عێراق

پارتی و یەکێتی لەسەر پۆستی پارێزگاری کەرکووک گەیشتن بە رێککەوتن

- گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان، مەحمود محەمەد: "لیستی برایەتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک پێی باشە، ئەندازیار تەیب جەبار ئەمین وەک پارێزگاری کەرکووک رۆڵی خۆی ببینێت".

Heman Hussein Yaseen Yaseen   | 11.07.2019
پارتی و یەکێتی لەسەر پۆستی پارێزگاری کەرکووک گەیشتن بە رێککەوتن

Arbil

هەولێر - AA

دوای کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی و پارتی لە سلێمانی، گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان، مەحمود محەمەد و ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان، قادر حەمەجان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی ھاوبەشدا ناوی بەربژێری لیستی برایەتی بۆ پۆستی پارێزگاری کەرکووک ئاشکرکرد.

لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، قادر حەمەجان گوتی: "پشتیوانی لە کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین و ئومێدەوارین ھەموو لایەک پشتیوانیی پەیڕە و پڕۆگرامەکانی بکات، هەر سێ دامەزراوە گرنگەکەی هەرێمی کوردستان کە دەستکەوتی میللەتە، ئومێدەوارین هەموومان پێکەوە پشتیوانییان بین بۆ سەرکەوتینی بەرنامەکانییان و ئەمڕۆش خەڵک چاوەڕێی ئەوەیە کە پەیامێکی دڵسۆزانە رابگەیەنین".

قادر حەمەجان دواتر داوای لە گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان، مەحمود محەمەد کرد کە ناوەڕۆکی کۆبوونەوە بۆ رای گشتی بڵاوبکاتەوە.

مەحمود محەمەد گوتی: "لە رابردوودا کەرکووک بارێکی نائاسایی هەبووە و ویستوومانە ئەو بارە نائاساییە بگۆڕین و کۆمەڵێک رێکاری سیاسیی هەبووە گرتوومانەبەر وەک گەڕاندنەوەی دەسەڵاتەکان و سەقامگیری ئەمنیی کە خەڵک هەستی پێ بکات بەدانانی پارێزگاریشەوە، هەروەها لیژنەی هاوبەش هەیە لەگەڵ بەغدا و رەنگە لەم رۆژانەشدا چاککردنەوەی هەندێک بابەت رادەگەیەندرێت".

مەحمود محەمەد گوتیشی: "بوونی هەموو پێکهاتە و لایەنەکان لە بڕیاردان لە بابەتی ئیدارەی پارێزگای کەرکووک و بۆ گەیشتن بە قەناعەت بە دانانی پارێزگارێک، خەڵکێکی زۆر سیڤیی پێشکەش کردبوو کە خەڵکی دڵسۆز و نیشتمانپەروەر و چالاک بوون کە لە ئاکامدا گەیشتین بە ئەوەی کە دەبێت هەندێک پێوەر دابندرێت، لیستی برایەتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک پێی باشە، ئەندازیار تەیب جەبار ئەمین وەک پارێزگاری کەرکووک رۆڵی خۆی ببینێت و لەگەڵ لایەنەکانی دیکەش گفتوگۆ دەکرێت".

گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتیشی: "ئێمە و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەگەڵ برایانی تورکمان و عەرەب دەبێت بێین لە خەمی کەرکووکدا بین و هەوڵ بدەین زەمینەیەکی لەبار بۆ پێکەوەژیانی ئایینی و نەتەوەکان دروست بکەین و بڕوامان بەوە هەیە کە پێکەوە ژیانێک هەبێت کە خزمەتی پێشکەوتن و بەرەوپێشەوەچوونی خەڵکی کەرکووک بکات و پێمان باشە هەموومان پابەندبین بە ماددەی ١٤٠ بۆ ئەوەی چارەسەری کەموکوڕییەکان بکرێت".


ماڵپەری ئاژانسی ئانادۆڵۆ، بەشێک لەم هەواڵە ئابۆنانەی کە بڵاوکراوەتەوە لە لیستی هەواڵەکانی ئاژانسی ئانادۆڵۆ، کورت و پوخت دەکرێت ئینجا بڵاودەکرێتەوە، بۆ ئابۆنەوە کردن تکایە پەیوەندی بکەن.
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın