هەرێمی کوردستان داوا دەکات بەغدا لەسەر بنەمای ١٤.١ی دانیشتووانی هەرێم بوودجەی بۆ دابین بکات
- ئەنجوومەنی وەزیران داوا لە حکوومەتی فیدڕاڵ دەکات بەشە بوودجەی هەرێمی کوردستان بەپێی ڕێژەی ١٤.١ی سەرژمێری گشتیی دانیشتووانی عێراق بنێرێت.
Arbil
هەولێر - AA
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، دۆخی دارایی هەرێم و پابەندیی دارایی هەردوو حکوومەتی فیدراڵ و هەرێم بەرامبەر یەکتر، چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە و ڕێکخستنەوەی هێزەکانی تاوتوێ کرد.
ئەنجوومەنی وەزیران ڕایگەیاند، کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنەکە بەسەرپەرشتی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی جێگرەکەی قوباد تاڵەبانی بەڕێوەچوو.
بە پێی ڕاگەیاندراوەکە، دۆخی دارایی هەرێمی کوردستان و ئاکامی کۆبوونەوەی تیمی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵ و هەرێم و پابەندییەکان بەرامبەر یەکتر، لەلایەن وەزیری دارایی و ئابووری ئاوات شێخ جەناب و ئەندامانی دیکەی شاندی دانوستانکار خراوەتە ڕوو.
لەم بارەیەوە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم داوای لە بەغدا کردووە بوودجەی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی بوودجەی گشتیی فیدراڵ بە پێی ڕێژەی ١٤.١ی سەرژمێری گشتیی دانیشتووانی عێراق بنێرێت و ئەوەش دوای ئەو پابەندییە داراییەی کە هەولێر بەرامبەر بەغدا جێبەجێی کردووە.
تەوەری دووهەمی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم چاکسازییەکان لە وەزارەتی پێشمەرگە، ڕێکخستنەوەی هێزەکان و پەیکەربەندیی نوێی هێزەکانی پێشمەرگە بووە و دوای هەڵسەنگاندن، ئەنجوومەنەکە پێزانینی خۆی بۆ ڕۆڵی سەرۆکایەتی هەرێم، وەزارەتی پێشمەرگە و هەروەها هاوبەشە نێوەدەوڵەتییەکان بۆ یارمەتیدانی پڕۆسەکە دەربڕیوە.
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان هەروەها بڕیاریداوە بە لێخۆشبوونی ڕێژەی لەسەدا ٢٠ لە سزاکانی سەرپێچی هاتووچۆ بۆ ماوەی شەش مانگی دیکە واتا تاکوو ڕێکەوتی ٣٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٦.
