عێراق

وەک پاڵپشتییکردن لە لیستی بەرەی تورکمانیی کۆبوونەوەیەکی ڕاوێژکاریی لە هەولێر بەڕێوەچوو

Heman Hussein Yaseen  | 04.11.2025 - نوێکردنەوە : 06.11.2025
وەک پاڵپشتییکردن لە لیستی بەرەی تورکمانیی کۆبوونەوەیەکی ڕاوێژکاریی لە هەولێر بەڕێوەچوو

Arbil

هەولێر - AA

بە ئامادەبوونی بەشێک لە لایەنە سیاسییە تورکمانییەکان، مەکتەبی سیاسیی بەرەی تورکمانی لە ژێر ناونیشانی پاڵپشتییکردنی لیستی بەرەی تورکمانی عێڕاقی کۆبوونەوەیەکی ڕاویژکاریی ئەنجامدا.

لە کۆبوونەوەکەدا چەند لایەنێکی سیاسیی تورکمانیی بەشداربوون و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی ئەو حزبە، ئایدن مەعروف تیشکی خستەسەر ڕۆڵی بەرەی تورکمانیی لە پاراستنی مافی پێکهاتەکان و پتەوکردنی پەیوەندی نێوان لایەنە سیاسییەکان و جەختی لەوەش کردەوە کە دەتوانن لە داهاتوودا پاڵپشتی پێکهاتەکان و نەتەوە جیاوازەکان بن.

ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بەرەی تورکمانی عێڕاقی ئایدن مەعروف لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا گوتی: "وەک لیستی بەرەی تورکمانی کۆبوونەوەیەکی ڕاوێژکارییمان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی تورکمانی ئەنجام دا کە مەبەست لێی پاڵپشتییکردنی لیستی بەرەی تورکمانی بوو".

ئایدن مەعروف گوتیشی: "هەموولایەک دەزانن کە بەرەی تورکمانیی نوێنەرایەتی زۆرینەی نەتەوەی تورکمان دەکات لە عێڕاق و هەرێمی کوردستان، مەبەستمان خزمەتکردنی شاری هەولێر و پێکهاتەکانە، دەمانەوێت ببینە فاکتەرێکی بەهێز بۆ پتەوکردنی پەیوەندیی نێوان لایەنە سیاسییەکان لە هەمانکاتدا دەمانەوێت خزمەت بە هەموو نەتەوە و چین و توێژەکان بکەین، لە ڕابردووشدا لە هەڵبژاردن بەشداربووین و ڕۆڵێکی سەرەکیمان هەبووە بۆ خزمەتکردنی پێکهاتەکان".

ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی بەرەی تورکمانیی تیشکی خستەسەر پڕۆسەی هەڵبژاردن لە پارێزگای هەولێر و گوتی: "وەکو تورکمان، لە شاری هەولێر تەنیا بەرەی تورکمانی بەشداری پڕۆسەی هەڵبژاردنی کردووە و ئەمەش گرنگە کە پێکهاتەکان پاڵپشتی لیستی بەرەی تورکمان بکەن و لە کۆتاییدا ئێمە دەتوانین پاڵپشتی لە مافی پێکهاتەکان بکەین و لە ڕابردووشدا ئەوەمان سەلماندووە".

بۆ ئەم خوولەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێڕاق، بەرەی تورکمانی عێراقی لە بازنەی ھەولێر بە پێنج بەربژێر بەشدارە و لە ھەڵبژاردنی ڕابردووشدا خاوەنی پێنج کورسیی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بوون کە سێ کورسییان لە کەرکووک و دوو کورسیشیان لە نەینەوا بەدەستھێنابوو.

بڕیارە ١١ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ پڕۆسەی ھەڵبژاردنی خوولی شەشەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی بەڕێوە دەچێت و تێیدا حەوت ھەزار و ٧٦٨ بەربژێر لە چوارچێوەی ١٤٦ ھاوپەیمانی و پارت و کەسایەتی سەربەخۆ، لە ١٨ پارێزگادا کێبرکێ دەکەن بۆ بەدەستھێنانی ٣٢٩ کورسیی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن