عێراق

هەنجیرى دەڤەری ئاکرێ بەناوبانگترین جۆرى هەنجیر

- لە سنووری قەزاى ئاکرێ ساڵانە نزیکەى سێ هەزار تۆن هەنجیر بەرهەم دەهێندرێت لە ١٠ جۆرى جیاواز کە هەر جۆرێکیان تایبەتمەندى خۆی هەیە، تامەکەى بەجۆرێکە کە لە سەرتاسەرى هەرێم و عێراق و چەند وڵاتێکى ئەورووپا خواستى لەسەرە.

Azad Mohammed Abdullah   | 20.09.2019
هەنجیرى دەڤەری ئاکرێ بەناوبانگترین جۆرى هەنجیر

Dahuk

ئاکرێ - ِAA

زیاتر لە ٧٢٠ دۆنم زەوى لە سنووری قەزای ئاکرێ بە داری هەنجیر داچێنراوە و بەگوێرەى ئامارەکانى وەزارەتى کشتوکاڵ زیاتر لە ٢٤ هەزار دار هەنجیر لە سنوورى قەزاى ئاکرێ بوونى هەیە.


هەنجیرى ئاکرێ تام، بۆن و شێوەى لەگەڵ هەنجیرى شوێنەکانى دیکەى هەرێمى کوردستان و عێراق جیاوازە و هەر ئەمەیش وایکردووە دانیشتوانى عێراق و گەشتیارانى بیانى هەنجیرى ئاکرێ لەگەڵ خۆیاندا بۆ وڵاتەکەیان ببەنەوە.

خاوەن باخى هەنجیر، سوهەیب ئاکرەیی بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو گوتى: "هەنجیرى باخەکەمان لە جۆرى ئەحیا بەگە کە یەکێکە لە جۆرەکانى هەنجیرى ئاکرێ، هەموو جۆرە هەنجیرەکانى ئاکرێ تام و بۆنێکى خۆش و شێوەیەکى جیاوازییان هەیە، ئەمەیش بۆ گونجاوى کەشوهەوا و شارەزایی جووتیارەکانمان دەگەڕێتەوە".

ئەو خاوەن باخە سەبەتەیەکى لە دار دروستکراو و گۆچانێکى دار بۆ لێکردنەوەى هەنجیر بەکاردەهێنێت لە هەر داریک چەند هەنجیرێک دەخاتە نێو سەبەتەکەوە و ئاماژەى بەوەشدا کە لە هەفتەیەکدا سێ رۆژ بەیانى زوو بەرهەمى هەنجیرەکانیان دەڕنن.

سوهەیب ئاکرەیی دەڵێت "تام و شێوە تایبەتەکەى هەنجیرى ئاکرێ وایکردووە خواستى زۆرى لەسەر بێت لە سەرتاسەرى هەرێمى کوردستان و عێراق و تەنانەت چەند وڵاتێکى ئەورووپاش".

باخەوانانى ئاکرێ ساڵانە دەیان تۆن هەنجیر وشک دەکەنەوە و تاوەکو هاووڵاتییان لە شەوچەرە وەرزى زستاناندا سفرەکانیان پێ بڕازێننەوە، هەروەها مرەباش لە هەنجیر دروست دەکەن.

خالد وەلید فرۆشیارێکى قەزاى ئاکرێ-یە و دەیان سندوق هەنجیرى بۆ کڕیاران خستووەتەڕوو بانگ دەکات هەنجیرى ئاکرێ خۆشترین هەنجیرى ناوچەکە، لەبارەى بازاڕى هەنجیر بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو گوتى: "هەنجیرى ئاکرێ تایبەتترین و بەتامترین جۆرى هەنجیرە، هاووڵاتییان لە پارێزگاکانى هەولێر، سلێمانى و هەڵەبجە لە هەرێمى کوردستان و لە پارێزگاکانى بەغدا و مووسڵ هاتوون هەنجیرى ئاکرێ-یان کڕیوە".

دەشڵێت "مانگە نزیکەى ٤٠ تۆن هەنجیر لە ئاکرێ دەفرۆشرێت و بەشێک لە کڕیاران لە وڵاتى فەڕەنسا و ئەڵمانیاوە دێن، بە بەتامترین جۆرى هەنجیر هەژمارى دەکەن".

ماڵپەری ئاژانسی ئانادۆڵۆ، بەشێک لەم هەواڵە ئابۆنانەی کە بڵاوکراوەتەوە لە لیستی هەواڵەکانی ئاژانسی ئانادۆڵۆ، کورت و پوخت دەکرێت ئینجا بڵاودەکرێتەوە، بۆ ئابۆنەوە کردن تکایە پەیوەندی بکەن.
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın