وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان: "لە یانە و کافتریا و شوێنی یارییەکان نێرگەلەکێشان قەدەغەیە"
- وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان: "سەرجەم هۆڵەکانی سینەما لە شارەکانی هەرێمی کوردستان دادەخرێت، رۆژانی پێنجشەممە و هەینی و شەممە، سنووری هەرێمی کوردستان لەگەڵ شارەکانی دیکەی عێراق دادەخرێت".

Arbil
هەولێر AA
وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا ژمارەیەک رێکار و رێنمایی نوێی بۆ خۆپارێزی لە تەشەنەسەندنی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بڵاوکردەوە و تیایدا داوا لە هاووڵاتییان دەکات پابەندی رێنماییە تەندروستییەکان بن.
لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتی ناوخۆدا هاتووە "بەردەوام بوون لەسەر جێبەجێکردنی رێکارە خۆپارێزییەکان کە دیاریکراون لە بەستنی ماسک و پاراستنی دووری کۆمەڵایەتی لە ناوەندەکانی خوێندن و مۆڵ و بازاڕ و شوێنە گشتییەکان، کۆڕ و کۆبوونەوە و بۆنە ئایینی و کۆمەڵایەتییەکان و دانانی پرسەی مزگەوت و ناو خێمە و چوونە سەرقەبران قەدەغەیە".
وەزارەتی ناوخۆ راشیگەیاندووە "پێویستە کافتریا و چێشتخانەکان لە باخچەکانیاندا خزمەتگوزارییەکان پێشکەش بکەن و ئەوانەی باخچەشیان نییە لە ژوورەوە ژمارەی میوانەکانیان سنووردار بکەن و سەرجەم دەرگا و پەنجەرەکانیش کراوەبن".
هەروەها راشیانگەیاندووە "لە یانە و کافتریا و شوێنی یارییەکان نێرگەلەکێشان قەدەغەیە و دەبێت لە کاتژمێر ١٢ی شەو بۆ شەشی بەیانیش شوێنەکانیان داخراوبێت".
وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان راشیگەیاندووە "هۆڵەکانی سینەما لە سەرجەم شارەکان و لەنێو مۆڵ و بازاڕەکان بەبەردەوامی دادەخرێن و سنووری هەرێمی کوردستانیش لەگەڵ شارەکانی دیکەی عێراق لە رۆژانی پێنجشەممە و هەینی و شەممە،بەتەواوی دادەخرێت و تەنیا رێگە بە هاتوچۆی شاندە فەرمییە حکوومی و دیپلۆماسییەکان دەدرێت".
راشیانگەیاندووە "هاتوچۆی بازرگانی لە دەرواززە سنوورییەکان و لەگەڵ پارێزگاکانی دیکەی عێراق بەردەوام دەبێت بە لەبەرچاوگرتنی تەواوی رێکارە خۆپارێزییەکان".
وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان راشیگەیاندووە لە رۆژی ١٠ی ئادار جارێکی دیکە لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا کۆدەبێتەوە و بەپێی هەڵسەنگاندنی دۆخەکە بڕیاری نوێ دەدرێت.
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن