وەزیری کاروباری شەهیدان: "ئومێدەوارم ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران لە گەورەیی کارەساتی هەڵەبجە بڕوانن"
عەبدوڵڵا حاجی مەحموود: "حکوومەتی عێراق نەیتوانیووە بەیەکچاو سەیری پرسی گەلانی عێراق بکات، ئێمە ئەوەندەی چاومان لە پرسەکەیە ئەوەندە چاومان لە قەربووەکە نییە، دەمانەوێت لە مەترسی دووبارە جینۆسایدبوونی خەڵکی کوردستان ڕزگارمان ببێت".

Arbil
هەولێر - AA
وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات کە وەکو حکوومەتی هەرێم هەموو ئامادەکارییەک کراوە بۆ بونیادنانی هەڵەبجە وەک پارێزگا، هاوکات مەترسی ئەوەش دەخاتەڕوو کە تانە لە بڕیارەکەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بدرێت و هیوادارە کە ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە گەورەیی ئەو تاوانانە تێبگەن کە لە ڕابردوودا دژ بە خەڵکی هەڵەبجە ئەنجامدراوە.
وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەرێمی کوردستان-عێراق، عەبدوڵڵا حاجی مەحموود لەبارەی بڕیاری بە پارێزگابوونی هەڵەبجە، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "بەپارێزگابوونی ھەڵەبجە کارێکی گرنگە لەبەر ئەوەی لەسەر قوربانیدانی خەڵک بووەتە پارێزگا. ئەم تایبەتمەندییەی هەڵەبجە بەھۆی کیمیابارانکردنی خەڵکەوە بووە کە دواجار دەچێتە چوارچیوەی جینۆساید. ئەمە دەریدەخات کە ئێمە میللەتێکی مەزڵوم بووین. ئومێدەوارم بڕیارەکەدا لە داهاتوودا ببێتە مایەی بوژاندنەوەی ئەم ناوچەیە و وابکات خەڵک هەست بە ئارامی و ئاسوودەیی بکات".
عەبدوڵڵا حاجی مەحموود نەشیشاردەوە کە ناڕەزایەتییەک هەیە دژ بە بڕیارەکە لەناو ئەنجوومەنی نوێنەراندا و لەم بارەیەوە گوتی: "مەترسی ئەوەمان هەیە لە دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق تانە لە بڕیارەکە بدەن و، ئومێدەوارم هەموو ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە گەورەیی کارەساتی هەڵەبجە بڕوانن و تایبەتمەندییەک بدەنە قوربانییانی هەڵەبجە و خەڵکەکەی، هەروەها لایەنی جێبەجێکاریی حکوومەتی عێراقیش موماتەڵە نەکەن بە کاری کارگێڕی و ئیدارییەوە و کات بەڕێنەکەن و لەکاتی خۆیدا بەپێی ڕێکارە یاساییەکان هەنگاوەکان ببڕن و کارە یاساییەکان بە خێرایی تەواو بکەن".
عەبدوڵڵا حاجی مەحموود گوتیشی: "ئێمە وەکو حکوومەتی هەرێم، هەموو ئامادەکارییەکمان کردووە بۆ هەڵەبجە تەنیا ماوەتەوە کە حکوومەتی عێراق بڕیارەکە تەبەنی بکات و، بێگومان ئەمە دەبێتە مایەی متمانەیەکی زۆر لە نێوان خەڵکی هەرێم و عێراق، هەروەها دەبێتە مایەی متمانەیەکیش بۆ پێکەوەژیانی گەلانی عێراق بۆ دەرەوە".
لەبارەی قەرەبووکردنەوەی قوربانییانی هەڵەبجە، عەبدوڵڵا حاجی مەحموود گوتی: "بابەتی قوربانییانی هەڵەبجە، کاتی خۆی لە دادگای باڵای تاوانەکان یەکلاییبووەتەوە کە ئەمە جینۆسایدە. پەرلەمانی عێراق بڕیاری بۆ دەرکردووە بەڵام حکوومەتی عێراق نەیتوانیووە بەیەکچاو سەیری پرسی گەلانی عێراق بکات. ئێمە ئەوەندەی چاومان لە پرسەکەیە ئەوەندە چاومان لە قەربووەکە نییە. دەمانەوێت لە مەترسی دووبارە جینۆسایدبوونی خەڵکی کوردستان ڕزگارمان ببێت. هیوادارم حکوومەتی عێراقیش بێتە سەر هێڵ بۆ قەرەبووکردنەوەی خەڵکی هەرێم".
دوێنێ دووشەممە، لە دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە ئامادەبوونی ١٨٧ پەرلەمانتار، بەپارێزگابوونی هەڵەبجە خرایە دەنگدانەوە و پەسەندکرا و بەمەش هەڵەبجە بووە ١٩هەمین پارێزگا لە عێراق.