هەولێر.. بەبۆنەی خانەنشینبوونی رێز لە هونەرمەند زاهیر عەبدوڵڵا گیرا
- زاهیر عەبدوڵڵا وەک شانۆکار و ئەکتەر لە چەندین شانۆ و درامادا بە درێژایی ٥٠ ساڵی رابردوو بەشداریی کردووە، هاوکات جگە لە کاری هونەریی، کۆمەڵێک چیرۆکی نووسیووە و بڵاویکردووەتەوە.

Arbil
ههولێر - AA
ئەمڕۆ سێيشەممە، بەبۆنەی تەواوکردنی خزمەتی وەزیفییەوە، وەزارەتی رۆشنبیری هەرێمی کوردستان لە رێوڕەسمێکدا رێزلێنانی بۆ هونەرمەند زاهیر عەبدوڵڵا ئەنجامدا و دیاری رێزلێنان لەلایەن وەزارەت و هونەرمەندانەوە پێشکەش کرا.
زاهیر عەبدوڵڵا وەک شانۆکار و ئەکتەر لە چەندین شانۆ و درامادا بە درێژایی ٥٠ ساڵی رابردوو بەشداریی کردووە، هاوکات جگە لە کاری هونەریی، کۆمەڵێک چیرۆکی نووسیووە و بڵاویکردووەتەوە، هەروەها لە پاڵ کاری هونەریشدا لە سهرهتای هەشتاکانی سەدەی رابردوودا، بەهۆی کاری سیاسییەوە ماوەیەک لەلایەن حکوومەتی بەعس دەستگیر دەکرێت و دوای چەند مانگێک ئازاد دەکرێت.
لەئێستادا هونەرمەند زاهیر عەبدوڵڵا کە بەهۆی تەمەنیی یاسایی خانەنیشین بووە ماڵئاوایی لە شوێنی کارەکەی دەکات و بەم بۆنەیەشەوە وەزارەتی رۆشنبیری حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە هونەرمەندان و کەسوکارەکەی لە رێورەسمێکدا رێزلێنانی وەزارەتی و چەپکەگوڵی وەفاداری پێ بەخشی.
لە سەرەتای رێوڕەسمەکەدا، بریکاری وەزارەتی رۆشنبیری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سالار عوسمان گوتی: "ئێمە لە بۆنە و چالاکییەکی مانادار ئامادەین، ئەویش رێزگرتنە لەو کەسانەی کە بە نیشتمانەوە ماندووبوون، کۆبوونەوەیە لە ئاست کەسایەتییەک کە بەتەنیا هونەرمەند نییە، بەڵکو لە پاڵ هونەرمەندیی کەسێکی نووسەر و رۆشنبیر و چیرۆکنووس و کەسێکی کۆمەڵایەتیی بوێرە کە لەگەڵ خۆیدا دەستی هاوژینەکەی دەگرێت بۆسەر تەختی شانۆ و بە هەموومان دەڵێن 'کۆمەڵگا بەیەکەوە دەتوانێت گۆڕانکاریی دروست بکات و بەتەنیا پیاو ناتوانێت بەشێک بێت لە گۆڕانکاری'، بۆیەش کەسایەتی وا گرنگ دەبێت لە وێستگە جیاجیاکان یادیان بکەینەوە و رێزیان لێ بگرین و مەدالیای خۆشەویستیی بە گەردنییانەوە بکەین".
سالار عوسمان گوتیشی: "زاهیر عەبدوڵڵا فەرمانبەری وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان بوو کە کتێبخانەی گشتیی هەولێری بەڕێوەبردووە و شانازی پێوە دەکات و کارکردنی ناوبراو لەو شوێنە هەنگاوێکی گرنگ بوو بۆ پەرەپێدانی بواری خوێندن".
هونەرمەند زاهیر عەبدوڵڵا گوتی: "خانەنشینی قۆناغێکە لە قۆناغەکانی ژیان، بەو مانایە نییە کە مرۆڤ واز لەخۆی بهێنێت، من بەڵێنتان پێ دەدەم لە جاران جوانتر کار بکەم، شانازی دەکەم کە فەرمانبەر بووم لە وەزارەتی رۆشنبیری، هاوکات هونەرمەندیش بووم و موڵکی نەتەوەیەکم، جگە لەو چەند ساڵەی خزمەتی هونەریی، توانیوومە لە ماوەی نزیکەی شەش ساڵ خزمەتی خوێنەرانی شاری هەولێر بکەم بەتایبەت ئەو قوتابییانەی کە پێویستییان بە کتێب و سەرچاوە بوو".
زاهیر عەبدوڵڵا گوتیشی: "دوای ٦٣ ساڵ تەمەن، خاوەنی باخچەیەک و کتێبخانەیەکم لەماڵ و لەگەڵ خێزانەکەم خزمەتییان دەکەین و هیوادارم هەمووتان لە ماڵەوە باخچەیەک و کتێبخانەیەکتان هەبێت".
هونەرمەند زاهیر عەبدوڵڵا لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئێمه دهتوانین بهخۆشهویستی ههموو داهێنانێك بكهین و بهڵێن دهدهم دوای خانهنشینی كاتهكانی خۆم بۆ كاری هونهری تهرخان بكهم و ئێستاش رۆمانێكم لهبهردهسته بهناوی 'رهحهته لوقم' لهم زووانه بهچاپی دهگهیهنم، ناوهڕۆكهكهی باس له كوڕێك دهكات كه ئێشوئازاری زۆر دهبینێت و باوك و دایكی شههید دهبن و دوایش لهسهر كێله بهفرێك رهق دهبێتهوه و گیانلهدهست دهدات''
هەروەها هونەرمەند شیرین سابیر هاوسەری زاهیر عەبدوڵڵا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لهم رۆژهدا ههست بهخۆشی دهكهم و ئهمه ژیانێكی دیكهی پێ دهبهخشێتهوه و ئهمه ماڵئاوایی نییه، بهڵكو دهستپێكی ژیانێكی دیكهیه، ئێمه كاتی خۆی كه دهستمان به هونهر كرد، هونهری كوردی جۆرێك بوو، ئێستاش داوام لهوانهیه كه دهرچووی پهیمانگای هونهرهجوانهكانن بهشێوهیهكی پراكتیكی كارهكانی خۆیان بكهن و هیوادارم حكوومهتی ههرێم پهره به وزهی ئهوانه بدات كه دهیانهوێت یارمهتی هونهریی كوردی بدهن''.
لە رێوڕەسمەکەدا، ژمارەیەک هونەرمەند و رۆژنامەنووس و کەسوکاری هونەرمەند زاهیر عەبدوڵڵا، چەپکەگوڵی وەفاداراییان پێشکەش بە هونەرمەند زاهیر عەبدوڵڵا کرد و بەڕوویەکی گەشەوە شوێنی کارەکەی بەجێهێشت.
هونەرمەند زاهیر عەبدوڵڵا خدر لە ساڵی ١٩٥٨ لە گەڕەکی تەیراوەی شاری ھەولێر لە دایک بووە، قۆناغەکانی سەرەتایی و ناوەندی لە ھەولێر خوێندووە و بەشی کارەبای لە ئامادەیی پیشەسازی ھەولێر تەواوکردووە.
لە ساڵی ١٩٧٢ بۆیەکەمجار بەشداری شانۆگەرییەک دەکات بەناوی "ئەنجامی پوڵپەرستی"، هەروەها بەشداری دەیان شانۆگەریی و دراما و فیلمی سینەمایی کردووە.
جگە لە کاری هونەری لە ناوەڕاستی حەفتاکانەوە دەستی بە چیرۆکنووسین کردووە و کۆمەڵە چیرۆکێکی بەناوی "خەرەند" بڵاوکردووەتەوە.
لە ساڵی ١٩٨٠ ژیانی هاوسەری لەگەڵ شیرین سابیر پێکدەهێنن و بۆ یەکەمجاریش لەساڵی ١٩٨٤ دەستی هاوسەرەکەی دەگرێت و دەیباتە سەر تەختی شانۆ و دواتر لە چەندین دراما و فیلمدا بەیەکەوە رۆڵ دەبینن.
هونەرمەند زاهیر عەبدوڵڵا خاوەن سێ کوڕ و دوو کچە.
هونەرمەند زاهیر عەبدوڵڵا بەشداری دەیان شانۆگەریی و درامای کردووە کە دیاترینییان درامای "هەبوو نەبوو" بوو کە یەکێکە لە کارە جوانەکانی و زۆر کاردانەوەی گەورەی لەنێو خەڵکدا ھەبوو، ھاوکات کۆمەڵێک ھونەرمەند لە رێگای ئەم کارەوە چوونە نێو خەڵک، لەوانەش زاھیر عەبدوڵڵا بوو کە بە رۆڵی عومەر چاوچنۆک بەشداری ئەم کارەی کردووە.
هونەرمەند زاهیر عەبدوڵڵا لە ساڵی ١٩٧٩ کاتێک قوتابی ئامادەیی پیشەسازی دەبێت، سوود لە حەیرانێک وەردەگرێت و وەکو شانۆ نامەیەک دەینووسێتەوە دەیکاتە شانۆگەریەک بەناوی "محەمەد و سێوێ" و دواتر لە تەلەڤیزیۆنی کەرکووک شانۆگەرییەکە تۆمار دەکەن و لە ناوەڕاستی تۆمارکردنە ھونەرمەند زاھیر عەبدوڵڵا بەهۆی پەیوەندی بە رێکخستنەکانی کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستانەوە، لەلایەن رژێمی بەعس دەستگیردەکرێت و ناتوانێت زیاتر درێژە بە رۆڵەکەی بدات لە شانۆگەرییەکەدا و دوای چوار مانگ لە دەستگیرکردنی ئازاد دەکرێت.
دواتر لە ساڵی ١٩٨٩ بەشداری لە تەمسیلی "کەونە دەرکە" دەکات و لە ساڵی ١٩٩١ یەکێک بووە لە دامەزرێنەرانی تەلەڤیزیۆنی گەلی کوردستان کەناڵی ھەولێر و لە ساڵی ١٩٩٣ بەشداری زنجیرە تەمسیلی "کەوەکانی قەرەچووخ" دەکات کە رۆڵی کوڕی ئاغا دەبینێت و ستەم لە دانیشتوانی گوندەکەی دەکات و لە ساڵی ٢٠٠٧ بووەتە بەڕێوەبەری کتێبخانەی گشتیی ھەولێر و ماوەی شەش ساڵ لەم پۆستەدا خزمەتی کردووە.
هونەرمەند زاهیر عەبدوڵڵا ساڵی ٢٠١٩ کتێبێکی بیرەوەریی بڵاوکردەوە بەناوی "تەیراوە هەربە پیاسە" کە تیایدا باسی سەردەمی منداڵی خۆی دەکات تا رۆژی راپەڕینی ساڵی ١٩٩١ و لەم کتێبەدا هەوڵی داوە واقیعی ژیانی خۆی بنووسێتەوە و لە ئێستاشدا دوای خانەنشینبوونی خەریکی نووسینی رۆمانێکە بهناونیشانی "رهحهتی لوقم" كه له ماوهیهكی نزیكدا بهچاپی دهگهیهنێت.
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن