە کە بەشدارییکردنیان دەبێتە دەرفەتێک بۆ دۆزینەوەی کڕیاران و پەرەپێدانی پەیوەندییە بازرگانییەکانییان.

لەمبارەیەوە مەحوود ئۆکتین بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "من پێموایە بەشدارییکردن لەم پێشانگایە زۆر گرنگە، چونکە لێرە دەرفەت هەیە کە لەگەڵ کڕیاران لە نزیکەوە یەکتر ببینین، هەرچەندە ئێمە لە زۆربەی شوێنەکان بابەتەکانمان بەردەستن بەڵام بەشدارییکردن لە وەها پێشانگایەک دەبێتە هۆی پەرەپێدان بە کارەکە و دۆزینەوەی کڕیاری زیاتر، هیوادارم لەمیانی ئەم دوو ڕۆژەدا بتوانین پەیوەندیی و هەماهەنگییەکی باشمان لەگەڵ بازرگان و کڕیارەکاندا هەبێت".

لە تەک نمایشکردنی کەلوپەل و بەرھەمەکانی بیناسازی، لە گۆشەیەکی دیکەی پێشانگاکەدا، پڕۆژەیەکی هونەری دەکەوێتە بەرچاو کە کۆمەڵێک شتی جیاوازی نمایشکردووە و بووەتە جێی سەرنجی ئەو کەسانەی کە سەردانی پێشانگاکە دەکەن.

پڕۆژەکە ناوی "ئارت تیک"ە و، تێکەڵەیەک لە ھونەر و تەکنەلۆژیایە بۆ دیزاینکردنی ناوەوەی خانوو، باڵەخانە وھۆتێلەکان بە ماددەی جۆراوجۆر و جیاواز، ھەروەھا چاپکردنی کاغەزی دیوار و نەخشاندنی وێنەی تایبەت لەسەر دیوار و گۆشە و شوێنەکانی دیکەی ناو ماڵدا.

بەرێوەبەری فرۆشتن لە کۆمپانیای ئاڕت تیک، عەلی میرانی لەمبارەیەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "پڕۆژەکەی ئێمە چارەسەری دیکۆراسیۆن دەکات، خەڵک ڕەنگە دیکۆری ناوماڵی خۆی بکات بەڵام ئەو شتە نوێ و سەرنجڕاکێشانە نەبینێت کە لە چوارچێوەی پڕۆژەکەی ئێمەدا هەیە، ئێمە چەندین وێنە و نەخشە و تابلۆی جیاواز لەسەر ماددەی جیاواز دەنەخشێنین بەپێی دیزاینی خوازراو".

عەلی میرانی گوتیشی: "خواستی خەڵک زیاتر لەسەر کاغەز و جام هەیە، هەروەها زیاتر حەز بە دیزاینی مۆدێرن دەکەن بەراورد بە دیزاینە نەریتییەکان بۆ نموونە زیاتر خواست لەسەر سرووشت هەیە، بێگومان ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە خەڵکی هەرێم شوێنی جوگرافیان کەوتووەتە ناو چیا و سرووشتێکی دڵگیر، بۆیەش زیاتر خواستیان لەسەر ئەو تابلۆ و دیزاینانە هەیە کە ڕەنگدانەوەی ناوچەکەی لەسەر هەبێت".

پێشانگاکە ماوەی دوو ڕۆژ دەخایەنێت و ڕۆژانە لە کاتژمێر ١١ی بەیانی تا حەوتی ئێوارە کراوە دەبێت و هەموو ئەوانەی سەردانی پێشانگاکە دەکەن، پێشتر خۆیان تۆمار کردووە و باجی تایبەتیان بۆ دروستکراوە کە لە ڕێگای ئەم باجەوە دەتوانن لە دەرگای چوونەژوورە و چوونەدەرەوە هاتوچۆ بکەن. چونکە ئەمساڵ سەردانیکاران لە دوو دەرگای جیاوازەوە هاتوچۆ دەکەن.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın